له هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی ڕژێمی به‌عس سووری له دیداری ڕۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ میدیایه‌كی ڕووسی ئاشكرای كرد، كورده‌كان پێشتر و ئێسته‌یش بۆیه ناسنامه و ڕه‌گه‌زنامه‌ی سووری‌یان پێ نه‌دراوه، چونكه ئه‌وان ئاواره‌ن له سووریا و به‌هۆی هێرشی توركه‌كان بۆ سه‌ریان ڕوویان له سووریا كرد و ئێمه‌یش میوانداریمان كردوون، ڕه‌تیشی كرده‌وه هیچ پرسێك به ناوی كورد له سووریا بوونی هه‌بێت و گوتی ئه‌وانه گرووپێكن كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا كار ده‌كه‌ن و ئه‌و ناونیشانه به‌كارده‌هێنن، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا له سووریا كێشه و دۆزێك به ناوی كورد بوونی نییه.
له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاتی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات و مامه‌ڵه‌كردنیشی له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه، به‌شار ئه‌سه‌د دووپاتی كرده‌وه، كه پێویسته ئه‌وان به ته‌واوی دوژمنداری توركیا و ئه‌مه‌ریكا ڕابگه‌یه‌نن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌گه‌ڵ ئێمه له‌سه‌ر ناوچه‌كه بگه‌ن به ڕێككه‌وتن، به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ناكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌وان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا كار بكه‌ن و هه‌ڵوێستێكی ڕوون و نیشتمانی‌یان نه‌بێت، ئه‌گه‌ریش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان كار بكه‌ن، ئه‌وا خیانه‌ت له سووریا ده‌كه‌ن و به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵی ناكه‌ین، هه‌موو ئه‌و گرووپانه‌ی له‌گه‌ڵ بیانییه‌كان له شار و ناوچه جیا جیاكانی سووریا كار ده‌كه‌ن، به لای ئێمه‌وه خیانیان له‌گه‌ل و خاك و نیشتمانه‌كه‌یان كردووه و ئه‌و ناوهیشیان لێ ده‌نرێ له ئێسته و داهاتوویش دا.
لەڕاگهیهنراوێکدا كه واژووی 31 حزبی نێو خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتیكی له‌خۆگرتووه و تێیدا هاتووه، ئه‌وجۆره له بیركردنه‌وه‌یه هۆكاری سه‌رجه‌م كاره‌ساته‌كانه‌وه و كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان به گفتوگۆ و دانوستاندنی سیاسی چاره‌سه‌ر بكرێن و ڕێگری بكرێ له ڕژانی زیاتری خوێنی هاووڵاتییان و ده‌ربه‌ده‌ربوون و ماڵوێرانیان.
ئه‌و حزبانه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان ئه‌وه‌یشیان ڕاگه‌یاندووه، كه ئه‌و پێكهاتانه خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ناوچه‌كه‌ن و كاتێكیش ڕژێم له ژێر سته‌می تیرۆر ناوچه‌كانی جێهێشت، ده‌ستمان دایه چه‌ك و هاوشانی یه‌كتر له خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكرات ڕووبه‌ڕووی تیرۆریستان بووینه‌وه و به بیركردنه‌وه‌ی جۆراوجۆر و گرووپه هه‌مه‌جۆره‌كانی تیرۆر شه‌ڕمان كرد و ناوچه‌كانمان له تیرۆر پاكك كرده‌وه.
ئیبراهیم موسلیم ئه‌ندامی لیژنه‌ی دیموكراتی سووری له‌وباره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌ی “العربی الجدید” گوتی، لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی ڕژێمی سووریا دژی كورد، له ئه‌نجامی فشاره‌كانی ڕووسیا بووه له‌سه‌ر ڕژێم، وه‌ك به‌شێك له پرسی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆخی ئیدلب و ڕێككه‌وتنی نێوان توركیا و ڕووسیا، چه‌ند ڕۆژێك پێش قسه‌كانی ئه‌سه‌د نوێنه‌ری دیمه‌شق له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان توركیای به ده‌وڵه‌تێكی پشتیوانی تیرۆر ناوبرد و دواتر به‌رپرسانی دیمه‌شق دووپاتیان كرده‌وه كه دوژمنداری له نێوان سووریا و توركیا نییه، ئه‌مه گۆڕانكارییه له سیاسه‌تی دیمه‌شق و پێشبینی ده‌كرێ ڕێككه‌وتنی نهێنی و ژێربه‌ژێر له نێوان هه‌ردوولا به پشتیوانی ڕووسیا واژوو بكرێ، بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی كورد ببنه‌وه.