عەبدوڵڵا مەحموود زەنگنە

 هەرچەندە لەم دەستپێکەدا رەنگە دیموکراسیخوازانی راستەقینە سەرەتا نیگەران بن کە دەتوانم بەبێ هیچ ترسێک لە رەخنە و لێپێچینەوەی سیاسی و یاساییش بڵێم: دیموکراسی، ئەو دیموکراسیەی لێرە ناودەبرێت و بۆتە سەری زمان و بنی زمانی ئەوانەی لە هەموو بوار و مەیدانێکدا شەڕی پێدەکەن، فڕی بە دیموکراسیەتی راستەقینەوە نیە، ئەو دیموکراسیەی مرۆڤایەتی قوربانیی زۆری بۆ داو ئێستا سەرچاوەی سەرەکی خاوەنی خەباتەکە بۆ خۆیان تارادەیەکی باش لە سایەیدا حەساونەتەوە و سیستمێکیان دامەزراندووە دژانیشی پەنای بۆ دەبەن و لەوێوە پیلانەکان لە دژی دیموکراسی و خەباتکەرانی دەگێڕن.

***

 ئاخر ئەوە لە کوێی دیموکراسیدایە دوای زیاتر لە شەش مانگ هەڵبژاردن تائێستا نەتوانرێت حکومەتێک دابمەزرێنرێت کە بەتەواوی مانای وشەکە هێندە حکومەتێکی دیموکراسیە بەهۆی کەموکورتیەکانی خۆیەوە رێگەی بە نووسەران داوە رەخنەی لێبگرن و خەڵکیش لەداخی دڵی خۆیاندا بە کۆمپانیا و گرووپی مافیایی ناوی ببەن نەک حکومەت، تەنها ئەوانە نەبێت بە ملیۆن مووچەی زۆر ناموستەحەقیان بۆ بڕدراوەتەوە و بۆ هەندێکیشیان دەبرێتە کونی ژوورەکانیان و کەمیش نین.

***

یەکێک لە مەهزەلەکانی ئەمجۆرە دیموکراسیە، بە داوای لێبووردنەوە لە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان، کە عەیب نیە بە نوقسانی دابنێین، ئەوەیە تیایدا باس لە ئیستیحقاقی ئینتیخابی دەکرێت، وەک ئەوەی هەڵبژاردنێکی زۆر پاک و بێگەرد کرابێت و لایەنە سەرکەوتووەکان بەهۆی هیممەتی بەرزی خۆیان و دەنگدەرانیانەوە، بە کوفری بزانن دەستبەرداری دەنگەکانیان بن و داکۆکی لەو ئیستیحقاقە ئینتیخابیە نەکەن کە ئاساییە لەپێناویدا میللەت بخرێتە مەترسیی گەورەی لەبەریەک هەڵوەشانەوەی ئەزموونێک، راستە حیزبەکانی، بە تایبەتی یەکێتی و پارتی پێشەنگایەتییان کردووە، بەڵام هێزی سەرەکی لەو خەباتەدا مییللەتێک بووە شەیدا و پەرۆشی ئازادی و سەربەخۆیی بووە و هەر لەو پێناوەیشدا مەینەتیی کێشاوە و بە عەیبە گەورەکانی ئێستای حکومەت و حیزبەکانیشی رازیە، بەڵام ئەوان بە بیانووی ئەم ئیستیحقاقی ئینتیخابیەوە کە زۆر کەم ئیستیحقاقی تێدایە تووشی دڵەڕاوکێ و ململانێ و دوژمنایەتی و تێکچوونی شیرازەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیشیان کردوون! ئەرێ دیموکراسیخوازەکانی ئێمە ئاگادارن ئەو ململانێ و ناکۆکی و نەسازان و رقەبەرایەتیەی نێوانیان کە بۆتە خۆراکی رۆژانەی حیزبەکانیان، چەندە هاتۆتە نێو کایەی کۆمەڵایەتیی هاوڵاتیانەوە و چەندە بۆتە هۆکاری نزیکبوونەوەی پچڕانی تەواوی شیرازەی پەیوەندیەکانی هاوڵاتیان لە ماڵەکانی خۆیشیاندا، چجای فەرمانگە و بازاڕ و شوێنە گشتیەکانیش؟ ! ئەرێ دیموکراسیخوازانی ئێمە لە حیزبەکاندا بە تایبەتی، ئاگادارن بەشێکی زۆر لە میللەت، لەوانەی ئەندامی یەکێتی و پارتین، تووشی دووڕوویی هاتوون لە پەیوەندیەکانیاندا لەگەڵ یەکتری، واتە لەسەرەوە دۆست و ئەحبابی یەکترین و لەژێریشەوە، ئەم ساتەیشی لەگەڵدا بێت، ناحەزی یەکن و نەیانتوانیوە نەفرەت لە دووبەرەکی و نەسازان بکەن و هەموویان، بەبێ هەموارتەکردن، زۆر لە حەربا خێراتر ئامادەن بە یەک بڕیاری حیزب دۆستایەتی و خزمایەتی و خۆشەویستی بگۆڕن بە پێچەوانەکانیان؟ !

