هێمن عەبدوڵڵا

 

بڕیاری قەدەغەکردنی تەڤگەرە سێبەرەکەی پەکەکە لە زۆنی سەوز رووداوێکی نوێ نەبوو، چونکە لەدوای راپەڕین و لە کۆتاییەکانی شەڕی پارتی و یەکێتی و لە زۆر قۆناغی دیکەدا یەکێتی شەڕی دژی پەکەکە کردووە. بڕواناکەم کەسی ئاگادار هەبێت وتارە بەنێوبانگەکەی مام جەلالی لەبیرچووبێتەوە کە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ قایلکردنی لایەنەکان بۆ دەرکردنی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دای. راستییەکەی بەدرێژایی ساڵانی رابردووش پەیوەندییە بە رواڵەت باشەکەی یەکێتی و پەکەکە مانگێکی هەنگوینی بوو کە دەبووایە کۆتایی بێت. بەڵام ئێستا چی گۆڕاوە کە یەکێتییە نوێیەکان دەگەڕێنەوە سەر رێبازی مام جەلال و دژی ئەو هێزە رادەوەستنەوە کە چیرۆکی خەیاڵییان بۆ دەهۆنییەوە و گوایە بە ئاسماندا هێزیان دەنارد بۆ عەفرین تا بەرگرییان لێبکەن؟

 

هۆی یەکەم مەسەلەی فڕۆکەخانەی سلێمانییە، بەڵام بەو تێگەیشتنەوە نا کە زۆرمان لەسەری هەمانە. تورکیا لە ساڵانی نیگەرانیدا لە پشتیوانیی یەکێتی لە پەکەکە، بژارەی سزادان یان گوشارخستنە سەر یەکێتیی کەم بوو، بەڵام بیرۆکەی داخستنی ئاسمانی کوردستان و لەگەڵیدا سلێمانیش هەلێکی زێڕین بوو بۆی تا بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێ. لەلایەکەوە بۆ نێوخۆ وەک کاردانەوەیەک دژی گشتپرسی لێکدرایەوە و دواتر ئەردۆغان لە گۆڕینی سیستمی سەرۆکایەتیدا بەرهەمەکەی چنییەوە، لەلایەکی دیکەشەوە یەکێک لە شادەمارەکانی داهاتی یەکێتیی کەوتە دەست و تا رادەی وشککردنی برد. هەرچەندە دەگوترێ داهاتی فڕۆکەخانەکان دەچێتەوە بۆ حکومەت، بەڵام وەک کەسێکی زۆر ئاگاداری گۆڕان بۆی باسکردم، داهاتی فڕۆکەخانەی سلێمانی کەمتر لە بیست لە سەتی ئاشکرایە و دەچێتەوە بۆ حکومەت، ئەویدیکەی بۆ یەکێتییە. کەواتە هەرچەندە قەبارەی کەتنەکە بچووکترە بەڵام دەتوانین بڵێین وەکچۆن لە شازدەی ئۆکتۆبەردا کەرکووک بە چەند تەنکەرێک نەوت گۆڕدرایەوە، ئەمجارەش یەکێتی هاوپەیمانەکەی خۆی بە گەڕاندنەوەی چەند دۆلارێکی فڕۆکەخانەی سلێمانی گۆڕیوەتەوە.

 

هۆی دووەم ئەوەیە کە یەکێتی لەسەرەتاوە لەو دۆستایەتییەی لەگەڵ پەکەکە تووشی سەرئێشە ببوو. چونکە پەکەکە بە سوودوەرگرتن لەو دۆستایەتییە لە ناوچەکانی پشدەر و بیتوێن و هەڵەبجە و پێنجوێن و تەنانەت گەرمیانیش جگە لە ئیشی رێکخستن، بەردەوامیش بوون لە بردنی مێردمنداڵی باشوور بۆ نێو ریزەکانیان، زۆرجار کەسوکاری ئەو مێردمنداڵانە کادیری باڵای یەکێتیش بوون. ئەم بابەتە لەبەر هەستیارییەکەی زۆر بەکەمی بایەخی میدیایی وەرگرت، بەڵام من خۆم کەیسم لەلایە کە لە زۆنی سەوز روویداوە.

 

سەرئێشەیەکی دیکە کە پەکەکە بۆ یەکێتیی دروستکرد، لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی رابردوودا بوو کە زۆرجار رێکخستنەکانی پەکەکە توندتر لەوانەی گۆڕان پشێوییان دەنایەوە و دۆخەکەیان لە یەکێتیی هاوپەیمانیان کە دەسەڵاتداری ناوچەکە بوو، ئاڵۆزتر دەکرد. کار گەیشتە ئەوەی لە هەندێک لەو ناوچانەدا هەڕەشەی جاڕدانی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریش بکەن. بە سنووردارکردنی چالاکییەکانی تەڤگەرەکەی پەکەکە، یەکێتی دەیەوێ سەقامگیری بگێڕێتەوە بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی و رێگە لە پەلهاویشتنی زیاتری پەکەکە بگرێت لەو ناوچانە.

 

هەرچەندە هەندێک کەس باسی رێککەوتنێکی تاکتیکی دەکەن لەنێوان پەکەکە و یەکێتی بۆ چاوبەستکردنی تورکیا و رێگەخۆشکردن بۆ رێگەدان بە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەڵام کەسی ئاگاداری نێو یەکێتی دەڵێن بەپێچەوانەوەیە و یەکێتی بەڵێنی بە تورکیا داوە دەستی پەکەکە لە ناوچەی خۆیدا سنووردار بکات و لە رۆژانی داهاتووشدا بەکردەوە ئەمە پیشان بدات.

 

بەهەر شێوەیەک بێت زۆنی سەوز یان رەنگاوڕەنگ لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی خراپ ئیدارەدان و ئەو هەڵبەز و دابەزانەی بەهۆی جیابوونەوە و باڵباڵێنەکانی نێو یەکێتییەوە تووشی بوو، مەینەتی و ئێشی زۆری بینی. بۆیە باش دەبێ یەکێتی و پەکەکە بە هەڵایساندنی شەڕ و ئاڵۆزی، بەتایبەتیش لە پشدەر، خەڵکی ناوچەکە لەوەی هەیە پەرێشانتر نەکەن. رێگەی راستیش ئەوەیە پەکەکە رێز لەو دۆخە نوێیە بگرێت کە لە هەرێمی کوردستان دروستبووە و هیچ نەبێت بۆ جارێکیش بێت پشتیوانی بەهێزبوونی حوکمڕانیی باشوور بێت.

 

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی