یەكێتی لە 21ی مانگی 12ی 2019 كۆنگرەی چوارەمی بەست، كە پێشتر بەپێی لێدوانی سەرکردەکانی، دەبوو ئەو كۆنگرەیە لە ساڵی 2014 ببەسترێت، بەڵام ئەو ساڵە و ساڵانی دواتر، ململانێ ناوخۆییەكان رێگر بوو لەوەی بڕیاری بەستنی کۆنگرە جێبەجێ بکرێت. یەکێتی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019دا کۆنگرەی خۆیی بەست، بەڵام تاوەکوو ئێستا نە پەیڕەوی ناوخۆی حزبی و نە سەرۆکی حزبەکە، کە هەردووکیان خاڵی جەوهەریی کێشەکانی یەکێتی بوون، یەکلانە نەبوونەتەوە.
ژمارەیەکی زۆری کاندید و سەرکردەی دیار و دێرین و هەروەها کادیری لاوی یەکێتییش کە پێیانوایە لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەدا فێڵ و ساختە کراوە و ئەوان بە ناحەق دەرنەچوون، بەرەیەکی ناڕازیان پێک هێناوە.
لەم بارەیەوە، چاودێران و تەنانەت بەشێک لە سەرکردەکانی پێشووی یەکێتیش، پێیان وایە، یەکێتی تاوەکوو ئێستا کۆنگرەی نەکردووە، ئەوەی کردوویەتی هەڵبژاردنێک بووە بۆ ژمارەیەک کەس بەناوی سەرکردایەتی یەکێتی، کە لە 121 کەس پێک هاتوون و هەریەک لە بەرهەم ساڵح، قوباد تاڵەبانی و رێواز فایەق، بە تەزکیە کران بە ئەندامی سەرکردایەتی، پرۆسەی هەڵبژاردنەکەی نێو کۆنگرەش، ناڕەزایی زۆری لێ کەوتووەتەوە و بەشێکی بەرچاوە لە ئەندامانی کۆنگرە، بە روون و راشکاوی دەڵێن: تەزویر لە بەرژەوەندیی گرووپێکی دەستڕۆیشتوودا کراوە.
ئێستا ژمارەیەک لەوانەى، کە ناڕازین و گومانیان لە هەڵبژاردنەکانى ناو کۆنگرەى یەکێتیدا هەیە، کە نزیکەی 250 ئەندام دەبن، بەشێوەیەکى یەکگرتوو و پێکەوەیی، وەک بەرەیەک هەنگاو دەنێن و داوایان لە هەریەک کۆسرەت رەسووڵ و مەلابەختیار کردووە، کە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵدا بکەن، تاوەکوو بەڕاشکاوى قسەی خۆیان بکەن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەپێچەوانەوە، هەڵوێستی توندیان دەبێت. ناڕازیبوون لە ئەنجامەکانى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى، یەکێکە لە هۆکارەکانى دواکەوتنى یەکەمین کۆبوونەوەى سەرکردایەتیى نوێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە بڕیار بووە ڕۆژى حەوتى ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، بەڵام تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەکە نادیارە.
بۆ کەسی یەکەمی یەکێتی، ململانێیەکى بەهێز لەنێوان هەریەک لە (لاهوور جەنگى و باڤڵ تاڵەبانی)دا هەیە و دەنگی زیاتری لاهوور جەنگی لە کۆنگرە لە باڤڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، ناکۆکییەکانی ماڵباتی تاڵەبانی قووڵتر کردووەتەوە، ئەگەر رێک نەکەون، ئەوا ڕەنگە بەرهەم ساڵح، یان فوئاد مەعسووم، بە کەسى یەکەمی یەکێتی دیارى بکرێت و دەسەڵاتەکانی کارتۆنی بێت و لەلایەن (لاهوور جەنگی و باڤڵ تاڵەبانی)یەوە هەڵبسووڕێنرێت.
لەو بارودۆخەشدا، چەندین سەرکردەی یەکێتی و کادیری باڵای ئەو حزبە دەڵێن، دەنگەکانمان لەو هەڵبژاردنەی یەکێتی بۆ سەرکردایەتی لە کۆنگرەدا کردوویەتی، دەستکاری کراوە. لەوانە، سالار مهحموود، ئهندامی كۆنگرهی چوارهمی یهكێتی كه له دوو خولدا ئهندامی پهرلهمانی كوردستانیش بووه، لە روونکردنەوەیەکیدا له فهیسبووك نووسیویهتی: له كۆنگرهی چوارهمی نوێبوونهوهی یهكێتیدا، متمانهی 333 ئهندامی كۆنگرهم هێناوه، واته له سێ دهنگدهری كۆنگره دهنگێك به من دراوە، بهڵام ئێستا دهرچووهكان رادهگهیهنرێن و یەدەگی یهكهمیش نیم. له كاتی جیاكردنهوهی دهنگهكاندا، كاندید ههبووه به 100 دهنگ لهدوای ئهوهوه بووه، بهڵام ئێستا خراوهته پێشیهوه.