لە رۆژی دووشەممەی رێكەوتی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ، كە نێچیرڤان بارزانی وەك دووهەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێرا، تارمایی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی بەسەر هەمو كوردستاندا، یان بەسەر زۆربەی كوردستاندا بوە راستیەكی رون.

***


لە دوای 1991 پارتی هەنگاو بە هەنگاو دەسەڵاتی خۆی چەسپاندوە، هیچ پۆستێكی گرنگ نییە لە كوردستان كە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیەدا نەبێت.. ئەم دەستبەسەراگرتنەی دەسەڵات، لە رێگای (شەرعی و هەڵبژاردنەوە) ئەنجامدراوە. هەمو پۆستە گرنگەكانی حكومەت و دەرەوەی حكومەت لەژێر دەسەڵاتی ئەواندان، ئەوە (بارەگای بارزانی، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، دەزگای ئاسایش، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، پەیوەندیەكانی دەرەوە و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان)، باشە ئەگەر حكومەتێك ئەم هەمو دەسەڵات و پۆستە گرنگانەی لابێت..ئیتر وەزارەتی تری بۆچییە؟، خۆ ئەگەر یەكێتی و گۆڕان شەڕ لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یان وەزیرێك یان بەڕێوەبەرێكی گشتی بكەن..بێگومان پارتی زۆر بە خۆشییەوە ئامادەیە داخوازیەكەیان زۆر بە زیادەوە قبوڵ بكات (وەك چۆن ئەو پۆستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت زیادترە لە ژمارەی كورسیەكانی لە پەرلەماندا)، لەبەرئەوەی وەزارەتەكە هی خۆیەتی، با وەزیر هی خۆی نەبێت.

***


زۆر كەس لەو بڕوایەدایە، پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم كە دراوە بە پارتی یان راستتر، دراوە بە بنەماڵەی بارزانی، ئەوا نێچیرڤان بارزانی یەكێكە لەو كەسانەی كە شایستەی ئەو پۆستەیە لەناو ئەو بنەماڵەیەدا، سەرەڕای ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان ئاوڕ لە ساڵانی دەسەڵاتی ئەو ئەدەنەوە، هەستیان نەكردوە كە لە سەردەمی ئەودا یەكسانی كۆمەڵایەتی هەبوبێت، كەس نەیبینی كە كەسانی گەندەڵ و دزی سیاسی و ئیداری ئەم هەرێمە بدرێن بە دادگا و هاووڵاتیان بە چاوی خۆیانەوە ئەو دزانە بە كەلەپچەوە ببینن، نەیانبینی دزێكی گەورە، لە هەرەمی هەرسێ دەسەڵاتە بەرزەكە، وەزیرێك یان بریكارێك، بەڕێوەبەرە گشتیەك، دەسترۆیشتوانی بنەماڵە حیزبیەكان، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و كادیری سەربازی و سیاسی دیاری حیزبەكان و خزم و كەسوكاریان زیندانی بكرێن..ئایە گەندەڵی و دزی لە ماڵ و موڵكی حكومەت هەبوە، ئەگەر هەبوە كوا ئەنجامەكانی؟

***


هەر لەم سەردەمەدا دەسەڵاتی حیزب بەسەر هەمو بوارەكانی كۆمەڵگادا زیادی كردوە، لە حكومەت و دەرەوەی حكومەت، سیستەمی دادوەری و خوێندن، پاشەكشەی كردوە و كەم بوار هەیە لە حوكمڕانی مۆركی حیزبی پێوە دیار نەبێت، هەروەها هیچ كارێك لە بواری ئیداری و ئابوری و دارایی و سیاسیدا ئەنجام نادرێت، ئەگەر هاتو ئەندامی حیزبێكی دەستڕۆیشتو نەبیت و كەسوكارت كەسە دیارەكانی حیزبەكانی دەسەڵات نەبێت، یاخود راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ نەبێت بە شەریكیان. هەروەها لەم سەردەمەدا ئازادی رادەربڕین ئازادی تاكە كەسی بەرتەسكیەكی دیاری بەخۆیەوە بینیوە.
بەڵام ئەوەی كە لە رۆژی 10-6دا روی دا، زۆر كەسی توشی نائومێدی كرد..ئەو ئاهەنگە، كە تەنها لە هەندێ وڵاتی رۆژهەڵاتی دواكەوتو ئەبینرێت بۆ دەستبەكاربونی سەرۆك، كۆمەڵێك راستی چەسپاند لەوانە:
1- وتاری یەكەم، كە مەسعود بارزانی بە كورتی پێشكەشی كرد، ئەو راستیەی چەسپاندن كە ئەو وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو وتارەی نەخوێندەوە و هەر بەو ناوەش پێشكەش نەكرا، بەڵكو وەك (سەرۆك)ی كوردستان وتاری خوێندەوە و وەك (مەرجەعێك) بۆ هەمو گەلی كورد.
2- پیاهەڵدانی زۆری بارزانی لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی-یەوە، بۆ ئەوە بو كە نیشانی هەمولایەكی بدەن ئەو سەرۆكی هەمو گەلی كوردستانە، ئەبێت هەمولایەك سوپاسی ئەو بكەن كە ئەم دەسكەوتانەی بۆ گەلی كورد هێناوەتە دی!.
3- فەرامۆشكردنی بە ئەنقەستی رۆڵ و مێژوی خەباتی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، سەرەتای هەوڵێكە بۆ سڕینەوە و لەبیركردنی رۆڵی هەمەلایەنەی ئەو دوو سەركردەیە.
4- فەرامۆشكردنی تەواوی رۆڵی پەرلەمانی كوردستان (ئەو ئاهەنگە، دانیشتنی رەسمی و یاسایی پەرلەمانی كوردستان) بو، ئەوەی نە باسكرا و نە دیار بو، باسی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان بو، ئەمە ئاماژەیەك بو كە حیزب لەم وڵاتەدا دەسەڵاتداری یەكەمە و حیزبیش دامەزراوەیەكی مەدەنی نییە و پەرلەمان هاوكار و یاریدەدەری ئەو دەسەڵاتەیە و هەبونیان یان نەبونیان هیچ لە واقیعی سیاسی ئیمڕۆی كوردستان ناگۆڕێت. جگە لە بەهەدەردانی بودجەیەكی زەبەلاح نەبێت بۆ دەزگایەكی مردو.
5- چاوەڕێ دەكرا كە نێچیرڤان بارزانی، هەر هیچ نەبێت، هێڵی سەرەكی سیاسەتی ئایندەی حوكمڕانی خۆی دەستنیشان بكات.{…}

نووسینی: سەڵاح رەشید

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی