رووسیا داوا له‌ سووریا ده‌كات هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات به‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌وه‌ قبوڵ بكات. به‌رپرسێكى په‌یه‌ده‌ش ده‌ڵێت رووسیا بێ گوێدانه‌ هیچ لایه‌نێك ئه‌وه‌ی بیه‌وێ ده‌یكات. رووسیا گوشار له‌ سووریا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ رێكبكه‌وێت”ئه‌مه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا بابه‌تى گه‌رمى سۆشیاڵمیدیاى كوردى بوو له‌ رۆژاڤاى كوردستان.

ماڵپه‌ڕی كه‌ناڵی (ئه‌لعه‌ره‌بیه‌) رۆژى 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2019 ئه‌و هه‌واڵه‌ى پشتڕاستكرده‌وه‌ و له‌ زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى كورده‌وه‌ بڵاوى كرده‌وه‌ “حكومه‌تی دیمه‌شق رووبه‌ڕووی گوشاری رووسیا بووه‌ته‌وه‌ بۆ قبوڵكردنی هه‌سه‌ده‌ له‌ناو سوپای سووریادا به‌ تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌وه‌”.  به‌گوێره‌ی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌: “حكومه‌تی ئه‌سه‌د هه‌ست به‌ ترسێكی گه‌وره‌ ده‌كات، نیگه‌رانه‌ له‌ هاوكاری نێوان پۆلیسی سه‌ربازیی رووسیا و هه‌سه‌ده‌ و ده‌خوازێت سوپای وڵاته‌كه‌ی جێی هه‌سه‌ده‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات بگرێته‌وه‌”.  

رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو شاندێكی رووسی و مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتی (هه‌سه‌ده‌) دوور له‌ چاوی كامێراكان كۆبوونه‌ته‌وه‌. رووسه‌كان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا نیگه‌رانی خۆیان له‌ سه‌ردانی عه‌لی مه‌ملووك، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ئه‌منی نیشتمانی سووریا بۆ قامشلۆ و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كان به‌ فه‌رمانده‌كه‌ى هه‌سه‌ده‌ راگه‌یاندووه‌ و گوتوویانه‌: مه‌ملوك ناتوانێ به‌م دانیشتنانه‌ هاوسه‌نگی بگۆڕێت.   رووسیا هه‌سه‌ده‌ی دڵنیا كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا ئه‌وان خۆیان به‌شداری له‌ گفتوگۆی نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر و دیمه‌شق ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ هێزێكی گوشار بۆ سه‌رخستنی گفتوگۆكان. فلادیمیر پوتین هاتووه‌ته‌ سه‌رخه‌ت و داوای له‌ به‌شار ئه‌سه‌د كردووه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كورد به‌جدی بگرێت، پێویسته‌ له‌ زووترین كاتدا مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ چوارچێوه‌ی سووریادا چاره‌سه‌ر بكرێت.   ئێستا رووسیا به‌ هاوكاریی هه‌سه‌ده‌ هێزێكی سه‌ربازی له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات و منبج دروست ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پۆلیسی سه‌ربازی رووسیا له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیادا بسووڕێنه‌وه‌.  

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، هاوبه‌ندی نیشتمانییكورد له‌ سووریا (هاڤبه‌ندی) كه‌ له‌ پێنج حیزبی كوردی پێكهاتووه‌، دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتیی هه‌سه‌ده‌یان كرد. 

 ساڵح گه‌دۆ، سكرتێری پارتی چه‌پی كورد له‌ سووریا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی (هاڤبه‌ندی)، ده‌نگۆی گوشاری رووسیای له‌سه‌ر سووریا پشتڕاستكرده‌وه‌ و گوتی: به‌پێی ئاماژه‌كان و ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ پشت ده‌رگا داخراوه‌كانه‌وه‌ دزه‌ ده‌كه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، رووسیا گوشار له‌ رژێم ده‌كات بۆئه‌وه‌ی هه‌سه‌ده‌ به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیه‌وه‌ قه‌بوڵ بكات. رۆژی چوارشه‌ممه‌ شاندێكی رووسی له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ كۆبووه‌ته‌وه‌. رووسیا به‌ هاوكاریی هه‌سه‌ده‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هێزێكی سه‌ربازی دروست ده‌كه‌ن.

 گه‌دۆ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا، هۆكاری ئه‌م گۆڕانه‌ له‌ هه‌ڵوێستی رووسیا بۆ زیاتربوونى هه‌ماهه‌نگی نێوان ئه‌مریكا و هه‌سه‌ده‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئێستا سوپای ئه‌مریكا زیاتر له‌ جاران هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ ده‌كات. رووس ده‌خوازن كارته‌كان له‌ ده‌ستی ئه‌مریكا ده‌ربێنن، هه‌روه‌ها پێگه‌ی رژێمیش لاوازه‌، رووسیا ناتوانێ پشتی پێ ببه‌ستێ.

 هه‌ر له‌وباره‌وه‌ نه‌سره‌دین ئیبراهیم كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی (هاڤبه‌ندی)یه‌، ده‌ڵێت: رووسیا هه‌وڵده‌دات كێشه‌ی كورد له‌ سووریا له‌ رێگای دانوستاندنى راسته‌وخۆ و به‌ چاودێریی خۆی چاره‌سه‌ر بكات، گوشار له‌ سووریا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی مافه‌كانی كورد له‌ رووی ئه‌تنیكی، كولتووری و ئیداری بداته‌وه‌.

 غه‌ریب حه‌سۆ، هاوسه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای دیموكراتی (ته‌ڤده‌م) ده‌ڵێت: هه‌رچه‌نده‌ رووسیا به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ رژێم هه‌یه‌، به‌ڵام كاتێك چاره‌سه‌رییه‌ك له‌ نێوان رژێم و خۆسه‌ری دیموكراتی به‌دی نه‌یه‌ت، ئه‌وكاته‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رووسیاش جێبه‌جێ نابێت. بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، پێویستیان به‌ رێككه‌وتنى كورد و رژێمه‌. به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك رووسیا رایگه‌یاندووه‌، هه‌سه‌ده‌ جێگره‌وه‌ی سوپای عه‌ره‌بی سووریایه‌. توانای هه‌یه‌ و هێزێكی رێكخراو و خاوه‌ن ئه‌زموونه‌. 

 به‌ بڕوای یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، ئه‌مریكا پێویستی به‌ نه‌وتی سووریا و داهاته‌كه‌ی نییه‌ به‌ڵكو ده‌خوازێت داهاته‌كه‌ی له‌ده‌ست خۆی بهێڵێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو كارتێك وڵاتانی دیكه‌ ملكه‌چی حیساباتی خۆی بكات. ئه‌مریكا بۆ گه‌ره‌نتیكردنی به‌رژه‌وه‌ندی رووسیا له‌ رۆژئاوای كوردستان، له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ پشتگیری كورد ده‌كات. چونكه‌ ئێران و توركیا له‌ناوچه‌كه‌دا نیه‌تى به‌رفراوانبوونیان هه‌یه‌. به‌تایبه‌تی توركیا دوای تێپه‌ڕبوونی 100 ساڵ به‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی (سیڤه‌ر) له‌ ساڵی 1923، ده‌خوازێت له‌ناو وڵاتانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو كه‌ تورك زمانن، په‌ره‌ به‌ هه‌ژموونی خۆی بداته‌وه‌. رووسیا ئه‌م مه‌ترسییه‌ ده‌بینێ، بۆیه‌ له‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا چرای سه‌وزی بۆ هه‌ڵده‌كات تا بێته‌ باكووری سووریا و نه‌په‌رژێته‌ سه‌ر مه‌له‌فه‌كانی دیكه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌خوازێت له‌ رۆژهه‌ڵاتی رووباری فورات چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی دروست بكات تا ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر توركیا. ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی فڕۆكه‌خانه‌ی قامیشلۆ له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌م راستییه‌. ئه‌گه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌ سه‌یری ناوچه‌كه‌ بكه‌ین، رێككه‌وتنی دیمه‌شق و هه‌سه‌ده‌ ده‌بێته‌ بیانوو بۆ مانه‌وه‌ی زیاتری رووسیا له‌ناوچه‌كه‌دا و توركیاش هیچ رۆڵێكی نامێنێ.

به‌دران چیا، جێگری هاوسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر بۆ باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا، ئاماژه‌ به‌ دونیابینییه‌كی جیاوازی رووسیا ده‌كات له‌باره‌ی كێشه‌ بنبه‌ستبووه‌كانی سووریا: به‌تایبه‌تی له‌ یه‌كخستنی هه‌سه‌ده‌ و سوپای سووریا، رووسیا خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاوازی هه‌یه‌. رووسیا ده‌خوازێت هه‌سه‌ده‌ له‌ناو سوپای سووریادا خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی خۆی بێت. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌وڵده‌دات دیمه‌شق رازی بكات. پاراستنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌سه‌ده‌ هێزێكی گه‌وره‌ به‌ سووریا ده‌به‌خشێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و داگیركاری: رووسیا سووریایه‌كی لاوازی ناوێ، سووریایه‌كى ده‌وێت هه‌ژموونی به‌سه‌ر هه‌موو جوگرافیای وڵاته‌كه‌یدا هه‌بێت. هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێ دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی به‌شێوه‌یه‌ك رێكبخاته‌وه‌ كه‌ له‌ژێر ده‌ستی خۆیدا بێت و له‌ ئاستێكدا بێ بتوانێ به‌ره‌نگاری هێزه‌ رادیكاڵه‌كان ببێته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ هێزی ده‌ره‌كی بێت.

 رووسیا به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌وره‌ و ئاڵۆزی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی له‌ مه‌سه‌له‌ی فرۆشتنی سیسته‌می مووشه‌كی ئێس 400 و دروستكردنی هێڵی گواستنه‌وه‌ی غازی سروشتی بۆ ئه‌وروپا له‌ رێگای توركیاوه‌. ئاخۆ رووسیا هه‌نگاوێك ده‌نێ كه‌ زیان له‌ پێگه‌ی توركیا له‌ باكووری سووریا بدات؟

 ساڵح موسلیم، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى په‌یه‌ده‌ گوتی: وه‌كو په‌یه‌ده‌ ئاگادار نین رووسیا گوشاری له‌ رژێم كردبێت. رووسیا خۆی وه‌كو هێزێكی گه‌ره‌نتیده‌ر ناساندووه‌، بۆ ئه‌مه‌ پێویسته‌ گوشار له‌ رژێم بكات. رووسیا وڵاتێكی گه‌وره‌ و خاوه‌ن هێزه‌، ئه‌گه‌ر شتێك بخوازێ، توركیا ناچاره‌ گوێ لێبگرێ و ملكه‌چى بێت.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی