شەڕێکی سەخت لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە چیای خامتیری لە نزیک گوندی شەرانشی زاخۆ دەستیپێکردووە و لە ترسی شەڕەکە چەندین گوندی ناوچەکە چۆڵکران و خەڵکەکەی ئاوارەبوون.
عەبدولڕەحمان محەممەد، هاونیشتمانییە و دەڵێت، “کەس لە شەرانشی نەماوە و رۆیشتن. ئەو شەڕە مەترسی لەسەر دروستکردووین و بەردەوام ناهێڵن ئاسوودە بین”.
ماڵێک 100 سەر مەڕوماڵاتیان لە گوندی شەرانشەوە گواستووەتەوە بۆ پشت شارۆچکەی دەرکار. مریەم دایکی شەش منداڵە و ناچارە لە دەوروبەری گوندەکە بمێنێتەوە.
مریەم ئیسماعیل دەڵێت، “ئاژەڵەکانمان شیریان نییە، ناچنە چیا. تۆپ و تەیارە ناهێڵن بچینە دەرەوە”.
سوپای تورکیا نزیکەی 10 بنکەی سەربازییان لەنێو سنووری باشووری کوردستاندا کردووەتەوە و زۆربەیان دەکەونە چیای خامتیر و هاوکاری سەربازەکانیان دەکەن.
زێرەڤان مووسا، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار لەمبارەوە وتی:”سوپای تورکیا 10 رۆژە ئۆپەراسیۆنی پەنجەی پڵنگی راگەیاندووە و لە هەردوو شارۆچکەی دەرکار و باتیفا قەدەخەی هاتووچۆی گوندەکان راگەیێندراوە”.
ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە دژی چەکدارانی پەکەکە نزیکەی 12 کیلۆمەتر بە درێژی و 12 کیلۆمەتر بە پانی جێبەجێ کراوە. بە هاتنی سوپای تورکیا و بەردەوامی شەڕ نزیکەی 50 گوند لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە دۆخێکی نائارامدان.
خەڵکی ئەم ناوچەیە زیاتر لەدوو دەیەیە کە خوازیاری ئەوەن پەکەکە شەڕەکە بباتەوە بەرماڵی خۆی و لەماڵە درواسێ نەیکا بەڵام پەکەکە گوێ نادات و هەر سوپای تورکیا بەدوای خۆیدا پەلکێش دەکات بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بە هۆیەوە خەڵکی ناوچەکە زەرەرمەند دەبن و لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا چەندین کەسیان لێ کوژراوە جگە لەوەی کە باخ و رەز و لەوەڕگەو و گوندەکانیان سووتاون یا خود خاپوور بوون.