سامی بەرواری، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دێرەلووک دەڵێت، بەهۆی شەڕی تورکیا و چەکدارانی پەکەکەوە “ئێمە ئاوارەی سەر خاکی خۆمانین”.

نەک تەنیا لە شارۆچکەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی، بەڵکو لە شارۆچکەی شیلادزێی ئامێدی و شارۆچکەی سیدەکانی قەزای سۆرانیش چیرۆکەکان هاوشێوەن، ئەو ناوچانە کە لەناو چیاکاندان و سرووشت و خاکەکەی ببووە شوێنی ژیانی هەزاران خێزان لە سەدان گونددا، ئێستا زۆرینەی گوندەکانی چۆڵکراون بەهۆی شەڕی بەردەوامی نێوان تورکیا و پەکەکە. بەرهەمی کشتوکاڵیشی نەماوە و مەڕدارانیش زیانی زۆریان پێگەیشتووە.

لەو سێ شارۆچکەیەدا، بەگشتی 437 گوند هەن، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی پێکدادانەکانەوە 276 گوند چۆڵبوون و خەڵکەکەی ماڵەکانیان جێهێشتووە، کە دەکاتە 63%ی گوندەکانی ئەو سێ شارۆچکەیە.

لە شارۆچکەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی، 85 گوند لە کۆی 91 گوندی ئەو شارۆچکەیە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکەوە چۆڵبوونە، کە دەکاتە 93%ی گوندەکانی شیلادزێ. چۆڵبوونی ئەو ژمارە زۆرە گوندەی شیلادزێ، وەکو وەشین سەلمان، بەڕێوەبەری شارۆچکەی شیلادزێ دەڵێت، کێشەی نیشتەجێبوونی لەناو سەنتەری شارۆچکەکەدا دروستکردووە.  

وەشین سەلمان ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا 43 هەزار کەس لەناو سەنتەری شیلادزێ دادەنیشن و ئەوە وایکردووە کێشەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵک دروستبێت، “خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان، ئەگەر بتوانن بگەڕێنەوە کێشەی نیشتەجێبوونیش نامێنێت. لە دوای ساڵی 2016ـەوە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە تاوەکو ئێستا 21 کەسی سڤیل کوژراون و برینداربوونە.

ئەو زیانەی بەر کەرتی کشتوکاڵی ئەو ناوچانە گەیشتووە، وایکردووە بێکاریش زیادبکات چونکە زۆربەی خەڵکی ناوچەکە جووتیارن، جگە لەوەی کە ئیدارەی شارۆچکەکەش ناتوان سەردانی ئەو گوندانە بکەن کە چۆڵبوونە و خزمەتگوزاری پێبگەیەنن.

سیدەکان 264 گوندی هەیە، بەڵام 118 گوندی بەهۆی شەڕ و پێکدادان و بۆردوومانەوە چۆڵکراون و تەنیا 146 گوندی ئاوەدانن. شارۆچکەی سیدەکان، لەلایەن تورکیاوە بە بیانووی هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە بۆردوومان دەکرێت، هاوکات ناوە ناوە لەلایەن ئێرانەوە بەبیانووی هەبوونی پێشمەرگەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆمباران دەکرێت. سوپای تورکیا، بە قووڵی 30 کیلۆمەتر هاتووەتەوە نێو شارۆچکەی سیدەکان و قەرەقوولە سەربازییەکانی تەنیا 7 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارۆچکەکەوە دوورن. بەهۆی نزیکبوونەوەی تورکیا، مەڕدران لە لەوەڕگەکانیش بێبەش بوونە.  

ئەو پێکدادانانەی لە ناوچەکانی سیدەکان روودەدەن، لە ساڵی 2017وە بووەنەتە هۆی کوژرانی پێنج کەسی سڤیل و برینداربوونی 10 کەسی دیکە. بۆردوومانەکانی تورکیا چوار کوژراو و حەوت برینداری سڤیلی لێکەوتووەتەوە. بەڕێوەبەی شارۆچکەی سیدەکات دەڵێت: “کەم شەو هەیە گوێمان لە دەنگی فڕۆکەکانی تورکیا نەبێت”.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان باس لەو زیانانە دەکات بەهۆی پێکدادانەکانەوە پێیانگەیشتووە و دەڵێت: “بەشێکی زۆری ئەو گوندانەی ململانێی تورکیا و پەکەکی تێدایە، خەڵکەکەی مەڕدارن، بەو هۆیەوە زیانی زۆریان پێگەیشتووە و بێبەشبوونە”.

تەنیا لە ساڵی رابردوودا، زیاتر لە هەزار دۆنمی سیدەکان بەهۆی بۆردومانەکانەوە سووتاون، بەڕێوەبەری شارۆچکەکە دەڵێت: زیانەکان هەمەجۆرن، رەز و باخ، هەروەها پاوان. زیانێکی دیکەش لەناوچوونی مەڕ و ماڵاتی خەڵکە، سەدان مەڕ و ئەسپی خەڵک لە بۆردوومانەکاندا لەناوچوونە. ئێستا گوندنشینەکان مەڕوماڵاتی خۆیان دەفرۆشن بەهۆی مەترسییەکانەوە.  ئەو خێزانانەی مووچەیەکیان نەبێت، چاوەڕوانی هاوکارییە مرۆییەکانی رێکخراوە خێرخوازییەکانن.  منداڵەکان بەردەوام لە ترسدان، هەندێکجار بۆردوومانکراوە و منداڵ لە قوتابخانە بووە و جامەکان شکاون. زۆر جار قوتابخانە لە هەندێک گوند بۆ هەفتەیەک یان 10 رۆژ داخراوە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە.

ئەم ململانێ سەربازییە لە سیدەکان خەڵکێکی زۆریشی ئاوارەکردووە، جگە لە سەنتەری سیدەکان، ئاوارەکانی شارۆچکەکە لە شارۆچکەی رزگاری، کەسنەزان و شاری سۆران نیشتەجێن.

لە شارۆچکەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی، 70%ی هەموو شارۆچکەکە بووەتە “موحەڕەمە” و شوێنی شەڕ، لە کۆی 82 گوند تەنیا 9 گوند ماون کە خەڵک تێیدا نیشتەجێن و 73 گوند چۆڵکراون.

سامی بەرواری، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دێرەلووک لەبارەی رەوشی شارۆچکەکە بۆ رادیۆی رووداو دوا و گوتی، لە کۆی ئەو 82 گوندەی هەن، ئێستا خەڵکی دێرەلووک هەموویان لەناو سەنتەری دێرەلووک و کۆمەڵگەیەکی دیکە دەژین، لەگەڵ 9 گوند کە بە ئاوەدانی ماونەتەوە بەهۆی ئەوەی لەسەر شەقامی گشتین. بەڵام نزیکبوون لە شەقامیشەوە ئەو 9 گوندەی نەپاراستووە لەوەی بکرێنە ئامانجی فڕۆکەکانی تورکیا، سامی بەرواری دەیگێڕێتەوە: “هەندێک جار ئەو گوندانەش بۆردوومان دەکرێن، جارێکیان گوندێکیان بۆردوومانکرا و بەپەلە چوومە شوێنەکە، جامی ماڵێک هەمووی شکابوون و ژمارەیەک منداڵ لە ژوورەوە دەگریان کە کاتی بۆردوومانەکە خەوتبوون”.

 دێرەلووکیش هاوشێوەی شارۆچکەکانی دیکە کە شوێنی ململانێی سەربازیی گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیایە، ناوچەیەکی چیاییە، بەڵام گوندەکانی چۆڵبوونە و خەڵکەکەی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆی.

 بەڕێوەبەری شارۆچکەی دێرەلووک دەڵێت: “رەنگە خەڵک لە هەر ساتێکدا بکرێنە ئامانج، لە دوو ساڵی رابردوودا شەش کەسی سڤیل کوژراون و دوو کەسی دیکەش تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن. خەڵکی ئێمە ئاوارەی سەر خاکی خۆیانن، تەنانەت حکومەتیش ناتوانێت بگاتە گوندەکانیان تاوەکو خزمەتگوزاری نەو ناوچانە بگەیێنێت و ئاوەدانیان بکاتەوە. بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ساڵانە 100 دۆنم زەوی کشتوکاڵی و پاوانی دێرەلووک دەسووتێن. دوو ساڵ و نیوە وەکو بەڕێوەبەری شارۆچکەی دێرەلووک دەستبەکاربوومە، رۆژانە یان هەفتانە بۆردوومانی ناحیەکەمان هەر هەبووە.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی