رۆژی 19ی نیسانی 2019 سێ ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی (سەلیم كۆیی، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی پەیوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی. سەعید هەركی، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی (11)ی دەوروبەری هەولێر. ئیسماعیل رەسووڵ – ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی (3)ی هەولێر) دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان راگەیاند و لە نامەیەكدا داوای چاكسازیی ریشەییان لە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كرد.
سەلیم كۆیی، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی وتی: بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین بگەڕێینەوە نێو كۆمەڵی ئیسلامی، ئێمە لە مانگی نیسانی رابردوو ئەو بڕیارەمان داوە و ئامادەنین پاشگەز ببینەوە. ئێمە سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەی تایبەت بە خۆمانین، لە دەرەوەی كۆمەڵی ئیسلامی كاری سیاسی خۆمان دەكەین و پەیوەندی بە هیچ لایەنێكی دیكەشەوە ناكەین.
***
فارووق عەلی، ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی لەمبارەوە وتی: لیژنەی باڵای ئامادەكاری بۆ كۆنگرە دەستی بە كارەكانی كردووە و جگە لە مەڵبەندەكانی سلێمانی و دهۆك، كارەكانی لە هەموو مەڵبەندەكانی دیكە تەواو كردووە. ئێستا نوێنەری مەڵبەند و ئۆرگانەكان بۆ كۆنگرە دیاریكراون، دوای تەواوكردنی كارەكان لەگەڵ مەڵبەندەكانی سلێمانی و دهۆك، لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە راپۆرتی كۆتایی خۆی دەداتە ئەنجوومەنی سەركردایەتی بۆ دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە كە پێدەچێت بكەوێتە مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو.
***
لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی سەركردە زویربووەكان و بەتایبەت دڵشاد گەرمیانی، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی گوتی: بە ئەگەری 90% دەگەڕێنەوە نێو حیزب، گفتوگۆیان لەگەڵدا كراوە.
ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی كە ئێستا لە كاری سیاسی دووركەوتوونەتەوە و هێشتا لەنێو كۆمەڵی ئیسلامیدا ماون، بریتین لە: (دڵشاد گەرمیانی، تۆفیق كەریم، مەروان گەڵاڵی، شێخ موحسین، حاجی قاسم، حاجی دڵشاد و مامۆستا نازم)، ئەوان لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیەوە بۆ گەڕانەوە گفتوگۆیان لەگەڵ كراوە، بەڵام بۆ گەڕانەوە پڕۆژە پێشنیازی تایبەت بە خۆیان هەیە.
***
مەروان گەڵاڵی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ وتی: ئێمە وەكو ئەو حەوت ئەندامەی مەكتەبی سیاسی، تاوتوێی بەشداریكردنمان لە كۆنگرەی چوارەمدا كردووە و هەرچییەكمان هەبێ بە ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیمان گوتووە، هیوادارم پرۆژەكەمان سوودی بۆ كۆمەڵی ئیسلامی و هەموو لایەك هەبێت.
***
سەرەڕای كۆبوونەوە و هەوڵە بەردەوامە نێوخۆییەكان، هێشتا رای جیاواز لەنێوان ئەو گرووپەی مەكتەبی سیاسی و لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە هەیە. عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی لەوبارەوە وتی: سەرەڕای گفتوگۆیەكی چڕ، تاوەكو ئێستا رای جیاواز هەیە و نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی. هیچ گرفتێك لەنێوان كۆمەڵی ئیسلامی و دڵشاد گەرمیانی و سەركردەكانی دیكە نابینم، ئەوان تاوەكو ئێستاش بەشێكن لە كۆمەڵی ئیسلامی.
***
ئەوانەی لە كۆمەڵ ناڕازین هەر ئەو حەوت ئەندامەی مەكتەبی سیاسی نین، ژمارەیەك كادیر و سەركردەی دیكەش لەو حیزبە كشاونەتەوە، تەنانەت هەندێكیان دەستیشیان لەكار كێشاوەتەوە. جگە لەو دوو ئەندامەی سەركردایەتی، 113 كادری دیكە و ژمارەیەكی زۆریش هەن كە كار و چالاكییەكانی ئەو حیزبەیان بایكۆت كردووە، بەڵام جیابوونەوەیان رانەگەیاندووە.
***
دوای هەوڵ و مشتومڕێكی زۆر، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان خۆی بۆ بەستنی كۆنگرە یەكلایی كردەوە و بڕیارە لە مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ كۆنگرەی چوارەمی ببەستێ. خاڵی جیاكەرەوەی كۆنگرەكەش لەگەڵ ئەوانەی رابردوو مەرج و پرۆژەی چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و راگەیاندنی حیزبێكی دیكەی هەڵقوڵاو لەناخی ئەو حیزبەیە.