لەدوای دەستبەسەرداگرتنەوەی زۆر لە ناوچەکانی سووریا، کە حکوومەتی ئێستای ئەو وڵاتە لە چەند ساڵی رابردوو لە دەستی دابوو، ئێستا حکوومەتی بەشار ئەسەد هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی چڕ کردووەتەوە، تاوەکوو تەواوی لەمپەرەکانی بەردەمی لابدات، کە بە بڕوای زۆر لە چاودێرانی سیاسی ئەوەی زیاتر لە هەر هۆکارێک لە بەهێزبوونەوەی رژێمی بەشار ئەسەد رێگر بووە، هەژموونی ئەمەریکا بووە لەو وڵاتە و بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا بووە رژێمی ئێستای سووریا کۆتایی بێت، ئەوەش کاریگەریی کردووەتە سەر وڵاتانی عەرەبی نزیک لە ئەمەریکا، کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رژێمی سووریا ئاسایی نەکەنەوە.

***

حکوومەتی بەشار ئەسەد دەرگای گفتوگۆکانی بە ڕووی پەکەکە لە سووریا دادەخات و شارەزایان و چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە، حکوومەتی سووریا هەوڵی گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی چڕ کردووەتەوە، سیاسەتوانێکی کوردیش پێی وایە، ئێستا حکوومەتی سووریا پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆر لە وڵاتانی عەرەبی دامەزراندووەتەوە.

***

بەڵام ئێستا کە ئەمەریکا، ئەجێندای سیاسیی خۆی لەو وڵاتە بەرەو کشانەوە و کەمکردنەوەی هێزەکانی گۆڕیوە، بەتایبەتی لەدوای داننان بە بەرزاییەکانی جۆڵان وەک بەشێک لە خاکی ئیسرائیل، کە گەرەنتیی پاراستنی ئەو وڵاتە دەکات، بە بڕوای چاودێران ئەوە لەداهاتوودا کاریگەریی دەبێت لەسەر گۆڕانی هەڵوێستی ئەمەریکا لەبەرامبەر رژێمی سووریا و ئەگەری زۆر ئەوەیە ڤیتۆ لەسەر حکوومەتی ئێستای سووریا لابەرێت، بەوەش رژێمی سووریا بۆ کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەگەڕێتەوە و بەشار ئەسەد بەهێز دەکاتەوە، کە رەنگە هەر ئەوەش بووبێتە هۆی ئەوەی، کە ئێستا بە هەموو شێوەیەک رژێمی سووریا دەرگای گفتوگۆی لەسەر پەکەکە سەبارەت بە داننان بە خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا داخستووە و ئامادەی هیچ گفتوگۆیەک نییە، لەمبارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی کانتۆنەکانی رۆژئاوا بیکات.

*** 

پێوەند بەم پرسە، سامر محەمەد دبس، ئەندامی ئەنجومەنی گەلی سووریا بە میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دەسەڵاتی دیمەشق بوونی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان رەت دەکاتەوە. ئەو پەرلەمانتارەی سووریا جەختی کردووەتەوە، کە دیمەشق جگە لەوەی ئامادە نییە دان بە ناوچەی ئۆتۆنۆمیدا بنێت، ئامادەش نییە لەو بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی کورد بکات.

***

هاوکات، جدعان عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ENKS وتي، هەوڵەکانی رژێمی سووریا بۆ گەڕانەوە بۆ کۆمکاری عەرەبی چڕ بووەتەوە، بەڵام ئەمەریکا بە باشی نازانێ حکوومەتی ئێستا کورسییەکەی لە کۆمکاری عەرەبی وەربگرێتەوە، ئەگەرچی زەحمەتە بەشار ئەسەد بتوانێ حکوومەتەکەی بکاتەوە ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، بەهۆی رێگرییەکانی ئەمەریکاوە، بەڵام ئەگەر ئەوە روو بدات، ئەوە بەشار ئەسەد بەهێز دەبێتەوە و مەترسیی زیاتر لە هەموو پێکهاتەیەک لە سووریا لەسەر کوردە. بە هیچ شێوەیەک بەشار ئەسەد دان بەو کانتۆنانەی رۆژئاوادا نانێت، ئەو کانتۆنانە لەبەرئەوە دەسەڵاتێکی تەنیای پەکەکە بوون، هەر لەسەرەتایانەوە روون بوو کە ناتوانن ببن بە سیستەمێک تیایدا کورد بگات بە مافەکانی لە سووریا، جگە لەوەش کانتۆن چارەسەری مافەکانی کورد لە سووریا ناکات، تەنیا لە سیستەمی فیدڕاڵیدا کە فیدڕاڵییەکە ئیدارەیەکی نوێ، کە پێکهاتبێت لە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان، چارەسەری دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکات، ئەوەی ئەنەکەسەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چ لە دەستوور یان لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان هەوڵی بۆ دەدات، هەر بۆ ئەوەیە.

***

د. مەحموود عوسمان، سیاسەتوان و چاودێری سیاسی، رای گەیاند: “ئێستا حکوومەتی سووریا پەیوەندیی لەگەڵ زۆر لە وڵاتە عەرەبییەکان دامەزراندووتەوە و پێشبینی وایە کورسییەکەی لە کۆمکاری عەرەبی پێ بدرێتەوە، بەڵام لەوە ناچێت ئەوە ببێتە پشتیوانیی ئەوەی کە رژێمی سووریا بەهێز بکاتەوە، چونکە تا ئێستا هەژموونی وڵاتانی ئێران و ئەمەریکا و تورکیا و ئەوانی دیکە لەسەر سووریا هەیە.

***

لای خۆشیانەوە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی رای گەیاندووە، گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی پەیوەستە بە تەوافوقی عەرەبی، نەوەک کۆدەنگییەوە، گوتووشیەتی: “ھەندێک لایەن راوبۆچوونی خۆیان ھەیە بۆ ھەڵسەنگاندنی پرسەکە و دەڵێن ناکرێت بەشار ئەسەد لەسەر حوکمڕانی و دەسەڵات بەردەوام بێت، چونکە ماوەی حەوت بۆ ھەشت ساڵە، دانیشتووانی ئەو وڵاتە دووچاری شەڕ و نەھامەتی و قوربانی  بوونەتەوە‌. رەوشی سووریا بەم نزیکانە چارەسەر نابێت، چونکە ھیچ ئاماژەیەک نییە کەوا ئەو وڵاتە لە کێشە و گرفتاکان دەربازی بێت”.

***

کۆمکاری عەرەبی

 جێی باسە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە مانگی تشرینی ٢٠١١، دوای چەند مانگێک لە دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە سووریا، بە بڕیارێک ئەندامێتیی ئەو وڵاتەیان لە کۆمکاری عەرەبی ھەڵپەسارد. کۆمکاری عەرەبی لە 22 وڵات پێکهاتووە و ئامانج لە دامەزراندنی (پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتانی ئەندام و پاراستنی سەربەخۆییان، پاراستنی ئاسایشی ناوچەی عەرەبی لە تەواوی بوارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و رۆشنبیرییەکان)ە.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی