پێشتر پەکەکە لە 13ی تەمووزی 2013، بە ناوی دەستەی جێبەجێكاری كانتۆنی جەزیرە لە رۆژئاوای كوردستان، بڕیاری دا سەربازیی زۆرەملێ بسەپێنێت، دواتر هەمان بڕیار لە كانتۆنەكانی كۆبانێ و عەفرین پەسند كرا و بەدوای ئەوەشدا دەستی بە گرتنی گەنجان و لاوانی رۆژئاوای کوردستان کرد، کە بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی وڵاتان و هەرێمی کوردستان بوون.
***
ئێستاش ئەو بڕیارانە
بەدەستکارییەوە، لە چوارچێوەی (یاسا)دا بەناوی (ئەرکدارکردنی سەربازیی تایبەت)
دەرکراون، کە پێشبینی دەکرێت لەمەودواش، بەناوی ئەو یاسایەوە هەڵمەتێکی چڕی
دەستگیرکردن بۆ ئەو گەنج و لاوانە دەست پێ بکات، کە ئامادە نین سەبازیی بەزۆر لە
خۆرئاوای کوردستان بۆ یەپەگە و هەسەدە، کە دوو هێزی گرێدراوی پارتی کرێکارانی
کوردستان (پەکەکە)ن، بکەن.
***
لە هەفتەی رابردوودا، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان، کە لەژێر هەژموونی PKKدایە، بڕیارێکی بەناوی (یاسا)وە بۆ ئەركداركردنی سەربازیی تایبەت بە ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەرییەكەی پەسەند کرد، کە لە 35 ماددە و چەندین بڕگە پێكهاتووە و تێیدا مەرجەكانی خزمەتی سەربازی و ماوەی تەواوبوونی ئەركە سەربازییەكان و چەندان بابەتی دیكەی تایبەت بە سیستەمی سەربازی جێگیر كراون.
***
بەپێی یاساکەی پەکەکە، لە رۆژئاوای کوردستان سەربازیکردن بۆ گەنجان
بەزۆر دەبێت و لە هەر شوێن و شارێکیشدا تەمەنێک دیاری کراوە.
***
لەمبارەیەوە، خالد عەلی، ئەندامی
ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا وتی: ئێمە وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانیی
کورد، دان بەو یاسایانەدا نانێن، کە لە دامەزراوەی ناشەرعییەوە و لەژێر هەژموونی
پەکەکە و هێزە گرێدراوەکانیەوە دەردەکرێن، ئەو بڕیارانەی پەکەکە بە ناوی یاساوە
دەریان دەکات، ناشەرعیبوونیان لەوەدایە کە لە دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراوی خەڵکەوە
دەرنەکراون، بەپێچەوانەوە، بڕیارێکن بۆ دژایەتیی خەڵک و بۆ بەرژەوەندیی تەسکی
حزبێکی دیاریکراو دەردەکرێن و ئەوەش لە رۆژئاوا ناڕەزایی زۆری دروست کردووە. لە هەر شارێک تەمەنێک دیاری کراوە و لە هەر شوێنێک
بە شێوەیەکە، بۆ نموونە لە قامشلۆ شێوەیەکە و لە کۆبانێ بە شێوەیەکی ترە و بۆ
پێکهاتەکانی دیکەی جیا لە کورد جیاوازترە و بەو ویستە دەرکراوە کە پەکەکە دەیەوێ و
سوودی سەربازیی لێ وەردەگرێت. پێشبینی دەکەن لە پەنای ئەو بەناو یاسایەوە،
هەڵمەتێکی رەشبگیربی گەنجان و لاوانی رۆژئاوا دەست پێ بکرێت و ئەوەش کۆچێکی زۆری
گەنجانی لێ بکەوێتەوە کە دواجار بە زیانی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای رۆژئاوای
کوردستان دەشکێتەوە، پەکەکە بۆ بڕیارەکانی، پرس و ڕا بە هیچ لایەنێک و خەڵک ناکات
و خۆی لێ بووەتە حاکمێکی موتڵەق و ئەوەش بۆ داهاتووی رۆژئاوای کوردستان
مەترسیدارە، کە تا ئێستا بەهۆی ئەو عەقڵیەتەوە زیانی زۆری بەر کەوتووە.