لەدوای دەستپێكردنی ئۆپەڕاسیۆنی چنگ لەلایەن سوپای توركیاوە بۆسەر هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا لەسنووری خواكوڕك سەركردە باڵاكانی پەكەكە لەلێدوانەكانیاندا بەئاشكرا پارتی دیموكراتی كوردستانیان تۆمەتباركرد بە كارئاسانی و هاوكاریكردنی سوپای توركیا، بۆیە ڕەخنەی توندیان لەپارتی و یەكێتی و حكومەتی هەرێم گرت. لەدوای ئەم ئۆپڕاسیۆنە، شەڕی توركیا و پەكەكە بۆ نێو ناوچەكانی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان داكشا، بەتایبەت هێرشی فڕۆكە شەڕكەرەكانی سوپای توركیا بۆ ناوچەكانی ئامێدی و شارباژێڕ و پشدەر، كە بۆیەكەمجارە ئەم ناوچانە بكەونە بەر شاڵاوی هێرشەكانی توركیا، كە کوژراو برینداری لێكەوتەوە.

***

پەكەكە لەڕێگەی دروستكردنی باڵی سەربازیی خۆی تایبەت بە باشووری كوردستان چاو لەبەرپرسانی هەرێم سوور دەكاتەوە و تەنانەت خەریكە گڵۆپی سەوزیش بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لە دژی ئەو حیزب و لایەنانەی هەرێم هەڵدەكات كە هاوكاری توركیا دەكەن و دژایەتی بوونی پەكەكە دەكەن. پەکەکە هاوشێوەی پارچەكانی دیكەی كوردستان باڵی سەربازی خۆی لەباشووری كوردستان بەناوی هێزەكانی پاراستنی جەوهەری باشووری كوردستان ڕاگەیاند، ئەمەش بۆ ڕووبوونەوەی سوپای توركیا و هاوكارەكانی لەباشووری كوردستان، بەڵام بەڕای چاودێران دروستكردنی ئەم هێزە تەنها وەك كارتێكی فشارە لەسەر بەرپرسانی هەرێم ئەگەرنا لەبەرژەوەندی پەكەكە نییە، كە شەڕی چەكداری دژ بە كوردانی باشوور بكات، لە حاڵی ناچاریدا نەبێت.

***

پەکەکە دەڵێت هێزی لەشكری ڕۆژ كە سەر بە(ئەنەكەسە)یە و لەلایەن توركیا و پارتییەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێكراوە، لەلایەن توركیاوە بەكاردەهێندرێن بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا، هەر بۆیە بەشێك لەو هێزانە گواستراونەتەوە بۆ بەشی پێشەوەی بەرەكانی شەڕ، هەروەها لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە كارئاسانی و هاوكاری توركیا دەكرێت. پەکەکە هۆشداری توند دەداتە بەرپرسانی هەرێم و دەڵێت بێدەنگی یەكێتی و پارتی و بەرپرسانی هەرێم جێگەی قبوڵكردن نییە، بۆیە شەڕی پارتی و پەكەكە بەڕێژەیەكی زۆر پێشبینیكراوە، بەتایبەت لەحاڵی بەردەوامبوونی ئەم ڕەوشەی ئێستادا.

***

لەو بارەیەوە بڵند ئیسماعیل ئەندامی سەركرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ئاماژەی بەئەوەدا، پارتی بەهیچ شێوەیەك هاوكاری توركیای نەكردووە، چونكە پەكەكە هیچ شەڕێكی لەگەڵ توركیا نەكردووە، تاكو توركیا پێویستی بەهاوكاری بووبێت، بەپێچەوانەوە ئەوە پەكەكەیە هاوكاری توركیا دەكات بەوەی، هۆكارێك دەداتە دەست توركیا تاكو فڕۆكەی شەڕكەر بنێرێتە سەر خاكی باشووری كوردستان و خەڵكی مەدەنی بكوژێت، ئەوە پەكەكەیە ناهێڵێت 500 گوند لەباشووری كوردستان ئاوەدانببێتەوە و كردوونی بەبارەگای جەنگ، بەڵام یەك گوندی باكووری كوردستانی لەژێر دەست نییە. دەبوو پەكەكە هەوڵیبدایە لەلیستی تیرۆر بێتە دەرەوە، لەكاتێكدا ئەوان بەدەموچاو بەستراوی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە خۆیان دەردەخەن، خۆیان بەتیرۆریست دەناسێنن، بۆیە ئەوەی پەكەكە دەیكات كارێكی خراپە و زیان بە تێكڕای دۆزی كورد دەگەیەنێت، چونكە ئەگەر پەكەكە خەباتی مەدەنی یان سەربازی دەكات بابچێتەوە باكووری كوردستان. گومان لەداخوازی پەكەكە هەیە، چونكە ئەگەر پەكەكە دەیەوێت باكووری كوردستان ئازاد بكات، چ پەیوەندییەكی بەناوچەكانی كاروخ و شنگال و مەخمور و قەندیلەوە هەیە.

***

ساڵانێكی زۆرە هاووڵاتیانی دێهاتنشینی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا بوونەقوربانی شەڕی پەكەكە، بەهۆی ئەوەی ئەو حیزبە مەیدانی كوردستانی تورکیای چۆڵكردووە و ناوچە سنوورییەكانی باشوری كوردستانی كردووە بە مەیدانی شەڕەكانیان. ئەو ناوچانە لەژێر هێرشی زەوینی و ئاسمانی توركیادا بوون و دەیان كەسیان کوژراوو بریندار بوون و ماڵ و موڵكیان سوتاوە و ئاوارە بوون، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ئاست ئەو حیزبانە و توركیا دەستەوەستان بووە. ئێستاش ڕەوشەكە خەریكە لەگرێژنە دەردەچێت و دەچێتە قۆناغێكی مەترسیدارترەوە، بەوەی شەڕی پەكەكە و سوپای توركیا دێتە قوڵایی ناوچە ئاوەدانییەكانی باشوری كوردستانەوە و پەلیش دەهاوێژێت بۆ شەڕێكی چەندبارەی كوردكوژی پەكەكە لەگەڵ هێزەكانی باشوردا.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی