چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، هەندێ هێز و لایەنی دیکە شوێنی قەندیل دەگرنەوە. نوێنەری هەدەپەش لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئاشتی لە تورکیا، هەولێر دەبێتە سەنتەری گفتوگۆکان و رۆڵ و کاریگەریی گەورەی لە پڕۆسەکەدا پێ دەدرێت. لە چەند رۆژی رابردووشدا سەزای تەمەلی، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رای گەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەست پێ دەکاتەوە. لای خۆشیانەوە، عەبدولحەمید گول، وەزیری دادی توركیا رای گەیاند، كە ھیچ ئاستەنگێك بۆ دیداری پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان نەماوە.

***

ئەوەش دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەدا دێت، کە لە ساڵی 2012 بۆ جارێکی دیکە پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان پەكەكە و توركیا ھاتە ئاراوە، کە ئەوکات شاندێك لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە بۆ گفتوگۆی نێوان توركیا و پەكەكە پێكهات، کاتێک سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پەكەكەیان لە ئیمڕالی کرد و چەند جارێكیش ئەو شاندە، نامەی ئۆجەلانیان بۆ سەركردەكانی پەكەكە گەیاندە قەندیل، هەنگاوی زۆر نران و نزیک بووەوە لەوەی کە راستەوخۆ قەندیل بەرەی یەکەمی گفتوگۆکان بێت لەگەڵ حکوومەتی تورکیا، بەڵام دواتر بەهۆی هەژموونی پەکەکە بەسەر هەدەپە و روودانی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ئاکپارتی و هەدەپە و پەکەکە، پڕۆسەکە ئاوەژوو بووەوە و دۆخەکە بە ئاراستەی شەڕ و پێکدادان گۆڕایەوە.

***

لەدوای ھەڵبژاردنەكانی 7ی حوزەیرانی توركیا لە ساڵی 2015، جارێكی دیكە ئاڵۆزی لەنێوان ئاكەپە، پارتی دەسەڵاتدار و ھەدەپە، سەری ھەڵدایەوە، کاتێک ئاکپارتی پێویستی بە کورسییەکانی هەدەپە بوو بۆ ئەوەی لەگەڵیدا ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا بۆ پێکهێنانی حکوومەت تەواو بکات، بەڵام هەدەپە بە فەرمانی قەندیل ئامادە نەبوو بڕواتە ئەو حکوومەتەوە، کە ئاکپارتی پێکی دەهێنێت، بەو هۆیەوە هەڵبژاردن دووبارە کرایەوە و پارتی دەسەڵاتدار کورسیی پێویستی بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەو هەڵبژاردنەدا تێپەڕاند و کورسییەکانی هەدەپەش لە ٨١ کورسییەوە بۆ ٥٩ کورسی دابەزین. لەو سەروبەندەدا و هەر لەو ساڵەدا تەقینەوەیەك لە ناوچەی (پرسوس) سروچی سەر بە شاری رحای باكووری كوردستان رووی دا و حکوومەتی توركیا پەكەكەی بە بكەری تەقینەوەكە لەقەڵەم دا، دوای ئەوە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان باكوور و باشووری كوردستان و بناری قەندیل ئەنجام دا، ئەمەش بە ھەنگاوی یەكەمی دەستپێكردنەوەی شەڕ دادەنرێت.

***

ئێستاش، بە خوێندنەوە بۆ ئەو دۆخەی لە رابردوودا هەبووە، هەندێ لە چاودێران پێیان وایە، بۆ دەستپێکردنەوەی ئاشتی، تورکیا ئامادە نابێت بەرامبەرەکەی بۆ دانوستان پەکەکە بێت، بەڵکوو هەندێ هێزی وەکوو هەدەپە و نزیک لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان، سەنتەری گفتوگۆکان دەبن.  لەدوای پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی لە تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، لە راگەیەنراوێکیدا، کە لە میدیا فەرمییەکانی خۆی بڵاوی کردەوە، لە قەندیلەوە جەختی کردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر سیاسەتی ئێستای خۆیان بە شەڕکردن لەگەڵ حکوومەتی تورکیا. لە پەیامەکەدا سەرەڕای ئەوەی کە ئاماژە بە قبووڵکردنی پەیامەکەی ئۆجەلان دراوە، بەڵام هاتووە: “له‌م بابه‌ته‌دا هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێین، هه‌ر بۆیه‌ چاوه‌ڕوان نابین و چالاكتر تێ ده‌كۆشین، خۆی له‌ خۆیدا ١ی حوزه‌یران نۆیه‌مین ساڵیادی هه‌ڵمه‌تی چواره‌مین ستراتیژی ساڵی ٢٠١٠یه‌، ئێمه‌ ده‌ست به‌ ده‌یه‌مین ساڵیادی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان ده‌كه‌ین، وه‌ك فیناڵی ستراتیژیی ٩ ساڵه‌ی شه‌ڕی شۆڕشگێڕی گه‌ل، دڵنیاین كه‌ له‌ ده‌یه‌مین ساڵیاددا ڕێباز و تاكتیكی ستراتیژی شه‌ڕی شۆڕشگێڕیی گه‌ل به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاست و پێویست جێبه‌جێ ده‌كه‌ین”.

***

بەڵام عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە لە دوایین پەیامیدا، کە لە رێگەی براكەیەوە بڵاوی كردەوە و دەڵێت: “هەم دەوڵەت و هەم پەكەكە دەبێ شێوازی دیكەی پرۆسەی چارەسەری بگرنە بەر، بە كوشتن و خوێنڕشتن هیچ ئەنجامێكی چارەكردن بەدی ناكرێت”. 

***

لەمبارەیەوە، عابد ئیکە، نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی کوردستان وتی: تاوەکوو ئێستا ئاماژەکان لەلایەن دەوڵەتەوە بەو ئاراستەیە نین، کە شەڕ بوەستێت و ئاگربەست روو بدات تاوەکوو ئەوەش روو نەدات، ناتوانین بڵێین پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێ کردووە، ئەوەی هەیە، کرانەوەیە بە رووی ئیمرالی و لادانی گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان، ئەوە تەنیا پڕۆسەی ئاشتی دروست ناکات، بەڵکوو راگرتنی ئۆپەراسیۆن و ئاگربەست لەسەر پەکەکە و قەندیل هەنگاوی سەرەکییە بۆ ئەوەی بڵێین ئێستا لە قۆناغی دەستپێکردنی پڕۆسەکەداین. ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە، هەولێر وەکوو پێشتر، کە رۆڵ و کاریگەریی گەورەی هەبووە، بۆ ئەمجارەشیان وەکوو ناوەندێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵ و کاریگەریی گەورەی دەبێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە و تەنانەت نێوەندگیری لەنێوان هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندیدارن بە پڕۆسەکەوە.

***

ئاراس عەبدوڵا، ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان، لەمبارەوە وتی: لەم گەڕی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پێشبینی ناکرێت قەندیل رۆڵی بەرەی بەرامبەری هەبێت، دۆخەکە ئێستا گۆڕاوە و هێزی دیکە بۆ ئاشتی لە تورکیا شوێنی پەکەکە دەگرنەوە و دانوستان و گفتوگۆی حکوومەتی تورکیا لەگەڵ ئەواندا دەبێت. به‌رقه‌راربوونی ئاشتی له‌ باکووری کوردستان و تورکیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هەرێمی کوردستاندایە، هه‌وڵی زۆر درا بۆ لێک نزیککردنه‌وی پارته‌ کوردییه‌کان به‌تایبه‌تی هەدەپە له ده‌سه‌ڵاتی تورکیا تا بە چارەسەری ئاشتییانە بگەن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هەدەپە به‌ رێنمایی قه‌ندیل ئه‌و پرۆسه‌‌یه‌یان له‌بار برد، ئه‌وه‌ش نه‌ک ته‌نیا کاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی کرد، بگره‌ به‌ زیانی خۆشیان ته‌واو بوو و له‌ ٨٠ کورسییەوە بۆ که‌متر له‌ ٦٠ کورسی په‌رله‌مانی دابه‌زین، په‌که‌که‌ ده‌ستی به‌ هێرشی چه‌کداری و پارتیزاتی کرد، بۆ شکستپێهێناتی پڕۆسه‌ی ئاشتی لە تورکیا، کە لەوە دەچێت ئەمجارەیان هەدەپە درکی بەوە کردبێت و دوور لە قەندیل، تەنیا لە ئۆجەلان فەرمان وەربگرێت، کە ئەوەش بە قازانجی کورد و تورکیاش دەبێت.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی