هەفتەی رابردوو بینالی یڵدرم، بەربژێری ئاکپارتی
بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵ، کە بڕیارە رۆژی 23ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت،
سەردانی چەند شارێکی باکووری کوردستانی کرد و لە ئامەد دەستەواژەی کوردستانی
بەکارهێنا.
***
ئەوەش کاردانەوەی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست
(مەهەپە)ی لێکەوتەوە، لەکاتێکدا مەهەپە و ئاکپارتی هاوپەیمانن. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە رەتیکردەوە لە تورکیادا
“کوردستان” هەبێت و رایگەیاند؛ ئەوانەی نیازێکی وەهایان هەیە مەهەپە لە
بەرامبەر خۆیان دەبیننەوە.
***
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە توویتێکدا هەڕەشە لەو کەسانە دەکات کە دان بە بوونی کوردستان لە تورکیادا دەنێن و دەڵێت: لە تورکیادا کوردستان و لازستان نین، لەمەودواش نابن. ئەگەر کەسانێک نیازێکی لەم جۆرەیان هەبێت، ئەوان وەکو هەمیشە بزووتنەوەی نەتەوەپەرست – نیشتمانی لە بەرامبەر خۆیاندا دەبیننەوە. لە قسەی خۆمان پاشگەزنەبووینەتەوە و سازشمان لەسەر خۆشەویستییەکەمان نەکردووە. رێگەمان نەدا رەسەنێتیمان پەرتەوازە بکرێت. دوێنێ و ئەمڕۆش هەمان هەڵوێستمان هەیە.