***

ئەرێ دیموکراسیخوازانی ئێمە ئاگادارن چ ئاوێکی پڕ لە تێزابیان بۆ نەوەی دوای خۆیان ڕشتووە، لە ئامادەبوون بۆ بە قوربانیکردنی هەموو شتێکیان لە پێناوی بەرزکردنەوەی دوو پەنجەی” V ی ئاماژە بۆ سەرکەوتنێکی ساختەیش، کە خۆیان زۆرباش دەزانن سەرکەوتن نیە، هێندەی گەرمکردنی زیاتری ئاگری دژایەتی و دوژمنایەتیەکە دەبوو زۆر لەمێژە لە گۆڕمان بنایە، بەڵام بە داخەوە کە بەدیهێنانی بەرژەوەندیی تایبەت لەسەر بەرژەوەندیی گشتی لەبیری بردووینەتەوە ئێمە لە چیدا بووین و گەیشتین بەچی و ئێستا خەریکی چیین؟ ! ئاخر ئەگەر بۆتان ناکرێت، زەمینەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەبار نیە، یان شایستەی ئەوە نیین وەک وڵاتانی دیموکراسی حیزبێکی جەماوەری ببێتە براوەی هەڵبژاردن و حکومەت پێکبهێنێت و بە پێی دەستوور وڵات بەڕێوە ببات، حیزبەکانی تریش ببن بە ئۆپۆزسیۆنێکی چاودێری دڵسۆز بۆ میللەت و دەستووری وڵاتەکەیان، خۆ لایکەمی دەبێت هێندە ویژدانتان هەبێت خەمێکی ئەم میللەتە بخۆن سەدان دەردی کوشندە رووی لە پەروەردەی مناڵانی و نادیاریی ئایندەی گەنجانی و بێمافیی ژنانی و ئەو هەموو مەترسییانە بکەن لەڕێگەیاندایە و هیچ خەمێکی لێنەخوراوە، تەنانەت بیریش لەوە بکەنەوە ئەم حکومەتە لە ئێستادا لەبەر هەندێک بەرژوەندیی تایبەتی گەورەهێزان راگیراوە، دەنا بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کە بەرپرسانی هەرێم زۆر بە ئاسانی رەتیاندەکەنەوە، وەک ئەوەی ئەوان نەزانانە نووسیبێتیان، تەنانەت مانەوەی ئەم حکومەتە لە چاوەڕوانی رەشەبایەکدایە هەرکات بیانەوێت فووی پێدا دەکەن و دەبێتە یادەوەریەکی تاڵ بۆ رەنجبەخەسارەکان. هەرچەندە خۆیشم لەوە دوورگرتووە ببمە هاوڕەوتی شەپۆلی زۆرێک لە فۆرمەکانی ناڕەزایی و رخنەی جەماوەر، بەڵام زۆرجار منیش دێمە ئەو قەناعەتەی خەڵکی هەیانە و دەڵێن: ئەمانە پۆست و پلەوپایە و پارە نابینای کردوون! ‌

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی