کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سکاڵای چوار کاندیدی دەرنەچووی ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ڕەت کردەوە کە لەبارەی کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیانەوە بەرزیان کردبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی ئاداری ٢٠٢٠، بەڕێوەبەرایەتی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رای گەیاندووە، لێژنەیەک پێداچوونەوەی بۆ سکاڵای هەریەک لە (هەڵۆ پێنجوێنی، سامان گەرمیانی، مامۆستا جەعفەر و عوسمان بانیمارانی) کردووە کە ناڕەزاییان هەبووە بەرامبەر دەرنەچوونیان بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیان.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە دوای پێداچوونەوە بە سکاڵاکە، هیچ بەڵگەیەکی پێویست نەبووە، بۆیە سکاڵاکەیان ڕەتکراوەتەوە و دۆسیەکەیان داخراوە.
پێشتر بەرزانی ئەحمەد کوردە کە تا بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی لە ٢١ی ١٢ی ٢٠١٩، ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکە بووە و لە کۆنگرەشدا خۆی بۆ ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتی کاندید کردبوو، راگەیاند، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکەدا ”سەرەتا ناوی من لە لیستەکاندا نەبوو، دوای ئەوەی ١٠٠ کەس دەنگیان دا، ئینجا ناوەکەمیان بە دەستوخەتێکی سەقەت و ناشرین چاک کردەوە“.
هاوکات عوسمان بانیمارانی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی راگەیاندبوو کە بۆ سەرکردایەتی حزبەکەی ”دەرنەچوێندرام“.
رۆژی 21ی 12ى ساڵی 2019 یهكێتیی نیشتمانی كوردستان، كۆنگرهی چوارەمی لە شاری سلێمانی ئهنجام دا و ١٢٤ کەسی بە هەڵبژاردن و تەزکیە بۆ ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتی حزبەکە هەڵبژاردن، بەڵام دوای کۆنگرە، دەیان سەرکردەی پێشوو و کادیری دیاری یەکێتی ناڕەزاییان دەربڕی و ئەوەیان ڕاگەیاند کە لە کۆنگرەی حزبەکەیاندا زوڵمیان لێکراوە.