له 31-3-2019 هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان له توركیا ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌كه‌په، كه پارتی ده‌سه‌ڵاته، ده‌یه‌وێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا بێ ركابه‌ر بێت و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر شاره‌وانیی شاره گه‌وره‌كانی توركیادا هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ئۆپۆزسیۆنێكی زۆر به‌هێز و توند به‌رامبه‌ری وه‌ستاوه‌ته‌وه.
***
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و سه‌رۆكایه‌تی له 24ی حوزه‌یران چه‌نده گرنگ بوو، هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانیش له توركیا هیچی له‌و هه‌ڵبژاردنه كه‌متر نییه، چونكه ئه‌وه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانه له توركیا دیاری ده‌كات، هاووڵاتییان تا چه‌ند بڕوایان به پارتی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن هه‌یه. ئه‌كه‌په و مه‌هه‌په و جه‌هه‌په و هه‌ده‌په و پارتی باش، کێبەرکێیانە تا بتوانن زۆرترین سه‌رۆكی شاره‌وانی ببه‌نه‌وه.
***
ئه‌كه‌په له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی 24ی حوزه‌یراندا، ده‌نگه‌كانی بۆ 42% دابه‌زی و به ته‌نیا نه‌یتوانی له‌ناو په‌رله‌مانی توركیا ببێته زۆرینه، له كۆی 600 كورسیی په‌رله‌مانی توانی 294 كورسی بباته‌وه، به‌ڵام ده‌نگی مه‌هه‌په كه 49 كورسی بوو و له‌ناو په‌رله‌مان هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌كه‌په‌دا به‌ست، توانیی ئه‌كه‌په بكاته‌وه زۆرینه و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ته‌واوی توركیادا بشكێت.
***
له‌م هه‌ڵبژاردنی شارهوانییهشدا،
ئه‌و دوو پارته واته ئه‌كه‌په و مه‌هه‌په بۆ 50 شاری توركیا هاوپه‌یمانییان به‌ستووه
و پاڵپشتی له كاندیدی یه‌كتری ده‌كه‌ن، نموونه له ئه‌نكه‌را و ئیسته‌نبۆڵ و
ئیزمیر مه‌هه‌په هیچ كاندیدێكی بۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی نابێت و پاڵپشتی له
كاندیدانی ئه‌كه‌په ده‌كات.
***
ئه‌گه‌ر بێت و له هه‌ڵبژاردنی
شاره‌وانییه‌كاندا ئه‌كه‌په دووچاری شكست ببێته‌وه و مه‌هه‌په‌ش به هه‌مان شێوه
ده‌نگه‌كانی كه‌م بكاته‌وه، كه زۆربه‌ی ده‌زگا راپرسییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌و
بۆچوونه‌دان، ئه‌مجاره‌یان ئه‌كه‌په و مه‌هه‌په دووچاری شكست ده‌بنه‌وه، چونكه
تۆخبوونی قه‌یرانی دارایی له توركیا كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن
ده‌بێت، ئه‌وكات ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته زۆر به‌هێز ده‌بێت.
***
ئه‌گه‌ر بێت و هاوپه‌یمانیی نێوان
مه‌هه‌په و ئه‌كه‌په له‌ناو په‌رله‌مانی توركیا هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، ئه‌وكات ئه‌كه‌په
له‌ناو په‌رله‌ماندا زۆرینه له‌ده‌ست ده‌دات و له‌ده‌ستدانی ئه‌و زۆرینه‌یه‌ش،
كار ده‌كاته سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌ركۆماری توركیا، كه ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغانه.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ش په‌یوه‌سته به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی
شاره‌وانییه‌كان.
***
به‌پێی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیی
توركیا، سهركۆمار بۆی هه‌یه هه‌ر بڕیارنامه‌یه‌ك كه بیه‌وێت ده‌ری بكات و هه‌ر
یاسایه‌كیش بیه‌وێت به ئیمزای خۆی ده‌یخاته واری جێبه‌جێكردنه‌وه. به‌ڵام
پێویسته ئه‌و پارته‌ی سه‌ركۆماری داناوه، واته پارتی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن، ده‌بێ
له په‌رله‌مان زۆرینه بێت، تا ئه‌و بڕیارنامانه به ده‌نگی 50+1ی په‌رله‌مانتاران
تێپه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانیی نێوان مه‌هه‌په و ئه‌كه‌په هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، ئه‌وكات
ئه‌رۆدغان رازی نابێت ده‌سه‌ڵاته‌كانی كه‌م ببێته‌وه و توركیا ده‌خاته ناو هه‌ڵبژاردنی
پێشوه‌خته‌وه. زۆربه‌ی چاودێرانی سیاسییش له توركیا پێیان وایه، ئه‌گه‌ر
سیناریۆیه‌كی له‌و شێوه‌یه روو بدات، ئه‌ردۆغان چاوه‌ڕوانی 2023 ناكات و توركیا
ده‌باته ناو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌وه، وه‌كوو چۆن له هه‌ڵبژاردنی 15ی حوزه‌یرانی
2015 هه‌مان سیناریۆی ئه‌نجام دا.
***
به‌شێك له‌و میدیایانه‌ی خۆیان وه‌كوو بێلایه‌ن ناساندووه، ئاشكرای ده‌كه‌ن، چه‌ندین گرووپ له‌ناو توركیا دروست بوونه و ئه‌و گرووپانه‌ش پڕ چه‌ك كراون، دوای هه‌ڵبژاردن به‌نیازن شه‌ڕی ناوه‌خۆیی به‌رپا بكه‌ن، هه‌ربۆیه پارتی ده‌سه‌ڵاتیش به‌نهێنی چه‌كی به‌سه‌ر چه‌ندین كه‌س دابه‌ش كردووه، تا له ئه‌گه‌ری ئه‌و شه‌ڕه‌دا رووبه‌ڕوویان ببنه‌وه.
***
تاوه‌كوو ئێستا نازانرێت ئه‌و
گرووپانه سه‌ر به كێن و له لایه‌ن كێوه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن، یاخود راستیی
بوونی ئه‌و گرووپانه نه‌سه‌لمێنراوه، ته‌نیا له میدیاكانه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
***
له‌دوای 31-3-2019 قۆناغێكی تازه
له توركیا ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌كه‌په و مه‌هه‌په بردیانه‌وه تا 2023
وڵات به‌ڕێوه ده‌به‌ن. ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆنیش هه‌ڵبژاردنی برده‌وه، ئه‌وكات شه‌ڕی
نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن سه‌ختتر ده‌بێته‌وه و بارودۆخی ناوخۆیی توركیا خراپ
ده‌بێت، چونكه له ئێستاوه ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه ده‌كات و جه‌هه‌په و پارتی باش
و هه‌ده‌په به لایه‌نگریی په‌كه‌كه تۆمه‌تبار ده‌كات و دوور نییه سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانیان
(قه‌یووم) دوور بخاته‌وه.