ئارام باڵەتەیی وتەبێژی فراکسیونی پارتی دیموکراتی
کوردستان رایگهیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو دۆسیەی نەوت بداتە
دەست حکوومەتی ناوەندی عێراق و لەبەرامبەردا عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم
رەوانە بکات، بەڵام ئەوە عێراقە کە ئامادە نییە ھەموو دۆسیەی نەوتی ھەرێم وەربگرێت.
ئارام باڵەتەیی لەبارەی دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی
ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال لە بەغدا وتی: “چەندین شاندی ھەرێمی
کوردستان بە زنجیرەیەکی سەرەدانکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کوبوونەتەوە
بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشە ھەڵواسراوەکانی بەینی ھەردوولا و حکوومەتی ھەرێم ھەموو
داتایەکانی لە بارەی فەرمانبەرانی ھەرێم و دۆسیەی نەوت و غاز و ھەموو ئەو
بابەتانەی کە کێشەلەسەرە پێشکەش بە حکوومەتی عێراق کردووە و عێراقیش تا ئێستا نە
ئەم داتایانەی رەتکردوونەتەوە و نە بڕیاری کۆتایشی داوە، ئێمە چاوەرێی بڕیاری
کۆتایی بەغداین چونکە ئێستا چەندین بژاردە ھەن و بڕیاری کوتایی بۆ ھەڵبژاردنی
یەکێک لە بژاردەکان بەدەست بەغداوەیە”.
وتیشی: “ناتوانین باسی ژمارەکان بکەین چونکە ھێشتا
ژمارەیەکی دیاریی کراو دەستنیشان نەکراوە، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە کە ئەگەر
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو داھاتی مەرزەکان و داھاتی ناوخۆ و داھاتی نەوت
ھەمووی بداتە دەست بەغدا لە بەرامبەردا بەغدا چەند پارە بۆ ھەرێم رەوانە دەکات،
بژاردەیەکی تریش ئەوەیە کە ئەگەر حکوومەتی ھەرێم نیوەی ئەم داھاتانە لەگەڵ 250
ھەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بداتە دەست بەغدا لە بەرامبەردا بەغدا چەند پارە بۆ
ھەرێم رەوانە دەکات”.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە 895 ملیار دینار
ھەیە تەنها بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی جگە لە چەندین خەرجی تر. لەھەر
حاڵەتێکدا حکوومەتی ناوەندی عێراق ئامادەیی خۆی دەرنەبڕیوە بۆ پێدانی ئەم بڕە
پارەیە بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ئارام باڵەتەیی لە بارەی بەربەستەکان بۆ رێکنەکەوتنی ھەرێم
و بەغدا وتی: “رەنگە بەربەستی سیاسی یەکێک لە ھۆکارەکانی رێک نەکەوتن بێت
چونکە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان و لایەنە دەرەکییەکان فشار لەسەر سەرۆکوەزیران
دروست دەکەن و ھەندێک کات بابەتی تەکنیکی دەبنە بەربەست. لە لایەکی تریشەوە ئێستا
عێراق خۆی لە قەیراندایە و زۆر زەحمەتە بۆ حکوومەتی عێراق لەئێستادا پارەی پێویست
بۆ خەرجییەکانی عێراق دابین بکات .ئێستا لەھەر کاتێک زیاتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو دۆسیەی
نەوت بداتە دەست حکوومەتی عێراق، بەڵام ئەو راستییەی کە زۆر باس ناکرێت ئەوەیە کە
حکوومەتی عێراق خۆی ئامادە نییە ھەموو دۆسیەی نەوتی ھەرێم وەربگرێت، چونکە ئەم
دۆسیەیە قەرزی لەسەرە، پێش چەند رۆژێکیش لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی نەوت و غازی
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، وەزیری نەوت خۆی دانپێدانی
کرد کە لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە ھەموو دۆسیەی نەوتی ھەرێم وەربگرێت چونکە ئەو
دۆسیە زۆر قەرزی لەسەرە”.