بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێران رای دەگەیەنێت، چوار دیپلۆماتکاری ئێرانی لەڕێگەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان لە کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر.
عەبدوڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێران، لەمبارەوە وتی: رۆژی یەکشەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٠، چوار دیپلۆماتکاری ئێرانی کە لە مۆڵەتدا بوون، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگای حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
گووتیشی: ئەو چوار دیپلۆماتکارە، وەرەقەی سەلامەتییان پێ بووە و لە حاجی ئۆمەران تێستی کۆرۆنایان بۆ کراوە و هاتوونەتەوە بۆ سەر کاری خۆیان لە کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر.
عەبدوڵا ئاکرەیی جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ دیپلۆماتکارێکی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستا کەرەنتین نەکراوە.