شێخ مزاحم ئەحمەد حوێت گوتەبێژى ٢٨ هۆزى عەرەبى لە سنووری پارێزگاى نەینەوا و ناوچە جێناکۆکەکان وتي: “پەکەکە لە سنوورى قەزاى شنگال ١٥٠ تونێلى هەڵکەندووە و زیاتر لە ١٠٠ منداڵى لە هەموو پێکهاتەکان رفاندووە بەزۆرەملێ چەکدارى کردوون پەکەکە لە شنگال ئێستا خاوەنى پێنج سەربازگەى گەورەیە و هەر سەربازگەیەک ناوى هەزار چەکدارى تیادا تۆمارکراوە“.

 

كوردهوال: شێخ مزاحم ئەحمەد حوێت لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: “پەکەکە لە شنگال رۆژ دواى رۆژ پێگەى خۆى بەهێز دەکات و بەردەوام سەرگەرمى خۆ رێکخستنەوە و بەرفراوانکردنى دەسەڵاتى خۆیەتى لە ناوچەکە و لەئێستادا هەستاون بە هەڵکەندنى زیاتر لە ١٠٠ تونێل کە زۆینەى تونێلەکان دەکەونە لووتکەى چیاى شنگال و قەتپاڵى چیاکە و ژمارەیەک تونێلیش هەن لە ناوەندى قەزاکەدا”.

 

گوتیشى: “لە تونێلەکاندا دەیان جۆرى چەکى قورس، مامناوەند و سووکیان حەشارداوە، ئەو تونێلانەیان جگە لەوەى وەکو کۆگاى چەک و تەقەمەنى بەکاریدەهێنن هەروەها لە میانى بۆردومان و دۆخە هەستیارەکانیشدا چەکدارانى پەکەکە خۆیانی تیادا حەشاردەدەن”.

 

گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا و ناوچە جێناکۆکەکان دەڵێت “لەژێر چاودێرى سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق، حەیدەر عەبادى رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەى پەکەکە لە شنگال ببێتە خاوەن پێنج سەربازگەى گەورە، لەو سەربازگایەنەدا بەردەوام مەشق و راهێنانى سەربازى بەوکەسانە دەکرێت کە دەڕفێندرێن و بەزۆرەملێ دەکرێنە چەکدار، هەر سەربازگەیەک ناوى هەزار چەکدارى تیادا تۆمارکراوە، کۆى گشتى ناوە تۆمارکراوەکانى چەکدارانى پەکەکە لە شنگال پێنج هەزار چەکدارە، لەگەڵ ئەوەشدا سەدان چەکدارى دیکەیشیان لەگەڵدایە تا ئێستا ناویان تۆمارنەکراوە، بۆ ئاژاوەگێڕى و کوشتنى خەڵکى مەدەنی بەکاردەهێندرێن”.

 

شێخ مزاحم حوێت ئاشکراى دەکات کە پەکەکە زیاتر لە ١٠٠ منداڵى لە سنوورى قەزاى شنگال رفاندووە و بەزۆرەملێ چەکدارى کردوون و دەشڵێت “منداڵە رفێندراوەکان لە تەمەنى جۆراوجۆرن و تەنانەت منداڵى هەشت ساڵان و نۆ ساڵانیشیان لەنێودایە، ژمارەیەک لە منداڵەکان کوردى ئێزدین و ئەوانەى دیکەیش لە پێکهاتە جیاوازەکانى دیکەى سنوورى قەزاى شنگال و پارێزگاى نەینەوادان”.

 

حوێت ئاماژە بە گواستنەوەى منداڵە رفێندراوەکان لە شنگالەوە بۆ سووریا دەدات و دەڵێت “هەموو ئەو منداڵانەى کە لە لایەن پەکەکە رفێندراون بێ سۆراغکراون، ئەمەیش گومانى ئەوەى نەهێشتووە کە سەرجەم منداڵە رفێندراوەکان لە شنگاڵ راهێنانیان پێدەکرێت و دواى راهێنان چەک دەخرێتە شانیان و بۆ ژێر دەسەڵاتى هەسەدە/پەکەکە لە سووریا بەڕێدەکرێن”.

 

لەبارەى هاتوچۆى تیرۆریستانی پەکەکە لە نێوان شنگال و سووریا ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە هاتوچۆى بەردەوام لە نێوان سووریا و شنگال هەیە، ئاڵوگۆڕى سەربازى هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەیان خاڵى گومرکیان دروستکردووە باج و سەرانە لە خەڵکى بەش مەینەتى ناوچە سنوورییەکان وەردەگرن.

 

بەبیانووى رووبەڕوو بوونەوەى چەکدارانى داعش لە ئابى ساڵى ٢٠١٤ ژمارەیەک تیرۆریستی پەکەکە لە سووریاوە بەبێ مۆڵەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگە، دزەیانکردە قەزاى شنگال و تا ئێستا چەندین گرووپى چەکدارییان لەژێر چەترى گرووپى چەکدارى تیرۆریستی پەکەکە دامەزراندووە. وێڕاى ئەوەى چەندین جار لە لایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا و ئیدارەى قەزاى شنگال داواى دەرچوونى پەکەکە کراوە، بەڵام هێشتا لە سنوورەکە چالاکى جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی