هێزەکانی ئەمریکا وەک هەنگاوێک بۆ جێگیرکردنی هێزەکانیان لە کێڵگەكانی نهوت له سووریا بنکەیەکی سەربازیی دیکە بنیات دەنێن، هەروەها ئاڵای ئەمریکایان لەسەر خاڵێکی سەربازی بەرزکردووهتەوە کە لەژێر دەستی باڵە سوریەکەی پەکەکە واتە یەپەگەدایە لە پارێزگای حەسەکە.
کێڵگەكانی نهوت له باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بووەتە گۆڕەپانی ململانێ لەنێوان ئەمریکا و رووسیا لهپێناو دەستبەسەرداگرتنیان. هێزەکانی ئەمریکا کە لەو ناوچانەی سووریا جێگیربوون کە لەلایەن باڵی سوری پەکەکە داگیرکراون، لە ١٨ی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا پێنج جار رێگرییان لە هێزەکانی رووسیا كردووه له چوونە ناو کێڵگەی نەوتی رومێلان لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەسەکە و ناچار بە گەڕانەوەیان کردوون.
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی رووسیا بۆ گەیشتن بە کێڵگەی نەوتی رومێلان، هێزەکانی ئەمریکا دەستیانکردووە بە بنیاتنانی بنکەیەکی سەربازیی لە شارۆچکەی تەل بەراک کە دەکەوێتە سەر رێگای کێڵگەکە به دووری ٤٠کم له باکووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکە. هێزەکانی ئەمریکا لە میانی چەند هەفتەی دواییدا لە رێگەی دەروازەی سنووری وەلید چەندین ئامێر و کەرەستەی بیناسازییان لە عێراقەوە گواستووەتەوە بۆ سووریا. هێزەکانی ئەمریکا ئاڵایان لەسەر تاوەرێک لە ناوەڕاستی شارۆچکەکە بەرزکردووەتەوە، هەروەها بە بەردەوام هێلێکۆپتەرەکانیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەسووڕێتەوە کە بنکە سەربازییەکەی تێدا بنیات دەنرێت.
سوپای ئەمریکا كه هێزهكانیان له کێڵگەكانی نەوت له پارێزگای دێرازۆر بڵاوهپێكردووه، ئەو باڵەخانەیەی کە یەپەگە لە گەڕەکی غوێران لە شاری حەسەکە دەستیان بەسەردا گرتووە، كردووهته خاڵێکی سەربازی ئەمریکی. ئامانج لەم هەنگاوانە ئەوەیە ئەمریکا نیازی ئەوەی هەیە شاری حەسەکە بکاتە ناوەندێک بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەكانی نهوت.
هێزەکانی ئەمریکا لە ١١ بنکە و خاڵی سەربازی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە لە هەریەک لە حەسەکە، رەققە و دێرازۆر بوونیان هەیە.