***
ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات، هەرێمی کوردستان نەکاتە مەیدانی پەلاماردانی تورکیا، بەڵکوو رەچاوی دۆخی هەرێم بکات.
***
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان لەمبارەوە دەڵێت: هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی تەراتێنی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە و بەدڵنیاییەوە خەڵک لەو سنوورانەدا لە دڵەڕاوکێدا دەژین، هەموو ڕۆژێک چاوەڕوانن کە بۆردومان بکرێن و منداڵیان شەهید بکرێ و ڕەزەکانیان بسووتێنرێت. هەقێکی بێ ئەملا و ئەولایە، پەکەکە ڕەچاوی دۆخی هەرێم بکات، چونکە هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندام نییە تاوەکوو سنوورەکانی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی پارێزبەندییان هەبێت. ئێمە هەرێمێکین، چاوی تەماحی هەموو دراوسێکان و دونیامان لەسەرە، بۆیە هەقە ڕەچاوی ئەم دۆخەی هەرێم بکەن و لێرەوە پەلاماری دەوڵەتی تورکیا نەدەن و لە سنوورەکانمان ئاڵۆزی دروست نەکەن.
***
سەرکانی لەگەڵ ئەوە دایە کە پەکەکە خەباتی خۆی لە چەکدارییەوە بۆ سیاسی و دیپلۆماسی بگۆڕێت، چونکە بە خەباتی چەکداری ناتوانێت مافەکانی بەدەست بێنێت و ئێستا سەردەم گۆڕاوە. خەڵکی هەرێمی کوردستان باجی زۆریان داوە و ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق تاوانی دەرهەق کردوون، بۆیە پەکەکە و هەر حزبێکی دیکە با ئێرە نەکەن مەیدانێک بۆ پەلاماردانی وڵاتان و باجەکەشی خەڵکی بەشمەینەتی باشوور بیدات.
***
لەم رۆژانەی رابردوودا دۆران کاڵکانی تورکی سەرکردەی پەکەکە کە تەنیا وشەیەکیش کوردی نازانێت و ناسراوە بە عەباس لاز وتبووی رێگا نادەین خەڵکی هەرێم بە ئاسوودەیی بژین، نابێت هەرێمی کوردستان بە تەنیا ئازاد بێت و پارچەکانی دیکە ئازاد نەبن، یان هەموومان پێکەوە ئازاد دەبین یان ئازادی بۆ کەس نییە.