یاووز ئاغر عەلی ئۆغلوو وتەبێژی پارتی باشی تورکیا لەلێدوانێک دا رەخنەی لە قسەکانی پەروین بوڵدان گرت کە وەک هاوسەرۆکی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان هەدەپە لەچوارەمین کۆنگرەدا هەڵبژێردرا وتی: ئەگەر هەدەپە دەیەوێت ببێتە پارتێکی تورکیەیی پێویستە پەکەکە وەک گرووپێکی تێرۆریستی ناوەزەد بکات.
ئۆغڵوو وتوویە: دەبێت هەم پەکەکە وەک تێرۆریست پێناسە بکەن و هەم عەبدۆڵا ئۆجالانیش وەک سەرۆکی تێرۆریستان ناودێر بکەن.
ماڵپەڕی هابر 7 نووسی ئەم وتەبێژە لەدرێژەدا لەبارەی جەهەپەش وتی: دەبێت هەرچی زووتر لەبارەی هەدەپە و لێدوانەکانیدا هەڵوێست بنوێنێت. هەدەپە پارتێک نییە کە لەنێو هاوپەیمانی ئێمەدا بێت. جەهەپەش دەبێت ئەمە باش بزانێت. ئێمە لێرەین و وەستاوین. هەڵسووکەوتی پارتەکەمان و سەرۆکی پارتەکە لەمبارەوە روونە. ئێمە لەشوێنێک کە سێبەری تێرۆریستی لێ بێت نامێنین.