کینۆ گابرێل، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوێنێ لە یەکێک لە گەورەترین بەندیخانەکان لە پارێزگای حەسەکە دەستگیرکراوانی داعش مانگرتنێکی فراوانیان ئەنجامدا، کۆنترۆڵی تەواوی ناو بەندیخانەکەیان کردبوو، بۆیە هێزی تایبەت و دژە تیرۆر دەستوەردانیان کرد.
گوتەبێژی باڵی سوری پەکەکە (هەسەدە) وتی: توانراوە تەواوی دۆخی بەندیخانەکە کۆنترۆڵ بکرێتەوە دوای ئەو یاخیبوونەی کە رۆژێکی تەواوی خایاند، ئەمەش دوای ئەنجامدانی دانوستاندن لەنێوان نوێنەرانی هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان و داعشە زیندانیکراوەکان. پێمانوایە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارن لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ بابەتی داعشە دەستگیرکراوەکان، دەبێت پشتیوانی زیاتر دابینبکەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی زیاتر و باشترکردنی دۆخی دەستگیرکراوەکان لەناو بەندیخانەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
ئەمەش یەکەمین جار نییە چەکدارانی داعش لە بەندیخانەی گوێران لە حەسەکە یاخیدەبن و پێشتریش هەوڵی هاوشێوە هەبووە. نزیکەی پێنج هەزار چەکداری داعش لە 54 وڵاتی جیهانەوە لەو بەندیخانەیەدان، نزیکەی شەش مانگ بەر لە ئێستاش لە بەندیخانەکە چەکدارانی داعش هەوڵێکی هەڵهاتنیان دا.