تا دێت شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و سووریا زیاتر دەبن و چاودێرانی سیاسیی کوردیش لە رۆژئاوای کوردستان پێیان وایە، مەترسیی رێککەوتنێکی هاوشێوەی ئەدەنە لەسەر کورد لە رۆژئاوای کوردستان هەیە و ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، ئاماژە بەوە دەدات، تورکیا ئامادەیە ئیدلب لەبەرامبەر بە رۆژهەڵاتی فورات بگۆڕێتەوە.


ئەمەش دوای ئەوە دێت، كە لە هێرشێكی ئاسمانیی رووسیا و سووریا بۆ سەر گرووپەکانی نزیک لە تورکیا لە ئیدلب، گوایە 33 سەربازی توركیا كوژراون. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەردۆغان لە وتارێكیدا سەبارەت بە دوایین گۆڕانكارییەكان و سیاسەتەكانی لە سووریا رای گەیاند: “رووسیا پابەند نەبووە بە بەڵێنەكانی، بەڵام بەختێكی خراپە كە لەگەڵ لایەنی رووسی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن”.


میدیا تورکییەکانی نزیک لە حکوومەت، هێزەکانی سووریای دیموکراتی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان بە هاوکاری رژێمی سووریا لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیدلب تۆمەتبار کردوون. چاودێرانیش پێیان وایە، هەوڵەکانی تورکیا و سووریا بۆ ئەوەیە، دواجار هێزە کوردییەکان لەو شەڕەی نێوانیان بگلێنن و رێککەوتنەکانی نێوانیان لەسەر حسابی کورد بێت لەو ناوچەیە.


لەمبارەیەوە، کاوە عەزیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، لەمبارەوە پێی وایە: تورکیا ئامادەیە ئیدلب لەبەرامبەر بە رۆژهەڵاتی فورات بگۆڕێتەوە، چونکە هەر ئەوە ئامانجی سەرەکیی تورکیایە لە سووریا، بەو شەڕەی ئێستاش دەستیان پێکردووە، بە ملیۆنان کۆچبەری عەرەب روویان لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، کە ئەوەشیان بە زیانی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکاندایە و دواجاریش ئەوە لە بەرژەوەندی تورکیا و سووریاشدا دەبێت، ئەگەرچی لە سەرەتا رەنگە وا دەربکەوێ، کە تورکیا لە سووریا لاواز بووە و ئەو لاوازییەش وا بکات دەستبەرداری ناوچە کوردییەکان و عەفرین بێت، بەڵام دواتر ئەو دوو وڵاتە وەکوو ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی پێشتریان، دەچنەوە سەر مێزی دانوستان و رێککەوتنەکانیشیان لەسەر حسابی گەلی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان دەبێت.


د.عەلی ساڵح، چاودێری سیاسیی کورد لە سووریا، پێی وایە هەر لاوازبوونێکی تورکیا و سووریا بە قازانجی کوردە، و وتی: ئەوەی ئێستا روو دەدات، کە شەڕی ناڕاستەوخۆی تورکیا و سووریا بۆ راستەوخۆ گۆڕاوە و رووسیا پشتیوانی لە سووریا دەکات و ناتۆ و ئەمەریکا لە تورکیای دەکەن، ئەگەری زۆرە دواجار لاوازی هەردوولایان لە سووریا بە قازانجی ئەزموونی ئێستای رۆژئاوای کوردستان بکەوێتەوە.

ئەم گرژییانەی ئێستا لەنێوان تورکیا و سووریادا هەن، بۆ ساڵانێکی دووری رابردوو دەگەڕێنەوە، بەتایبەتی لەدوای دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لە ساڵی (1984) دژ بە دەسەڵاتى تورکیا، کە (حافز ئەسەد) سەرۆکی پێشووی سووریا، پشتیوانی و هاوکاریی پەکەکەى کرد دژ بە حکوومەتی تورکیا و ئەوکات ئۆجەلان لە سووریا نیشتەجێ بوو، هەروەها باڵی سەربازیی پەکەکە لە سووریا دەستیان کرد بە ئەنجامدان و کردنەوەی خول و یەکەی مەشقی سەربازی، لەبەرامبەریشدا، تورکیاش چەندین جار، بەتایبەت لە ساڵانی نەوەدەکاندا کارتی ئاوی بەکارهێنا و ئاوی رووباری فوراتی گرتەوە و کێشەی بۆ سووریا دروست کرد.

بەردەوامبوونی پشتیوانیی سووریاش بۆ پەکەکە، هۆکار بوو بۆ ئەوەی لە ساڵی (1998) تورکیا هێزی سەربازی بە رووی سنوورەکانی سووریا بجووڵێنێت و هەڕەشەی ئەنجامدانی لەشکرکێشی بۆ سەر سووریا بکات، بەڵام ئەوکات (حافز ئەسەد) پەنای بردە بەر دەوڵەتانی دراوسێ، ئەوەبوو دواجار بە دەستپێشخەری و نێوەندگیریی کۆمکاری عەرەبی و هەردوو وڵاتی میسڕ و ئێران، سووریا و تورکیا (رێککەتننامەی ئەدەنە)یان واژۆ کرد.
کە بەپێی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، بڕیار درا کە(عەبدوڵا ئۆجەلان) لە سووریادا نەمێنێتەوە و رێگەشی پێنادرێت بگەڕێتەوە سووریا، هەروەها رێگە بە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نادرێت، لەدەرەوە بێنە ناو خاکی سووریا و کەمپە سەربازییەکانی پەکەکە لە سووریا لە چالاکی دەوەستێندرێن و رێگە نادرێت جارێکی دیکە کارا بکرێنەوە، دواتریش زۆرینەی ئەندامانی پەکەکە دەستگیر کران و دران بە دادگا.
هاوکات، سووریا پەکەکەی بە ”رێکخراوێکی تیرۆرستی“ ناساند و سەرجەم چالاکییە حزبی و رێکخراوەییەکانی کۆنتڕۆڵ کرد، لەبەرامبەر بەوەش، تورکیا لە لەشکرکێشییەکەی وەستاند و پەیوەندییەکی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی لەگەڵ سووریا دامەزراند.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی