فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک
هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ناوچەکانی برادۆست، زاپ، کامپی پەنابەری شەهید
ڕۆستەمی مەخموو، شەنگال و گوندەکانی قەندیل. لە هێرشەکەی شەنگالدا نەخۆشخانەی گەلی سەردەشت و
چیای چلمێرا و گەلی شلۆ و کامپی ئاوارەکانی سمۆقیە بۆردومان کراون. لەقەندیلیش
هێرش کراوەتە سەر گوندەکانی، زارگەلی، کۆزینێ، باڵەیان، چیای درەبی و چیای ناسر،
بەپێی زانیارییەکان لە هێرشەکانی قەندیلیشدا زیانی گیانی نەبووە. لە
هەرێمی برادۆستیش گەلی لێتانی سیدەکان و چیای شەکیف و خنێرە کراونەتە ئامانج.
ئەو هێرشە دوای دیدارێکی شاندێکی میتی تورک و سەرۆک وەزیرانی
عێراق مستەفا کازمی و ئەمەریکایە. تا ئێستا حکومەتەکەی مستەفا کازمی و وەزارەتی دەرەوەی
عێراق هیچ هەڵوێستێکیان لەبارەی ئەو هێرشانەوە نیشان نەداوە، ڕۆژێک پێش هێرشەکە
مستەفا کازمی لەگەڵ فەرمانداری هێزە چەکدارەکانی عێراق و دەزگای ئاسایشی نشتیمانی
عێراق کۆبووەتەوە.
هەفتەی ڕابردوو
هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میتی تورک بەیاوەری وەزیری بەرگری تورک خلوسی
ئاکار بەنهێنی چووبووە بەغداد. بەپێی میدیا عەرەبیەکان
هاکان فیدان و شاندەکەی چاویان بە مستەفا کازمی و چەند کاربەدەستی ئەمەریکی و
پارتی کەوتووە لە بەغداد، فیدان و مستەفا کازمی پەیوەندیەکی ئیسخباراتی کۆنیان لەگەڵ
یەکدا هەیە.
دیدارەکەی فیدان لەگەڵ فەرماندە سەربازیەکانی ئەمەریکا لە بارەگایەکی
هێزە ئەمریکیەکان ئەنجامدراوە و نوێنەری چەند وڵاتێکی هەرێمیش کەناوەکانیان ئاشکرا
نەکراوە لە دانیشتنەکەدا هەبوون.
لە دیدارەکەدا تورکیا داوای کردووە ڕێگەی پێبدرێت بارەگا
سەربازیەکانی لە عێراق و هەرێم زیاتر بکات و لە هێرشی سەر پەکەکەدا هاوکاری بکەن