بۆ به‌ رۆژه‌ڤكردنی مه‌سه‌له‌ی كورد و ره‌واندنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری كورد، هه‌ده‌په‌ نوێنه‌رایه‌تى ده‌به‌په‌ له‌ په‌رله‌مانى توركیا به‌هێز ده‌كات و په‌رله‌مانتارێكى هه‌ده‌په‌ش ده‌بێته‌ هاوسه‌رۆكى به‌ده‌په‌.

پارتی هه‌رێمه‌ دیموكراته‌كان DBP له‌ 11ی ته‌مموزی 2014 له‌ ئه‌نجامی گۆڕینی ناوی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (BDP) دامه‌زراوه‌. سه‌باحه‌ت تونجه‌ل هاوسه‌رۆكی ئه‌م پارته‌ له‌ تشرینی دووه‌می 2016 ده‌ستگیركرا. دواتریش محه‌مه‌د ئاسڵان كه‌ ئه‌ویش هاوسه‌رۆكه‌، له‌ شوباتی 2018 به‌ تۆمه‌تی پشتیوانی له‌ تیرۆر ده‌ستگیركرا. DBP كه‌ له‌ژێر چه‌ترى هه‌ده‌په‌دایه‌، له‌ رۆژى دووى كانوونى یه‌كه‌مى 2019 كۆنگره‌ى به‌ست و ساڵیحه‌ ئایده‌نیز و كه‌سكین باینده‌رى به‌ هاوسه‌رۆك هه‌ڵبژارد. ئه‌وه‌ى یه‌كه‌میان په‌رله‌مانتارى هه‌ده‌په‌ بوو وازى هێنا و چووه‌ ریزه‌كانى DBP. ئه‌مه‌ش له‌ناو جه‌ماوه‌ری ئه‌م پارته‌دا گفتوگۆی (گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سیاسه‌تی كوردی و كوردستانی) ژیانده‌وه‌ كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دوایی به‌هۆی سیاسه‌تی ده‌ستگیركردن و دانانی قه‌یووم له‌سه‌ر شاره‌وانییه‌ كوردییه‌كان، جه‌ماوه‌ری هه‌ده‌په‌ ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تی پارته‌كه‌یان ده‌گرن و پێیانوایه‌ مه‌سه‌له‌ی (كورد و كوردستان) له‌ناو سیاسه‌تی توركیاى هه‌ده‌په‌دا بزر بووه‌. ئێستا ده‌نگۆى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێكى دیكه‌ى هه‌ده‌په‌ش بچنه‌ ریزه‌كانى DBP.

رۆژنامه‌نووسى كورد مه‌حمود بۆزئارسڵان، بوونی نیگه‌رانی له‌ناو جه‌ماوه‌ری HDP به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی و نه‌په‌رژانه‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌و نیگه‌رانییه‌ له‌دوای شه‌ڕی خه‌نده‌ق هاته‌ ئاراوه‌، به‌ دانانی قه‌یوومیش له‌سه‌ر شاره‌وانییه‌كان گه‌یشته‌ لوتكه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگ بۆ HDP ده‌دات، به‌ڵام ئاشكرایه‌ كه‌ له‌سیاسه‌تی پارته‌كه‌ی تووڕه‌یه‌. له‌ دوا هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كاندا كاردانه‌وه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدانیش هه‌بوو، له‌ ئه‌نجامدا HDP چه‌ندین شاره‌وانی له‌ده‌ستدا. ره‌خنه‌ى جه‌ماوه‌رى HDP له‌ حیزبه‌كه‌یان به‌هۆى پاسیڤبوونى حیزبه‌كه‌یه‌ و حیزبه‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستى چه‌پى تورك، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ وازى له‌ ناسنامه‌ى كوردستانی خۆى هێناوه‌.

سڕی ساكیك، په‌رله‌مانتار و سه‌رۆك شاره‌وانی پێشووی HDP پێشتر داوای له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی HDP كردبوو له‌ په‌رله‌مان و شاره‌وانییه‌كان بكشێته‌وه‌. حه‌سیپ قاپڵان، په‌رله‌مانتاری پێشووی HDP پشتگیری له‌ پێشنیازه‌كه‌ی ساكیك كرد. هه‌رچه‌نده‌ HDP كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی كرد، به‌ڵام بڕیاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ درێژه‌دان بوو به‌ كاری په‌رله‌مانی و شاره‌وانییه‌كان. رۆژنامه‌نووسه‌ كورده‌كه‌ ده‌ڵێت: “جه‌ماوه‌ر به‌ ئاشكرا له‌ دژی بڕیاره‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵام به‌ شاراوه‌یی له‌م بڕیاره‌ تووڕه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌ چوونى په‌رله‌مانتارانى هه‌ده‌په‌ بۆ ریزه‌كانى DBP بۆزئارسلان ده‌ڵێت: ده‌نگۆیه‌كى وا هه‌یه‌، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ DBP پارتێكى ناوچه‌ییه‌، سیاسه‌تێكی كوردستانیانه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات. به‌م رێگایه‌ نوێنه‌رایه‌تی DBP له‌ په‌رله‌مانی توركیا زیاتر ده‌بێت و كێشه‌ی كورد به‌ به‌رفراوانی گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی جه‌ماوه‌ر بده‌نه‌وه‌.

DBP به‌ر له‌ كۆنگره‌ى پێنج له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌كانى توركیا ئۆفیسى هه‌بوو، به‌ڵام له‌ دواى كۆنگره‌ بڕیارى دا ئۆفیسى ته‌نیا له‌ ئامه‌د، ئیستانبوڵ، وان و ماردین هه‌بێ. هه‌روه‌ها له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیادا له‌ 31ى ئاداری رابردوو، بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و یاسایی كورد له‌ توركیا له‌ژێر ناوی HDP به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا كرد، به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی ساڵی 2015 كه‌ به‌ ناوی DBP بوو. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ DBP ی له‌ناو سیاسه‌تی HDP دا ونكرد.

ئاده‌م تاشچه‌ر، په‌رله‌مانتاری HDP لەمبارەوە گوتی: به‌شداریكردنی HDP له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان و قه‌تیسكردنی كاری سیاسی DBP له‌ چوار شاردا به‌ واتای داخستنی ئه‌و حیزبه‌ نایه‌ت. DBP هه‌ر ده‌مێنێ، به‌تایبه‌تی كه‌ له‌وانه‌یه‌ ده‌وڵه‌ت په‌نا بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی HDP ببات.

به‌گوێره‌ی یاسای پارته‌ سیاسییه‌كانى توركیا، هه‌ر پارتێكی سیاسی نوێ ئه‌گه‌ر ئۆفیسی له‌ 41 شاری توركیا نه‌بێت، یان 20 په‌رله‌مانتاری نه‌بێت، ناتوانێ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن بكات. كاتێك (ئی پارتی) دروستبوو، 20 په‌رله‌مانتاری جه‌هه‌په‌ چوونه‌ ریزه‌كانى ئی پارتی.

تاشچه‌ر ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ په‌رله‌مانتارێكى HDP بچێته‌ ریزه‌كانى DBP، به‌ڵام ده‌شڵێت “ئه‌گه‌ر له‌ دواڕۆژدا HDP قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ په‌رله‌مانتاران ده‌چنه‌ ناو DBP”.

سه‌باره‌ت به‌ چوونى ساڵیحه‌ ئایده‌نیز بۆ ریزه‌كانى DBP ، تاشچه‌ر گوتى: “ئه‌گه‌ر  سه‌رۆكی DBP په‌رله‌مانتار بێ، ده‌وڵه‌ت ناتوانێ زوو زوو ده‌ستگیرى بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار نه‌بوون، هه‌ردوو هاوسه‌رۆكی پێشووی DBP ئێستا له‌ به‌ندیخانه‌ن”.

یوكسه‌ل گێنچ، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ئه‌كۆپۆلۆتیك بۆ توێژینه‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێت ده‌مێكه‌ قسه‌ له‌سه‌ر سه‌رله‌نوێ رێكخستنه‌وه‌ى DBP ده‌كرێ،  چونكه‌ چالاكییه‌كانى ئه‌و حیزبه‌ له‌ نێو هه‌ده‌په‌ ون بووه‌، DBP یه‌كسان بووه‌ به‌ HDP. ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسه‌تى كوردیدا نییه‌، زه‌قكردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی DBP له‌ په‌رله‌مان به‌و واتایه‌ دێت كه‌ DBP یه‌كسان نییه‌ به‌ HDP.

محه‌مه‌د ڤوڕال، سه‌رۆكی ناوه‌ندی دیجله‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی (DİTAM) پێیوایه‌ بانگه‌شه‌ی چوونى په‌رله‌مانتارانی HDP بۆ ناو DBP دووره‌ له‌ راستی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تی HDP ده‌گرێت و پێیوایه‌ له‌سایه‌ی HDP چه‌پی تورك ده‌ستوه‌رده‌داته‌ ناو سیاسه‌تی كوردی. مه‌سه‌له‌ی كورد به‌بێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ دۆستان پێشناكه‌وێت. پێویسته‌ دۆزی كورد دۆستی له‌ناو توركدا هه‌بێت، به‌ڵام چه‌پی تورك ده‌ستوه‌رنه‌داته‌ سیاسه‌تی كوردی. چه‌پی تورك له‌ناو HDPدا دژایه‌تی كورد ده‌كه‌ن. ده‌خوازن په‌یوه‌ندی له‌نێوان HDP و سیاسه‌تی كوردیدا نه‌مێنێ. رۆژنامه‌كانی چه‌پی تورك به‌باشی له‌سه‌ر كورد نانووسن. رێككه‌وتنی نێوان كورد تێكده‌ده‌ن. HDP چاره‌نووسى خۆى داوه‌ته‌ ده‌ست چه‌پی تورك ده‌بێت براده‌رانی HDP كوردبوونی خۆیان زه‌ق بكه‌نه‌وه‌، ده‌بێت بگه‌نه‌ ئه‌و ئاسته‌ی سوود به‌ دۆسته‌كانیان بگه‌یه‌نن و له‌ دۆسته‌كانیشیان سوودمه‌ندبن، به‌ڵام كورد له‌ناوخۆیدا رێكناكه‌وێت و ده‌چێت له‌گه‌ڵ چه‌پی تورك رێكده‌كه‌وێت. له‌كاتێكدا چه‌پی تورك ده‌خوازێت كورد له‌یه‌ك دوور بن، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌یدان بۆ ئه‌وان چۆڵ بێت.

برچسب ها : , ,

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی