رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لە خراپبوونی بارودۆخی کوردستانی سوریا و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە، ئەوەش بەهۆی بڕینی بەردەوامی ئاو لە هەندێک ناوچە، کەمی خواردن و خراپبوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.

کەریم مەحموود، بەرپرسی نووسینگەی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە شاری حەسەکەی کوردستانی سوریا لەمبارەوە دەڵێت: کاریگەرییەکانی شەڕ، کەمی ئاو، کەمی خۆراک و دەرمان، کەمی کارەبا، خراپبوونی بواری ئابووری و لەدەستدانی دەرفەتی کار و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان هاوشێوەی کۆرۆنا، جێگەی نیگەرانییە بۆ ئەو ملیۆنەها کەسەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەژین.

هاوکات فابریزیۆ کاربۆنی، بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور رایگەیاند “مەترسی هەیە کە قەیرانە قووڵەکان خراپتربن، ئەوە لەکاتێکدایە کە سەرنجی جیهان لەسەر پەتای کۆرۆنایە”.

ئەو خاڵە سنوورییانەی لە رێگەیانەوە خۆراک و پێداویستیی دیکە دەگەیشتە سووریا و رۆژئاوای کوردستان کەمکراونەتەوە. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی ئەو دەروازە سنوورییانەی لە چوار دەروازەوە بۆ دوو دەروازە کەمکردەوە کە لە رێگەیانەوە خۆراک و پێداویستی دیکە دەگەیشتە سووریا و کوردستانی سوریا. یەکێک لەو دەروازانەی بەکارهێنانی راگیرا، بریتیبوو لە تل کۆچەر کە بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەکاردەهات، ئەو هەنگاوەش کاریگەری جیدی هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.

لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور باس لەوە دەکات، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا(باڵی سوری پەکەکە) 16 نەخۆشخانە هەن، بەڵام لەو ژمارەیە یەک دانەیان بەتەواوی چالاکە، لەکاتێکدا هەشتی دیکەیان نیمچەچالاکن و ئەوانی دیکەیان چالاک نین و خزمەتگوزاری تەندروستییان تێدا پێشکێش ناکرێت.

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە 50%ی خەڵک لە کوردستانی سوریا و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، بڕی پێویست لە خۆراکیان نییە و هۆکارێکی سەرەکیشی پەیوەندیی بەو شەڕانەوە هەیە کە لە چەند ساڵی رابردوودا لەو ناوچەیەدا بوون.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی