“پێویستە ئامانجی پەکەکە باکووری کوردستان بێت بەڵام لەهەموو پارچەکان دەستێوەردان دەکات و لەگەڵ هەموو داگیرکەرانیش هاوپەیمانە”

PKK پرۆژەیەک بۆ سڕینەوی بزووتنەوەی کورد”، ناونیشانی لێکۆڵینەوەیەکی گرنگە کە یەکێک لە نووسەرانی کورد لە دەرەوەی وڵات بەناوی “جەمیل کولاهی” ئەنجامی داوەو دواتر لە دووتوێی کتێبێکدا هەر بەم ناوەوە بڵاوی کردۆتەوە. لەبەر گرنگی لێکۆڵینەوەکە و ئەو نەخشەی کە دەتوانێت لە ناسینی راستیەکانی پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکی ئەو رێکخراوەدا هەیبێت، پێگەی “دارکا مازی”، هەوڵ دەدات لە چەند وتارێکدا، بەشە گرنگەکانی ئەو کتێبە بخاتە بەر دید و نەزەری بەردەنگە بەڕێزەکانی. لەوبروایەداین کە ئەم لێکۆڵینەوەیە دەتوانێ بۆ نزیک بوونەوە لە سەرەکیترین ئامانجی “دارکا مازی” واتە سازکردنی بەستێنێکی هزری لەبار بۆ سەربەخۆیی و رزگاریی کوردستانی پیرۆز، رۆڵێکی ئەرێنیی هەبێت و ئەو مەترسیانە زیاتر روون بکاتەوە کە فەلسەفەی ئاپۆچی و ستراتجیەکانی پەکەکە بۆ سەر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان و رزگاریی نەتەوەیی کورد دروستی دەکەن.

کتێبەکان و ئاخاوتنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرچاوەی سەرەکی کتێبەکەن

کتێبی “PKK پرۆژەیەک بۆ سڕینەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئایدیا و مێژووی پارتی کرێیکارانی کوردستان” تیشک دەخاتە سەر ناوەرۆکی ئاپۆئیزم و مێژووی پەکەکە لە هەر چوارپارچەی کوردستان و لە چوار بەشی ژیاننامەی ئۆجەلان، ئاپۆئیزم، مێژووی پەکەکە و ئاپۆئیزم و ژن پێکهاتووە. یەکێک لە گرنگیەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەوەدایە کە سەرەکیترین سەرچاوەکانی لە کتێبەکان و ئاخاوتنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێکهاتوون.

وەکوو نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەیدا نووسیویەتی: “یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکانی نووسینی ئەم کتێبە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە پەکەکە کە پارتێکە بۆ باکوور دامەزراوە و کۆمەڵگەی ئامانجی باکوورە، بەڵام لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان دەستێوەران دەکات. ئەم دەستێوەردانە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ هەموو داگیرکەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان هاوپەیمانە. ئەم هاوپەیمانەتییەش لە سەر حیسابی کوردی ئەو پارچانە تەواو دەکات، واتە بە یارمەتی ئەو داگیرکەرانە دژی بزووتنەوەی نەتەوەیی ئەو پارچانە رادەوەستێ. ئەگەر ئەم دەستێوەردانەی بە قازانجێ داگیرکەران نەکردبایا، مافی سروشتی خۆی بوو کە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە پێوەندی هەبێ، هەر وەک هەموو حیزبەکانی هەرچوارپارچە ئەم پێوەندییەیان هەبووە.”

پەکەکە بە یارمەتی داگیرکەران، دژی بزووتنەوەی نەتەوەیی پارچەکانی کوردستان رادەوەستێ

نووسەری ئەم کتێبە کە لەساڵی 2018دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە لەبەشێکی پێشەکیەکەیدا دەنوسێت: “دوای رفێندرانی ئۆجەلانەوە هەتاکو ئێستا پەکەکە وەک هێزێکی سەرلێشێواوە و خەبات بۆ شتێک دەکات کە ئیمکانی بەدیهاتنی دەتوانین بڵین سیفرە. دامەزراندنی کۆنفیدرالیزمی جیهانی، ئەویش بەو شێوەیە کە پەکەکە دایڕشتووە، کە لەودا نە دەوڵەت هەیە، نە نەتەوە و نە سنوور، لە خەونێک زیاتر هیچ نیە.” پەکەکە لەکاتێکدا باس لە دامەزراندنی کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیکی جیهانیی دەکات کە ئەوە بۆ چل ساڵ دەڕوات نەیتوانیوە گوندێک لە کوردستان بە دەستی خۆیان رزگار بکەن. ئەوەش کە لە رۆژئاوای کوردستان دەیبینین “بە مامەڵە لەگەڵ گەندەڵترین وڵاتانی دنیا واتە سوریە و ئێران و رووسیە و بە بێ تەقاندنی تاقە فیشەکێک بە ئەمانەت لە سوریەی وەرگرت”.

ئیدئۆلۆژی پەکەکە دەقاودەق خزمەت بە ناسیونالیزمی داگیرکەرانی کوردستان دەکات

بەڕای نووسەر: “پەکەکە حیزبێکی ئیدئۆلۆژیکە و ئیدئۆلۆژی بە چەکی دەستی دەزانێ و ئیدئۆلۆژی هەنووکەیی پەکەکە دەقاودەق خزمەت بە ناسیونالیزمی داگیرکەرانی کوردستان دەکات. چونکە ئەم ئیدئۆلۆژییە پێیوایە دەبێ لە قۆناخی یەکەمدا بە سەر تەرمی ناسیونالیزمی کورددا تێپەڕێ و کۆنفیدرالیزمی کوردستان دابمەزرێنێ. هەر بۆیە دەبینین پلاتفۆرم هەورام، یارسان و شنگال پێکدێنی دەیەوێ لە کورد دایان ببڕێ، دەڵێ لە باشوور دەبێ بادینی و سۆرانی لێک جیا بکرێنەوە و لە رۆژئاوای کوردستانیش ناوی  کوردستان دەسڕێتەوە و دەیکاتە باکووری سوریە. لە قۆناخی دووهەمدا دەیهەوێ ناسیونالیزمی فارس و عەرەب و تورک لە نێو ببات و کۆنفیدرالیزمی رۆژهەڵاتی ناڤین پێکبێنێ و لە قۆناخی سێهەمدا بە مەبەستی پێکهاتنی کۆنفیدرالیزمی جیهانی، ناسیونالیزمی هەموو نەتەوەکانی دنیا بسڕێتەوە و لە دنیادا نە وڵات بمێنێ نە سنوور و نە دەوڵەت. شتێک کە تەنیا لە وەهم و خەیاڵدا دەگونجێ و رۆژانەش لاوانی کورد پۆل پۆل دەبنە قوربانیی ئەو ئیدئۆلۆژییە دژە کوردە وپێیانوایە خەبات بۆ رزگاری کوردستان دەکەن.”

کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیکی پەکەکە بە تەواوی بە پێچەوانەی ناسیونالیزمی کوردە

“کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیکی پەکەکە بە تەواوی بە پێچەوانەی ناسیونالیزمی کوردە، هەر بۆیە بە توندترین شێوە هەڵدەکوتێتە سەری و بە دواکەوتووانەی وەسفی دەکات، ئەگەر ناسیونالیزمی کورد تێدەکۆشێ هەستێکی نەتەوەیی لەنێو کورددا پێکبێنێ و کورد بوون ببێتە بنەما و ناکۆکی مەزهەبی و زاراوەیی بە مەبەستی سەرکەوتن وەلابنرێ، کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک راست لە سەر زەقکردنەوەی ئەو ناکۆکییانە کە ناسیونالیزم تێدەکۆشێ بیانخاتە پەراوێزی کورد بوونەوە کاردەکا و دەیەوێ هەموویان لەبەرانبەر یەکتردا دابنێ تا شتێک بە نێوی نەتەوەی کورد پێک نەیەت و دەوڵەتی کوردی ببێتە خەون. هەمووی ئەمانەش بۆ پێکهێنانی کۆنفیدرالیزمی کوردستان دەکات کە لە وەهمێک زیاتر هیچ نیە.”

“ئێستا کە رۆژهەڵاتی ناڤین شێواوەو دەوڵەتە داگیرکەرەکان لە لێواری هەڵوەشانەوەدان، تەنیا ئیدئۆلۆژییەک کە لە سەر بنەمای کورد بوون کە ئێستراتێژیی پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی هەبێ، دەتوانێ لە خزمەتی کورددا بێ. ئیدئۆلۆژییەک کە دەڵێ کورد قۆناخی دەوڵەت نەتەوەی تێپەڕاندووە و دژی سەربەخۆیی کوردستانە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا نیە و لەوان بۆ داهاتووی کورد مەترسیدارترە، چونکە ئەو ئیدئۆلۆژییە لە نێو بەشێک لە بزووتنەوەی کورد و دژی گوتاری نەتەوەیی کورد سەر هەڵدەدات کە دەبێتە هۆی لەت کردنی هێزی کورد و دابەشکردنی بەسەر دوو بەرەی بە تەواوی دژبەیەکدا. ئەم دوو بەرەکییە ئیدئۆلۆژیکە مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر داهاتووی بزووتنەوەی کورد و هێزی کورد لە ناوخۆیدا دەپووکێنێتەوە. کێشەی هەر دوو بەرەکە ئەوەندە قووڵە کە هیچ خاڵی هاوبەشیان نیە و بە تەواوی دژی ستراتێژییەکانی یەکترن. بۆیە مەترسی ئەوە هەیە ئەو شەڕە راگەیاندنە کە ئێستا هەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ شەڕی ناوخۆیی.”

