هاووڵاتییەکی دانیشتووی کۆمەڵگەی خانەسۆر لە سنووری شاری شنگال ئاشکرای کرد، لە لایەن ئۆتۆمبێلێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە براکەی ڕفێندراوە.
ئیبراهیم حهجى سلیمان کە هاووڵاتییەکی کۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بە ناحیەی سنوونە لە سنووری شنگال، لەمبارەوە وتی: براکەی کە ناوی (ناجی)یە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چوونەتە ناحیەی سنوونێ و دوای گەڕانەوەیان، بێسەروشوێن کراوە. شایەدحاڵ هەن و گوتوویانە ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە براکەی لەگەڵ خۆیدا بردووە. بۆیە ”ئێمە داوامان لە پەکەکە کردووە، چارەنووسی براکەم ئاشکرا بکات، بەڵام هێشتا ئێمە نازانین چی بەسەر هاتووە“.
ناوبراو لەدرێژەدا وتی: براکەی ڕۆژی سێشەممەی رابردوو ١٠ی ئاداری ٢٠٢٠ ڕفێندراوە و تاوەکوو ئێستا بێسەروشوێنە. داوا دەکەین چیتر گەنجانی ئێزدی لەلایەن ئەو گرووپە سیاسییانەی لە شنگالن، نەڕفێندرێن.
ناجی حەجی سلێمان تەمەنی ٢٥ ساڵە و هێشتا نازاندرێت ئاخۆ پەکەکە بۆچی ئەو گەنجەی ڕفاندووە.
