حوسنی مەحەلی، توێژەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پسپۆڕی کاروباری تورکیا لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی مەیادین کە بەریتانیا پاڵپشتی دەکات بڵاویکردووتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، کە واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای خۆیان، هاوکاری واقیعی ئێستای عێراق بکەن بۆ بێزارکردنی ئێران و توندکردنەوەی فشارەکان بۆسەری، لەو چوارچێوەیەشدا ئەنقەرە سوود لەو بارودۆخە وەردەگرێت.
لە بەشێکی وتارەکەیدا حوسنی محەلی، دەڵێت: دوور لە بانگەشە میدیاییەکانی جیهان لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەرێمی کوردستان خۆی دەبینێتەوە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئاسمانی تورکی و بەئامانج گرتنی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چیای قەندیل و خۆی ئامادە دەکات. تورکیا هەوڵەکانی بەردەوام بووە بۆ لەشکرکێشی و هێنانی سوپاکەی بۆ ناو کوردستانی ئێراق، لەو چوارچێوەیەشدا لەساڵی ٢٠٠٧، ٢٧ ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆسەر باشور ئەنجامداوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی نێوان ئەنقەرە و بەغدا کە لە ساڵی ١٩٨٧ بۆ هاتنە ناوەوەی بۆ ناو خاکی عێراق بە درێژی ٢٠ کیلۆمەتر واژۆی کردووە.
حوسنی محەلی، لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا نوسیویەتی: لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا ئەنقەرە سوودی لەو ڕێککەوتنانە وەرگرتووە و بە گوێرەی بەڵگەکان، ئەردۆغان، خواستیەتی نەخشەی تورکیا بگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٠ کە تیایدا ئیدلب و حەلەب و ڕەقا و ویلایەتی موسڵ کە سلێمانی و هەولێر و کەرکوکیش دەگرێتەوە، سەر بە تورکیان، بەڵام ساڵی ١٩٢٦ ئەم نەخشەیە بەدەستی ئینگلیز گۆڕاوە و خراوەتە سەر عێراق.
ئەو نوسەرە هەروەها دەڵێت: ساڵی ٢٠١٥ لەسەر ڕەزامەندی عێراق، لەشکرکێشی تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان دەستیپێکرد و لە بەعشیقە، ڕۆژهەڵاتی موسڵ جێگیر بوون، بە پاساوی پارێزگاری لە کوردەکان لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵام مەبەستەکەی تورکیا لە باشوور بۆ ئامانجی زیاتر پەرەی سەند بەتایبەت لەگەڵ بوونی بۆشایی ئەمنی لەناوچەکە.