هاووڵاتیانی کەرکووك، لە دۆخی شارەكەیان نیگەرانن و بێ ئومێدبوونە لە چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی لە دوای 16ى ئۆکتۆبەرەوە بەسەریاندا سەپاوە. بەرپرسێکی پارتی دەڵێت: دەستبەرداری کەرکووك نابین و هەوڵەکانمان بەردەوامە و لەداهاتووشدا ئەنجامی دەبێت. بەرپرسێکی یەکێتیش لەزاری بەرپرسێکی عێراقەوە دەڵێت: سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەرکردایەتی کوردی گوتووە، واز لە دانانی پارێزگاربهێنن. وڵاتانی دراوسێ ڕۆڵی خراپ لەم بابەتە دەگێڕن.
***
بارودۆخى شار بەلای خەڵکی کەرکووكەوە جێگای نیگەرانیە و چاوەڕوانییەکانیشیان بەرەو رەشبینی و ئومێدی گۆڕانکاريیەکانیشیان بەرەو کۆتایی دەچێت. نزیکەی دووساڵە کورد ئیدارەی دوای 16ى ئۆکتۆبەری لە کەرکووك بایکۆتکردووە، لەو ماوەیەشدا سەرجەم گۆڕانکاریيەکان لەدژی هاووڵاتیيانی کورد ئەنجامدراون، پێچەوانەی بۆچوونی هاووڵاتیانیش بەشێك لە حزبەکان هەمیشە جەخت لەسەر خاوەندارێتی ئەمشارە دەکەنەوە و مژدەی گۆڕانکارییەکان ڕادەگەیەنن.
***
زیاتر لە 40 ڕۆژە یەکێتی و پارتی لەسەر دانانی پارێزگارێك بۆ کەرکووك ڕێککەوتوون، بەڵام تا ئێستا ئەو هەنگاوە جێبەجێنەکراوە. گفتوگۆکان لەبارەی دۆسیەی کەرکووك و ئاساییبوونەوەی دۆخی شارەکە لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ لەسەر ئاستی باڵا بەردەوامن، هەمووانیش بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە چەقبەستووە، چاوەڕوانی دەرئەنجامەکانی دەکەن.