له 15ى ته‌مموزی 2018 شاندێكی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات (مه‌سه‌ده) له دیمه‌شق له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى سووری كۆبووه‌وه، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه هیچ ئه‌نجامى نه‌بوو. پاشان چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى بێ ئه‌نجامى به‌دوادا هات. مه‌سه‌ده بێئه‌نجامی ئه‌و دانیشتنانه‌ی بۆ پێداگری رژێم له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ بارودۆخی به‌ر له ساڵی 2011 گه‌ڕانده‌وه.
به‌ڵام پێده‌چێت كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دووى شوبات كه له بنكه‌ى سه‌ربازیی حمێمیم (بنكه‌ی سه‌ره‌كی سوپای رووسیا)، له نێوان شاندێكی (مه‌سه‌ده) و چه‌ند پارتێكی دیكه‌ی كوردی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی رووسی و دواتریش له‌گه‌ڵ عه‌لی مهملوك جێگری سه‌ركۆماری سووریا به‌ڕێوه‌چوو، وه‌كو كۆبوونه‌وه‌كانى رابردوو نه‌بێ.
شاندی كوردی پێكهاتبوو له ئیلهام ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری مه‌سه‌ده، مسته‌فا مه‌شایخ نوێنه‌ری (هاڤبه‌ندی كوردی) كه پێنج پارتی سیاسی له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌حمه‌د سلێمان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی پێشڤه‌ڕۆ، سه‌نحاریب به‌رسوم، سه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی سریانی و چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای عه‌ره‌ب له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر، له‌گه‌ڵ شاندی رووسیا گفتوگۆیان له‌سه‌ر (ره‌شنووسی لێكتێگه‌یشتن) كرد. به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی (شهرقهولئهوسهت) شاندی ناوبراو جه‌ختیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه سووریای ئه‌مڕۆ سووریای پێش ساڵی 2011 نییه.
له 19ی كانوونی دووه‌می 2019دا سیپان حه‌مۆ فه‌رمانده‌ی گشتی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) سه‌ردانی حمێمیم و مۆسكۆى كرد و یاداشتێكی چه‌ند خاڵی راده‌ستی رووسه‌كان كرد. سیپان حه‌مۆ داوای لێ‌كردن سه‌رپه‌رشتی دانوستاندنی نێوان دیمه‌شق و قامیشلۆ بكه‌ن. یاداشته‌كه ئه‌م خاڵانه‌ی له‌خۆ ده‌گرت:
یه‌كێتی خاكی سووریا. سووریا وڵاتێكی كۆماری دیموكراتی بێت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر به‌شێكه له‌م وڵاته. خۆسه‌ری له رێگای نوێنه‌ره‌كانییه‌وه نوێنه‌رایه‌تی له په‌رله‌مانی دیمه‌شق ده‌بێت. جگه له ئاڵای سووریا ده‌بێت ئاڵای به‌ڕێوه‌به‌ریی خۆسه‌ریش هه‌بێت. دیپلۆماسیه‌تی ناوچه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌ر ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك بێت ناكۆك نه‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی سووریا و ده‌ستوور. هه‌سه‌ده به‌شێكه له سوپای سووریا و به‌رپرسه له پاراستنی سنووره‌كانی. زمانی عه‌ره‌بی زمانی فه‌رمی هه‌موو سووریایه، به‌ڵام له‌ناوچه‌كانی خۆسه‌ر په‌روه‌رده به زمانه لۆكاڵییه‌كان ده‌بێت. سامانی سووریا به یه‌كسانی به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت.
سه‌ركه‌وتنی دانوستاندن له نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر و رژێمی سووریا به سه‌رپه‌رشتی رووسیا، ده‌رفه‌تێكی مێژووییه بۆ دیمه‌شق. چونكه له سایه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه ده‌سه‌ڵاتى بۆ ناوچه‌یه‌كى زۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ساڵانێكه له‌ده‌ستی داوه، له‌وانه‌ش ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى فورات كه ده‌وڵه‌مه‌نترین ناوچه‌یه به سامانی ژێر زه‌وی و سه‌ر زه‌وی.
پێشبینی ده‌كرێت، زه‌حمه‌تترین دۆسیه‌ی دانوستاندن مانه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر بێت. چونكه رژێم هێشتا سووره له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به‌گوێره‌ی یاسای ژماره (107)، واته یاسای ئیداره‌ی لۆكاڵی. ئه‌م یاسایه كه تایبه‌ته به ئیداره‌كردنی ناوچه جیاوازه‌كان، ده‌ركردنی بڕیار ده‌داته ده‌ست ناوه‌ند و وه‌زاره‌تی ئیداره‌ی خۆجێیی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات كه راسته‌وخۆ سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عسه.
نه‌واف خه‌لیل، سه‌رۆكی ئینستتیوتی توێژینه‌وه‌ی كورد، له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنی دانوستاندن له نێوان دیمه‌شق – قامیشلۆ پێیوایه ئه‌گه‌ر رووسیا گه‌ره‌نتى بدات ئه‌وه پێشكه‌وتن به‌دی دێت به‌ڵام تا ئێستا رووسیا ئه‌و رۆڵه‌ی نه‌بینیوه. بارودۆخه‌كه ئه‌رێنی ده‌بێت ئه‌گه‌ر رووسیا سه‌رپه‌رشتی دانوستاندن بكات و په‌یماننامه‌ی سۆچی و ئاستانه به دڵی رژێم نه‌بوو، رژێم نه‌یده‌ویست توركیا عه‌زاز و ئه‌لباب داگیر بكات. به‌ڵام كاتێك رووسیا ده‌ستی خسته ناو كاروباری سووریا، رژێم نه‌یتوانی بڵێ نه‌خێر. كاتێك رژێم سوور بێ له‌سه‌ر دهستكارینهكردنى ده‌ستوور، ره‌وشی تایبه‌تی كورد له‌به‌رچاو نه‌گرێت، دانوستاندن هیچی لێ شین نابێ.