شرۆڤەکاران لەگەڵ پێشوازی و لایەنگری لە جووڵانەوەی مەدەنی دایکانی کورد بۆ گوشار هێنانە سەر پەکەکە جەختیان کردەوە.
***
مانگرتنی ئەو دایکانەی کە منداڵەکانیان لەلایەن پەکەکە/پەژاکەوە رفێندراوە لە بەردەم نووسینگەی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان (HDP) کاردانەوەی توندی بەدواوە بوو. ئەم دایکە کورد و تورکانە لەگەڵ 5 ماڵباتی کوردی ئێرانی لە پێش راگەیاندنەکان داوایان لە پەکەکە و پەژاک کرد منداڵەکانیان بۆ بگەڕێننەوە. بەڵام ئەم گرووپە توندڕەوە نەتەنیا گوێ بۆ داخوازیەکانیان نەگرت بەڵکو وەک جاش و پیلانگێڕ ناودێری کردن. ئەم کاردانەوەی فیرقەی پەکەکە پیشانی دا لەدیدی پەکەکەوە هەرکەس کە لەگەڵیان نەبیت دوژمنیانە. بۆیە هەموو ئەو قسانەی کە لەبارەی پاراستنی مافی کوردانەوە دەڵێن پووچ و بەتاڵن. چوونکە ئەم دایکانەش کوردن و منداڵەکانیشیان ئەندامی چەکداری پەکەکە و پەژاکن.
مێدی پەرینچەک کۆمەڵناسی کوردی تورکیا لەم بارەوە دەڵێت: دەتوانرێت لە سووچێکی دیکەوە چاو لەم بابەتە بکرێت ئەوەش بە چاوی دەوڵەت و پەکەکەیە. بەڵام ئەوەی سەلمێنراوە ئەوەیە کە دایکان مافی خۆیانە ئاگاداری چارەنووسی منداڵەکانیان بن بۆیە دەبێت هەدەپە هەوڵ بدات لەرێگای پەکەکەوە بگاتە ئەنجامێک.
***
عەدنان فورات بایار کۆمەڵناسیش دەڵێت: باشتر وایە دایکان و دەزگا دەوڵەتی و سڤیلەکان و خەڵک جۆرێکی دیکە بیری لێ بکەنەوە. چوونکە تەنانەت ئەگەر هەدەپە بیەوێت کارێک بکات لەبواری سیاسی پێگەیەکی وای نییە کە بتوانێت بۆ دەوڵەت یا پەکەکە ئەرک و بەرپرسیاری دەسنیشان بکات. لەبیر نەکەین هەدەپە گرێدراوی پەکەکەیە واتە لە پەکەکە فەرمان وەردەگرێت.