خەڵکی کوردستان پەکەکە لە دەزگا راگەیاندنەکانییەوە دەناسن، بەڵام واقعی پەکەکە بە تەواوی پێچەوانەیە

نووسەر پێیوایە پەکەکە بە روانگەیەکی پڕ لە پارادۆکس دەیهەوێ هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە هاوپەیمانی نزیکی داگیرکەرانی کوردستانە، خۆی وەک رزگاریدەری کوردستانی بندەستی ئەو داگیرکەرانە نیشان بدات. پەکەکە رۆژانە دژی بزووتنەوەی نەتەوەیی پارچەکانی دیکەی کوردستان بانگەشە دەکات، حیزبیان بۆ دادەمەزرێنێ و شەڕی بە وەکالەتی وڵاتان بە نرخی رژانی خوێنی لاوانی کورد دەکات، بەبێ ئەوەی تۆسقاڵێک لە کێشەی کورد چارەسەر بێت یان بە قازانجی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بێت.. بۆیە دەنووسێت ئێستاش زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان پەکەکە لە ناو دەزگا راگەیاندنەکانییەوە دەناسن، بەڵام خودی پەکەکە بە تەواوی پێچەوانەی دەزگای راگەیاندنەکەیە. تەنانەت ئەندامانی رێکخستنە نهێنیەکانی پەکەکەش کە لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا بانگەشە بۆ پەکەکە دەکەن راستییەکانی ئەو پارتە بۆ خەڵک باس ناکەن. بۆ نموونە لە رۆژهەڵاتی کوردستان  تێدەکۆشن لە رێگەی ناکۆکی مەزهەبی و زاراوەیی هێز بۆ پەکەکە کۆ بکەنەوە. لە کرماشان وا بانگەشە دەکەن دەکەن کە ئاپۆ شیعەیە و بزووتنەوەی نەتەوەیی رۆژهەڵات سونییانەیە دژی شیعە و پەکەکە تەنانەت تاسووعا و عاشوورا لە رژێمی ئێران قورستر دەگرێ.هەمان تەشکیلات کە دێتە سنە یان مەریوان ئاپۆ دەکاتەوە سوننە مەزهەب و بە شێوەیەکی دیکە دژی بزووتنەوەی رۆژهەڵات قسە دەکات. لە ناو هەورامی و یارسان و ناوچەکانی کرمانجی ژوورو تاکتیکیان دەگۆڕێ و دەیانەوێ بە چێکردنی پالتفۆرم لە کوردی رۆژهەڵات دایانبڕن.

فەلسەفەی بوونی پەکەکە لە رۆژهەڵات بۆ کۆ کردنەوەی هێزە نە رزگاری کوردستانی رۆژهەڵات. چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتی جبهەی پەکەکەیە و ئەگەر مەبەستی پەکەکە رزگاری رۆژهەڵات بوایات، بە دڵنیاییەوە رژێم نەیدەهێشت چالاکیی هەبێت. رژێم بۆ سڕینەوەی گۆتاری نەتەوەیی و ناسیونالیزمی کورد لە سێ گوتاری رێفۆرمخوازی، ئیسلامی و پەکەکەیی کەڵک وەردەگرێ. بەڵام گوتاری پەکەکەیی بە هۆی ئەوەوە کە هاوجنسی بزووتنەوەی کوردە و پێشتر گوتاری سەربەخۆییخوازی هەبووە لە هەمووی مەترسیدارترە و و نە تەنیا هیچ مەترسییەکی بۆ سەر رژێمی تاران نیە، بەڵکو رژێم لەو رێگایەوە خەریکە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات سڕ دەکات. رژیم بە بەکارهێنانی ئەم کوردایەتییە ساختە دەیەوێ کوردایەتی رەسەن کە ریشەی لە مێژووی کورددا هەیە بسڕێتەوە.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی