عوسمان ئۆجەلان، ئەندامی پێشووی كۆنسەی سەرۆكایەتی پەكەكە باسی دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و رۆڵی هەندێك سەركردەی پەكەكە لە دەستگیركردنەكەیدا دەكات، هەروەها باسی دروستكردنی پژاك و پەیەدە و هۆكاری وازهێنانی لە پەكەكە و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكییەكان دەكات.

عوسمان ئۆجەلان: لەدوای نەوەتەكان پێویست بوو پەكەكە گۆڕانكاری لە سیاسەتی خۆیدا بكات، بەڵام ئەوەی نەكرد، بەڵكو گوتی من سەركەوتوو بوومە، پێویستە هەموو خەڵك ببنە پەكەكە. كەمال بورقای دۆستی مام جەلال بوو، مام جەلال چی گوتبا، ئەو وای دەكرد. ئەو دەیویست لە رێگەی مام جەلالەوە ببێتە بەشدارێكی ئەو پێشڤەچوونەی لە باكوور هەبوو. بەڵام نە ئەو و نە پەكەكە بۆ ئەم بابەتە ئامادە نەبوون، ئەو بە پەكەكەی گوت تیرۆرست. لە دیدی پەكەكەشەوە كەمال كەسێكی بەكرێگیراو بوو. بۆیە بێ متمانەییەكی زۆر لە نێوان هەردوولادا هەبوو.

 

پەكەكە سیاسەتی باشووری كوردستان ناناسێت

 

ئۆجەلان له‌درێژه‌دا ده‌ڵێت: هەڵەی هەرە گەورەی پەكەكە ئەوە بوو كە سیاسەتی باشووری كوردستانی نەدەناسی. دەیگوت بێجگە لە پەكەكە هەموو كەسێك هەڵەیە. جگە لە پەكەكە هیچ هێزێك نییە بەرژەوەندییەكانی كورد و كوردستان بپارێزێ‌. ئامانجی پەكەكە ئەوە بوو كە هەموو هێزەكان تەسفییە بكات. ئەوە ستراتیژی پەكەكە بوو.  پەكەكە لە شوێنی خۆی نەدەوەستا. هەمیشە لە دەرفەتێك دەگەڕا بۆ سەپاندنی سیاسەتی خۆی لە باشووری كوردستان. ساڵی 1997 چالاكییەكی زۆری دەكرد لەنێو شاری هەولێر، بە تایبەتی دوای ئەوەی پارتی لە هەولێر بووە دەسەڵاتدار. یەكێتییەكان بۆ لای پەكەكە دەهاتن، پەكەكەش هەوڵی دەدا دەست بەسەر هەولێردا بگرێ‌.  هەندێك دەیانخواست بۆشایی یەكێتی بە پەكەكە پڕ بكەنەوە.

 

شهڕي پهکهکه و يهکێتي

عوسمان ئۆجەلان: دواتر شەڕی پەكەكە و یەكێتی دەستیپێكرد، جەبار فەرمان سەرپەرشتیاری شەڕەكە بوو لەلایەن یەكێتییەوە. هێرش كرایە سەر بارەگاكەی و تەنانەت قەنەفەی بارەگاكەیمان برد. شەڕ لە شاخ تەواو بوو، بەڵام حكومەتی عێراق لە رێگەی بەرپرسانی كەمپی مەخموور خەبەری نارد كە نابێ‌ بچنە نێو شار. بەڵام كەسانی وەكو دوران كاڵكان دەیانگوت رانەوەستن و بەرەوپێش بڕۆن و هەتا دووكان نەوەستن. هەندێكیش داوایان دەكرد شەڕەكە رابگرین، ئێمە لێرە میوانین، نەهاتووین بۆ داگیركردنی كوردستان. من رێگەم بەو داگیركارییە نەدا، چونكە ئەوكات من دەسەڵاتداری نێو پەكەكە بووم. رێگەم نەدا شەڕ گەورە ببێ‌. لەگەڵ برادەرانی ئێران دانوستاندنم كرد، دوای یەك هەفتە دانوستاندن گەیشتینە رێككەوتنێك كە پەكەكە خۆی لە قەندیل بپارێزێ‌ و دەوروبەرەكەی خۆی ناڕەحەت نەكات. پەیماننامەكە لە نێوان ئێمە و ئێرانییەكان بوو. ئێرانییەكان وەكو نوێنەری یەكێتی هاتبوون بۆ دانوستاندن.

 

مستەفا قەرەسوو لە توركان توركترە

 

ئۆجەلان: دوران كاڵكان نوێنەرایەتی گروپی ئەنقەرەی نێو پەكەكە دەكات. لە دیدی منەوە ئەو بەكرێگیراوە یان شێتە، چونكە هەڵوێستەكانی سروشتی نین. كەسایەتییەكی رێكوپێكی نییە. بیروبۆچوونێكی چەپی هەیە. من كەسێكی كوردم، وڵاتپارێزم، بۆیە چەپییەكی شاراوەی داگیركەری تورك لەنێو هێزێكی كوردی قەبوڵ ناكەم. 30 ساڵە لەنێو شۆڕشی كوردیدایە و نانی كورد دەخوات و فێری كوردی نەبووە. بۆیە بەردەوامم لە رەخنەكانم لە دروان كاڵكان و مستەفا قەرەسوو. جارێكیان برادەرێك لە كۆنگرە گوتی كەی پرسی كورد چارەسەر دەبێ‌، گوتم كەی دوران كاڵكان و مستەفا قەرەسوو بە كوردی قسەیان كرد، ئەوكات كورد ئازاد دەبێ‌. مستەفا قەرەسوو كوردی عەلەوییە، بەڵام مخابن لە توركان توركترە. وەكو قوتابخانەیەكی توركی وایە، خەڵكی باشووری كوردستان كە توركی نازانن، بەهۆی ئەوەوە بە ماوەی سێ‌ مانگ فێری توركییەك دەبن وەكو كەسێك كە زانكۆی تەواوكردبێ‌. بۆیە پێشنیاز دەكەم كۆماری توركیا لەپای پێشخستنی زمانی توركی خەڵاتێك بداتە دوران كاڵكان و مستەفا قەرەسوو.

 

سهرکردهکاني پهکهکه ئۆجالانيان رادهستي تورکيا کرد



ئۆجەلان له‌باره‌ي گيراني ئۆجالاني برايه‌وه ده‌ڵێت: وەكو ناوەندی پەكەكە هیچ كەسێك بەرپرسیاری راستەوخۆ نەبوو لە گرتنی ئۆجەلان، بەڵام وەكو شەخس، دوو كەس هەبوون، ماهیر وڵات بەرپرسی پەكەكە بوو لە رووسیا، كانی یڵماز بەرپرسی پەكەكە بوو لە ئەوروپا. ئاپۆ پێش ئەوەی بەڕێبكەوێ‌ بۆ دەرەوە، قسەی لەگەڵ كردم و گوتی هەڵەم كرد كە ماهیرم كرد بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی. كەسێكی گوندییە. من ئەوكات تێگەیشتم كە مەسەلە چییە. كاتێك ماهیر هاتە لوبنان، ئاپۆ نەیدەویست ماهیر بنێرێتەوە رووسیا، بەڵام رووسیا پێداگیری دەكرد كە ماهیر بگەڕێتەوە رووسیا. ئاپۆ ناچار بوو جارێكی دیكە بینێرێتەوە مۆسكۆ. ئاشكرا بوو كە ماهیر بووەتە پیاوی رووسیا. دەڵێن دانوستاندنێكی یەك سەعاتی لەگەڵ ژنە رۆژنامەنووسێكی رووسی هەبووە و هەمووشی تۆمار كراوە، ماهیر دەترسا بڵاوبكرێتەوە، بۆیە تەسلیمی دەزگای هەواڵگریی رووسیا بووبوو. ماهیر لە دەرەوە ئاپۆی بە هەڵەدا برد. لەلایەكی دیكەوە دەزانین كانی یڵماز لە بەریتانیا دەستگیر كرا، ئەڵمانیا داوای كردبوو، كانی چوو بۆ ئەڵمانیا. ئاپۆ بە برادەرێكی ناسراوی كوردی گوتبوو كە بچێ‌ لەگەڵ ئەڵمانەكان قسە بكات و كانی ئازاد بكەن. ئەو برادەرە لەگەڵ ئەڵمانەكان قسەی كردبوو كە ئەگەر یڵماز ئازاد بكەن، پەكەكە بە گوێرەی یاساكانی ئێوە دەجوڵێتەوە. هەواڵگریی ئەڵمان گوتبوویان تۆ داوای ئازادكردنی كەسێك دەكەی كە بڕیاری داوە خزمەتی ئێمە بكات. ئۆجەلان بەمەی زانیبوو، بۆیە داوای كرد كانی یڵماز و عەلی حەیدەر قەیتان بگەڕێنەوە كوردستان. ماهیر وڵات چوو بۆ رۆما و ئاپۆی ترساند كە لەوێ‌ نەمێنێ‌ و پێیگوت رووسیا بەڵێنی داوە كە تۆ لە رووسیا نیشتەجێ ببی، ماهیر وڵات ئەو كەسەیە كە بەناوی هەواڵگریی رووسیا و ئەڵمانیا ئاپۆی هەڵخەڵەتاند و لە ئیتاڵیای بردە دەرەوە.

 

عوسمان ئۆجەلان: ئۆجەلان دوای گرتنی فەرمانی بە كشانەوەی گەریلا لە باكووری كوردستان كرد، بەڵام هەندێك فەرماندەی پەكەكە رازی نەبوون، لەسەر ئەو بانگەوازە زۆر بۆچوون دروست بوون، هەندێكیان دەیانگوت ئێمە پاش سەرۆك ئاپۆ بە قسەی كەس ناكەین، هەندێك لە زیندانییەكان دژی ئەو هەڵوێستەی ئۆجەلان بوون. هەندێكیان گوتیان درێژە بە شۆڕش دەدەین، یەكێك لەوانە ناسر بوو كە هێزێكی تایبەتی دروستكردبوو بەناوی تەیرەبازێن ئازادیا كوردستان (تاك)، بەڵام دواتر نەیتوانی بەرپرسیارێتییەكەی هەڵبگرێ‌. بێجگە لە خۆی، رەخنەی لە هەموو كەس و شتێك هەبوو. ئەو زیندانی كرا.
رۆژێكیان رێنماییەك لە سەرۆكی كۆردیناسیۆنی گشتی هات كە جەمیل بایك بوو، هەروەها مستەفا قەرەسوو، دوران كاڵكان و عەلی حەیدەر قەیتانیش لەگەڵی بوون. ئەوان بڕیاریان دابوو كە ناسر سزا بدرێ‌. ئەوان بڕیارەكەیان بۆ موراد قەرەیڵان ناردبوو، مورادیش تەلەفۆنی بۆ من كرد و بە شفرە پێیگوتم بڕیاری كوشتنی ناسر دراوە، تۆ چی دەڵێی. پێمگوت دژی ئەوەم و تۆش دەبێ‌ لە دژی ئەوە بوەستییەوە. لێ‌ مخابن هەواڵم بۆ هات كە ناسریان كوشتووە. پرسیم چۆن كوژراوە، شتەكەیان خستە ئەستۆی یەكێتی، گوایە ئەوان هاتوون ناسر ببەن، پاسەوانەكەشی بۆ ئەوەی یەكێتی نەیبەن، كوشتوویەتی. پاشان پاسەوانەكەی ناسر رەوانەی باكوور كرا و ئەویش لە رێگادا مرد.  دەیانگوت ئەویش چوو بۆ پاریس.


زوبێر ئایدار و رەمزی كارتاڵ پێشنیازیان كرد كە حاجی ئەحمەدی ببێ‌ بە سەرۆكی پژاك و گوتیان كەسێكە لە قسەمان دەرناچێ‌

 

عوسمان له‌باره‌ي دامه‌زراني په‌ژاکه‌وه ده‌ڵێت: كە ئۆجەلان دەستگیر كرا، ئاڵۆزییەكی سیاسی لەنێو پەكەكەدا دروستبوو. ئێمە كۆنفرانسێكمان كرد بەناوی كۆنفرانسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەریلای هەر چوار پارچەی كوردستان لەنێو پەكەكەدا هەبوون، بڕیارماندا بۆ هەر پارچەیەك هێزێك دروست بكەین، من هێزەكەم پەروەردە كرد. هێزی باشوورمان لە مارەدوو دروستكرد، رۆژهەڵات لە شوێنێك و رۆژئاواش لە شوێنێك. دروستكردنی پژاك بە جەمیل بایك سپێردرا، پەچەدەكە بە نیزامەددین تاش و پەیەدەش بە موراد قەرەیڵان، بەڵام تەنیا نیزامەددین پەچەدەكەی دروستكرد و جەمیل بایك و موراد قەرەیڵان نەیانویست ئەو دوو هێزە دروست بكەن. بۆیە من سەرەتا پژاكم دروستكرد و پاشان پەیەدە. من دامەزرێنەری پەیەدە و پژاكم. ئێمە كاتێك بەرپرسیارێتیمان دەدایە ئەوانەی لە ئەوروپاوە دەگەڕانەوە، پرسمان بە زوبێر ئایدار و رەمزی كارتاڵ دەكرد كە ئەندامی كەنەكە بوون، ئەوان پێشنیازیان كرد كە حاجی ئەحمەدی ببێ‌ بە سەرۆكی پژاك و گوتیان كەسێكە لە قسەمان دەرناچێ‌. بەڵام حیجاب كەسێكی رۆشنبیر بوو، بیروبۆچوونی سەربەخۆی هەبوو.

 

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی