شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدا دەکات، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، شاندەکە پرسی مووچە و بودجە لەگەڵ حکومەتی عێراق تاوتوێدەکەن.
سەمیر ھەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمبارەوە وتی: ئامانجی سەردانەكە، درێژەپێدانی كۆبوونەوەكانی پێشووە كە شاندی دانوستانكاری حكومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەنجامی دابوون، بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا.
شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، بە سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان گوت، نەک 250 هەزار بەرمیل نەوت، بەڵکو ئەگەر حکومەتی عێراق شایستە داراییەکان و هەموو بودجە بە دەستحەقی کۆمپانیاکانی نەوتەوە بنێرێت، ئەوا سەرجەم مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستانیان رادەست دەکەن.
ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ناردنی 453 ملیار دیناری وەکو بەشێک لە بودجەی هەرێمی کوردستان راگرتووە، کە دەکاتە نیوەی پارەی مووچەخۆران، ئەو بڕیارە هەفتەی رابردوو شاندی هەرێمی کوردستانی بردە بەغدا، دوای هەفتەیەک شاندەکە لەسەر بودجەی مانگی چوار چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنی ئەو نووسراوەن کە بۆ عادل عەبدولمەهدییان ناردووە.