عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا و سەركردە لە ئەنەكەسەدا دەڵێت: پەیەدە لەژێر ناوی یەكڕیزی پارتەکانی كورددا یاری بە كات دەكات و پابەندی بەڵێن و ڕێككەوتنەكان نییە. تا ئێستاش ١٨ ئەندامی ئەنەكەسە لە گرتووخانەكانی پەیەدەدان و چارەنووسیان نادیارە. یەكڕیزی پارتەکانی كورد كاتێك پێک دێت کە لایەنەكانی دیكەش كورد بن، بەڵام ئەوەی تێبینیمان كردووە پەیەدە خۆی لە كوردبوون داشووریوە و دەستبەرداری دۆزی كورد لە سووریا بووە، بەپێی بەرژەوەندییەكانی ڕژێمی سووریا و توركیا ھەڵسوكەوت دەكات، بۆیە بەدووری دەزانین پەیەدە نیەتی ھەبێت بە جیدی كار بۆ یەكڕیزی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان بكات.

ئاپۆ لەدرێژەدا وتی: پێشتر پەیەدە سێ جار لە ڕێكکەوتنەكانی ھەولێر ١ و ٢ و دھۆك تاقی كراوەتەوە كە لەژێر سەرپەرشتی بارزانیدا واژۆ كران، بەڵام بەداخەوە پەیەدە پابەندی ڕێككەوتنەكە نەبوو و ئێمە پەكەكە بە ھۆكاری تێکچوونی ڕێككەوتنەكە دەزانین. تا پەیەدە لەژێر ھێژمۆنی قەندیلدا بێت، یەكڕێزی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان سەر ناگرێت، ئەوەی ئێستا پەیەدە بانگەشەی بۆ دەكات، یەكڕیزی نییە، بەڵکو كوشتنی كاتە و بەكارھێنانی ئەو وشەیەیە بۆ بەرژەوەندی خۆی. ئێستا ١٨ ئەندام و لایەنگرمان لە گرتووخانەكانی پەیەدەدان و چارەنووسیان نازانین، لەو دەستگێركراوانە ١٠ كەسیان كادیری ئێمەن و ٨ كەسی دیكەیان ئەفسەری پێشووی ڕژێمن كە وازیان لە ڕژێم ھێناوە و پەیوەندییان بە ڕێكخستنەكانی ئێمەوە كردووە، بەڵام دوای ئەوەی پەیەدە زانی بوون بە ئەندامی ئێمە، دەستگیری كردن.

عەبدولڕەحمان لەکۆتاییدا وتی: قوربانی یەكەمی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەنەكەسە و ھاووڵاتیانی ڕۆژئاوان، چونكە پەیەدە لەگەڵ توركیا و ڕژێم و بەرەی نوسرە پەیوەندی ھەیە، بەڵام ئێمە و ھاووڵاتیانی ڕۆژئاوا لەلای ھەمووان وەك دوژمن سەیری دەكرێین. داوا لە پەیەدە دەكەم، واز لە سڕینەوەی مێژووی ڕۆژئاوای كوردستان بھێنێت و دوور كەوێتەوە لە كرداری دوژمنایەتی بەرامبەر بە ھاووڵاتیان و ئەندامانی ئەنەكەسە و ڕفێنراوەكان ئازاد بكات.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی