ماڵپەڕی بولگارین میلیتاری لە بولگاریا کە پرسە سەربازییەکان تاوتوێ و شی دەکاتەوە ئیدیعا دەکات کە هێزە کوردییەکان هێشتا دەستیان لە هێرش کردن بۆ سەر سەربزیوانی سەربە تورکیا لە باکووری حەلەب هەڵنەگرتووە و لەمدواییانەشدا بە مووشەک بنکە و بارەگاکانی جەیشی ئەلوەتەنیە-یان لە ڕۆژئاوای شاری عەزاز کردۆتە ئامانج. ئەو ماڵپەڕە لەمبارەوە نووسی: شەڕی گریلایی نێوان هێزە کوردییەکانی سووریا کە وەک باڵی پەکەکە لەوێ دەناسرێن لە دەستپێکی هێرشی تورکیاوە بۆ سەر عەفرین تا ئێستا لەم ناوچەیەدا درێژەی هەیە و هێزەکانی پەکەکە دەستیان کردووە بە مووشەکباران کردنی بنکەی سەربزیوانی سەربە تورکیا لە باکووری حەلەب.
ماڵپەڕەکە ئیدیعا دەکات کە هێزەکانی پەکەکە لە ناوچەی تەلڕەفعەتەوە مووشەکەکانیان هاویشتووە و هێزی تورکیا و سەربزیوانی سەربەو وڵاتەش لە وەڵامدا بنکەی هێزە کوردیەکانیان بۆردوومان کردووە.
هەر لەمبارەوە ماڵپەڕی ڕووسی کراسنایا وسنا ڕایگەیاندووە هێزە کوردەکانی سووریا بنکەی سەربازانی تورکیا و سەربزیوانی سەربەو وڵاتەیان لە باکووری حەلەب کردۆتە ئامانج و دۆخەکە لەو ناوچەیەدا ئاڵۆزە.