لە كۆتاییە‌كانی  ساڵی 2019 ، شاندێكی ڕوسی چەند كۆبوونەوەیەكی دوور و درێژی لەگەڵ كەسایەتەكانی شاری قامیشلی كردووە بەمەبەستی نێوانگیریكردن لە نێوان دیمەشق و ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا.

شاندە ڕوسییەكە  نەخشەڕێگەیەكی 10 خاڵ لە هەگبەدا بووە بۆ دانوستان لە نێوان دیمەشق و ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا، كە بەگوێرەی نەخشە ڕێگەكە،‌ كوردەكان بەشداری لە كارەكانی لیژنە دەستوورییەكەی سوریا دەكەن، بزووتنەوەی سیاسی كوردی نوێنەری دەبێت لە حكومەتی سوریادا، پاسەوانی سنووری لە كوردەكان بە درێژایی سنوورەكانی سوریا لەباكوور لە دەروازەی “سمیلكا”وە تا منبج لە ناوچەی گوندەواری حەلەبی ڕۆژهەڵات جێگیردەكرێن.

گفتوگۆكان ئەوەشیان لە خۆگرتووە، ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا و حكومەتی سوریا دەست بە دانوستان دەكەن و لیژنەی هاوبەشی سەربازی و ئابووری پێكدێنن، بەڵگەنامەی فەرمی بۆ كوردەكان دەردەكرێت، بڕوانامەی فێركاری بۆ قوتابییە كوردەكان دەردەچێت، هەماهەنگی دەكرێت بۆ سوودوەرگرتن لە سامانەكانی وزە  و بە تایبەتیش بەربەستی فوڕات لە شارۆچكەی تەبقەی لەپارێزگای ڕەقە، سوپای سوریا لە قوتابخانە و كۆمەڵگا پەروەردەییەكانی ناوچە كوردەكان دەچێتە دەرەوە. هەروەها ڕێگەیەكی وشكانی دەكرێتەوە، كە شاری حەلەب و سنوورەكانی عێراقەوە بەیەكەوە دەبەستێتەوە‌ و بە ئەلبوكەمالدا تێدەپەڕێت، مەترسی و هەڕەشەكانی بنكە سەربازییەكانی سوپای سوریا بۆ سەر كوردەكان لادەبرێت.

شاندە ڕوسییەكە سەرەتا سەردانی دیمەشقی كردووە و لەرۆژانی 25 و 26 ی دیسەمبەری 2019 چەند كۆبوونەوەیەكی چڕوپڕی لەگەڵ  حكومەتی سوریادا كردووە، ئینجا لە 26 ی دیسەمبەر ڕوویكردووەتە قامیشلی و سەكردەكانی پەیەدە و جێگری سكرتیری پارتی یەكێتی كوردی و ئەندامانی پارتی هاپەیمانی نیشتمانی سوریای و پارتی پێشكەوتنی كوردی و سەرۆكی هاوبەشی پارتی یەكێتی سریانی ئاشووری مەسیحی و كەسایەتییە عەرەبییەكانی شارەكانتی منبج و ڕەقە و تەبقە و دێرزوری بینیووە، شاندەكە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی ئۆپۆزسیۆنیشیان بینییوە.

مۆسكۆ گوێی لە دید و بۆچوونی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە گرتووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەكان، ناكۆكی و جیاوازی نێوان پارتە كوردییەكانیشیان بەهەند وەرگرتووە و مشتومڕیان لەبارەوە كردووە.

گفتوگۆكان باسیان لەسێ خاڵی سەرەكی كردووە: 
یەكەم، قسەكردن لەسەر چارەنووسی 7 ئیدارەی خۆسەری خۆجێی، كە پەیكەربەندی حوكمڕانی شارەكان پێكدێنێت و ڕووبەری 20% وڵات بەڕێوەدەبەن. 
دووەم، ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی هێزەكانی سوریای دیموكراتی عەرەبی كوردی و پۆلێسی خۆجێی (ئاسایش) و ڕۆڵیان لەئایندەی ئەو ناوچانە و بەشدارییان لە جەنگەكانی دەرەوەی‌ سنورەكانیان‌. 
سێیەم، جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە سوریای 2020 سوریای ساڵی 2011 نییە، ئەگەر دیمەشق بەردەوام بێت لە پەنابردنەبەر چارەسەری سەربازی بۆ یەكلاییكردنەوەی كیشەكان، هەموو وڵات تووشی كارەسات دەبێت.
پێش هاتنی شاندە ڕوسییەكەش، گەورە یاریدەدەرانی سەرۆكی ڕوسیا گفتوگۆیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان كردووە، بڕیاریش بووە كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان حكومەتی دیمەشق‌و نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا و لایەنی سیاسی كوردی و عەرەبی و ئاشووری مەسیحی ساز بدرێت، هەروەها سەركردە خۆجێیەكانیش بەشداری تێدابكەن، بڕیار بووە نەخشەڕێگای ڕێككەوتنێكی سەرەتایی ڕابگەیەندرێت، بەڵام ڕژێمی سوریای داوای كردووە وادەی ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەكە درێژ بكرێتەوە و دوابخرێت.

پێشتریش ڕژێمی سوریا لە دیسەمبەری ساڵی 2019، گوێی لە دید و بۆچوونی شاندی حیزبە كوردییەكان گرتووە لەو كاتەی سەردانی قامیشلیان كردووە، حكومەتی سو‌ریا بەمۆسكۆی وتووە، حیزبە سیاسییەكان چەند پیشنیارێكیان خستووەتە بەردەم، كە هەندێكیان جێگەی ڕەزامەندین وەك كاراكردنی یاسای ئیدارەی خۆجێی، هەندێك خاڵی دیكەش جێگەی قسەلەسەركردن و گفتوگۆن. وەك خستنەپاڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ ناو سوپای سوریا لەفەیلەقێكی سەربازیدا، كە ئەركیان پاراستنی ئەو ناوچانە بێت، لێی جێگیرن‌، هەروەها بەشداری پێكهاتەكانی ئەو ئیدارە خۆجێیە لە حكومەت و پەرلەمانی سوریا، بەڵام پرسی دابەشكردنی سامانەكانی وڵات بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتوانی ناوچەكە هێشتا مایەی مشتومڕە لەبەر هەستیاری دۆسییەكە.
سەرچاوە:  ADAR PRESS

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی