لەگەل ئەوەی هەندێك پەرلەمانتار پێشوتر رایانگەیاندبوو كە مەترسی لە سەر مووچەی فەرمانەببەرانی هەرێمی كوردستان هەیە، لە ئەگەری بەردەوامی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا مەترسی گەورە دەكەوێتە سەر مووچە بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی رایدەگەیێنێت كە بەغدا و هەولێر نیەتی ئەوەیان لاهەیە ئەگەر هەر كێشەیەك هەبێت نەگاتە ئاستی دروستكردنی مەترسی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
***
جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: نیەتەكەی بەغدا و هەرێم بەجۆرێكە، چەند لێكتێنەگەیشتن و ناكۆكی لەسەر بابەتەكانیش هەبێت، نەگاتە ئەوەی نزیكی موچەی خەڵك ببێتەوە.
***
سەبارەت بە پرسی رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بە بەغدا، جوان ئیحسان رایگەیاندوە، لە كۆبونەوەیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم تێبینی ئەوەیان كردووە لێكتێنەگەیشتن هەیە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، ئەو ژمارانەی حكومەتی عیراقی دەیڵێت حكومەتی هەرێم بەجۆرێكی تر مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، ئەوەی حكومەتی هەرێمیش باسی دەكات حكومەتی عیراقی بەجۆرێكی تر مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، بۆیە هەرێم و بەغدا نەگەیشتونەتە رێككەوتنێك لەوبارەیەوە.
***
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆتایدا وتی: لە كۆبونەوەمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەوە رونكرایەوە، كە حكومەتی عیراقی بە فیعلی 80 ملیار دۆلار قەرزاری حكومەتی هەرێمە، لەهەمانكاتدا هەرێمی كوردستان قەرزاری كۆمپانیا نەوتیەكانە.