رێبوار کەریم وەلی

دوای نزیکەی 12 ساڵ لە ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، لە 4ی ئاداردا، یەکێتی و پارتی جارێکی دیکە رێککەوتنێکی سیاسی و دابەشکاریی پۆستەکانیان ئیمزا کرد. لە کاتێکدا کە وا چاوەڕوان دەکرا یەکێتی دوای ئەو رێککەوتنە ئیتر بتوانێ خۆی ساغ بکاتەوە، بەڵام هەنگاوەکانی دواتری دەریخست کە ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنەش بەشێکە لە هەوڵی سیستەماتیکی ئەو حیزبە بۆ درووستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

***

یەکێتی لە 18ی شوباتدا، لەلایەن پارتی، گۆڕان و هێزە سیاسییەکانی دیکەی بەشدار لە پەرلەمان، سیحری کات کوشتنەکەی بەتاڵ کرایەوە، بۆیە کە دیتی کات لە دژی ئەو کار دەکات و هەڵەیەکی کوشندەی کردووە کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی وەرنەگرتووە، کەوتەخۆ. ئەوانەی لە 17ی شوبات (لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی) دەیانویست لەبەر یەک خاڵ، 18 خاڵی رێککەوتنەکە رەت بکەنەوە، لە 18ی شوبات و دوای بینینی بێمنەتیی پارتی، ویستیان هەڵەکە راست بکەنەوە؛ دیتیان خەریکە پارتی و گۆڕان بەبێ ئەوان نەک هەر یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم هەموار دەکەنەوە و سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێرن، بگرە بێ ئەوان حکومەتیش پێکدێنن. بۆیە کۆسرەت رەسوڵیان کردە واجیهەی رێککەوتن لەگەڵ پارتی. لە رواڵەتدا ئێستا کۆسرەت رەسوڵ سەرکەوتووە و ئیمزای خستووەتە سەر رێککەوتنێکی عادیلانە لەگەڵ پارتی، بەڵام پێچەوانەکەشی راستە کە ئەگەر سەرکردایەتی یەکێتی نەتوانێ رێز لەو ئیمزایە بگرێ و لەناوخۆی خۆیاندا نەتوانن رێکبکەون، سیحری ئەو ئیمزایەش بەتاڵ دەبێتەوە و بەهایەک بۆ مەکتەبی سیاسی و بڕیارەکانی نامێنێ.

***

ئەوانەی لە 18ی شوباتدا دۆڕاندیان، یارییەکی زیرەکانەی دیکەیان کرد و بە رێککەوتنی 4ی ئادار دیسان پارتییان بە بارمتە گرتەوە. ئەوان دەزانن پارتی رێز لە ئیمزای کۆسرەت رەسوڵ و نێچیرڤان بارزانی دەگرێت و، دوای ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنە ئێتر چاوەڕێی یەکێتی دەکات و لەگەڵ گۆڕاندا، هەنگاوی تاکلایەنە ناهاوێت. دیسان پارتی دەکەوێتەوە ناو هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە ئەگەر یەکێتی بیەوێ بەهۆی ئەو رێککەوتنەوە یاری بە کات بکات، یان بیەوێ هەموو ململانێ ناوخۆییەکانی خۆی لەسەر حیسابی پارتی یەکلا بکاتەوە، دەبێ دیسان پارتی خۆی لەو تەڵەیەش رزگار بکات و چاوەڕێی یەکێتی نەکات، بگرە کەی هاتن رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.

***

ئەگەری بەریەککەوتنی گۆڕان و یەکێتی

گۆڕان یەکەم لایەن بوو کە پیرۆزبایی لە رێککەوتنی چواری ئاداری نێوان پارتی و یەکێتی کرد، بەوەش ویستی بڵێ کە رێککەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی لەسەر حیسابی یەکێتی نەبووە تا ئێستا پێی نیگەران بێت. پارتی هەر لە رۆژی یەکەمەوە پێداگریی لەسەر بەشداریی گۆڕان لە حوکمڕانیدا کردووە و وا بە ئاسانیش گۆڕان نافرۆشێت. پارتی گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە گۆڕانی ریشەیی لەسەر کەلاکی رێککەوتنی ستراتیژی کە هەموو شتێک پەنجا بە پەنجا بووە، لەگەڵ یەکێتیدا ناکرێت. ئەمڕۆ بەرنامەی چاکسازیی پارتی و گۆڕان بۆ ئاییندەی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر لێکنزیکن و تەنانەت لە کابینەی هەشتەمیشدا، نێچیرڤان بارزانی نەک هەر وەزیرەکانی گۆڕان، بگرە هەموو وەزارەتەکانی سەرپشک کرد بۆ ئەوەی بێ گەڕانەوە بۆ ئەو چاکسازی بکەن. یەکێتی، ئەندازیاری تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و گۆڕان و بە پلەی سەرەکیش نەوشیروان مستەفا و بارزانی بوو (لە کاتێکدا کە ئەوان لەسەرەتادا پێداگر بوون لەسەر ئەوەی دەبێ حەتمەن گۆڕان لە حکومەتدا بەشدار بێت!).

***

ئێستا پەرلەمانتارانی پارتی، بە هەمان نەفەسی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان لە 2009 کار دەکەن، تەنانەت هەندێکیان بە رەتکردنەوەی مووچە و خانەنشینی و، ئیمتیازاتی پەرلەمانتاری ئەو نەفەسەشیان تێپەڕاندووە. بۆیە یەکێتی کە لەسەر کەلاکی رێککەوتننامەی ستراتیژی نووستووە و هەموو جۆرە چاکسازییەک لە مووچە و خانەنشینیی کادیرەکانی بە هێڵی سوور دەبینێ بۆ سەر پێگە جەماوەرییەکەی، زۆر نابات تووشی بەرکەوتن لەگەڵ شەپۆلی ئەو ئاراستە چاکسازییە دەبێت کە لە داهاتوودا بەڕێوەیە.

ئەگەر یەکێتی نیەتی ئەوەی هەبووبێت کە بە هێشتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی حوکمڕانیدا، بزووتنەوەکە بخنکێنێ، ئەوا گۆڕانیش بە بەشداریی لە حکومەت و جومگە گرنگەکانی دەسەڵاتدا، دەست لە بینەقاقای یەکێتی دەنێت. هەر بۆیە لە ئێستاوەڕا یەکێتی کەوتووەتەخۆ تا پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی ئیمزا بکات. رێککەوتنی پارتی و گۆڕان بنچینەی چاکسازی و بە دامەزراوەییکردنی حوکمە لە کوردستان، بۆیە دەبێ هەردوولا دەستی پێوە بگرن، ئەوەی یەکێتی و پارتیش بە هەموو بگرە و بەردەکانیەوە، ئەخیرەن بۆ دابەشکاریی پۆست و گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی حوکمی رێککەوتننامەی ستراتیژی.

***

یەکێتی ئاوا دەبێتە حزبی یەکەم

پاڤڵ یان (بافێڵ) تاڵەبانی، لەم رۆژانە گوتبووی کە یەکێتی دەکەنەوە بە حزبی یەکەمی کوردستان!

دەڵێن: کوڕ هات و بە باوکی گوت: بابە لە ماراسۆن سێیەم بووم. باوکی گوتی دەک داوەشێی! جەماعەت گوتیان: بۆ سێیەمییش باشە! باوکی گوتی: ئاخر هەموو ماراسۆنەکە هەر سێ کەس بوون.

زۆر بە کورتی، لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلولەوە، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە بە حیسابی خۆی پرۆژەی ئەڵتەرناتیڤی پارتی بووە، لە 1983 نەیانتوانی لە حوکمی زاتییەکەی 1970 زیاتریان دەستبکەوێ، لە 1987 دوای هەرەسی شۆڕشی نوێیان هاتنەوە باوەشی پارتی، لە 1992 هەڵبژاردنیان دۆڕاند و پارتی کردنی بە شەریکی حوکم، لە 1996 شەڕی ناوخۆیان دۆڕاند، لە 1998 بە رێککەوتنی واشنتن و دواتر لە 2007 جارێکی دیکە هەستانەوە، هەڵبژاردنەکانی 2009، 2013 و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییان بە گۆڕان دۆڕاند. پوختەی کەلام حزبی یەکەمی کوردستان خاوەنی نەک 45 بگرە 58 کورسییە و یەکێتیش کە خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێ، خاوەنی 21 کورسییە! مەگەر ئەوەی کە لە ماراسۆنەکەدا تەنها یەکێتی بەشدار بووبێت، وەک 16ی ئۆکتۆبەر.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی