په‌كه‌كه به‌رده‌وام مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان زیاد ده‌كات، ئێسته زیاتر له ٨٠٠ گوندی ناوچه سنوورییه‌كان له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه‌دان و له‌و ژماره‌یه‌ش نیوه‌یان چۆڵ كراون و ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه، داواش ده‌كرێت مه‌ترسیی په‌كه‌كه له‌سه‌ر هه‌رێم كه‌م بكرێته‌وه.
***
به درێژایی ته‌واوی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان په‌كه‌كه بوونی هه‌یه و بووه‌ته مه‌ترسیش له‌سه‌ر ئه‌و سنوورانه، سه‌ره‌ڕای ترسی گوندنشینه‌كان له تۆپبارانی توركیا و تیاچوونی خۆیان و ماڵوموڵكیان، هاوكات له لایه‌ن هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌شه‌وه ڕێگرییان لێ ده‌كرێت، سه‌رانه‌یان لێ ده‌سه‌نرێت و ده‌ستوه‌ردان له ژیان و گوزه‌رانیان ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش بووه‌ته جێی نیگه‌رانیی دانیشتووانی ئه‌و گوندانه.
***
زۆرترین گوند كه په‌كه‌كه له ناوچه‌یه‌كی كوردستان له‌ژێر ده‌ستیدا بێت ناوچه‌ی ئامێدییه، له كۆی ٣٦٠ گوندی ئه‌و ناوچه‌یه ٢٤٥ گوندیان كه‌وتوونه‌ته ژێر ده‌ستی په‌كه‌كه له ناوچه‌كانی دێره‌لووك، شیلادزێ، چهمانكی، كانی ماسی و سه‌رسه‌نگ. دوای ئه‌ویش زاخۆ دێت كه زیاتر له ١٠٠ گوندی ئه‌و ناوچانه له‌ژێر ده‌ستی په‌كه‌كه‌دان له ناوچه‌ی باتیفا و ده‌ركارێ.
***
عومه‌ر ئۆره‌یی به‌رپرسی لقی ١٨ی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئامێدی ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، په‌كه‌كه بووه‌ته مه‌ترسییه‌كی رژد له‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه و جگه له گونده‌كان، ئێسته نزیك ده‌بنه‌وه له ئامێدی و ده‌وروبه‌ری، ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر كوردستان و دانیشتووانی ئه‌و ناوچه‌یه. ده‌بێت په‌كه‌كه بگه‌ڕێته‌وه باكور و شوێنی خه‌باتی خۆی، خه‌ڵكی گونده‌كان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانی خۆیان، ٤٠%ی خاكی ئامێدی به ده‌ست پهكهكهوهیه، ڕێگری له گوندنشینه‌كان ده‌كه‌ن بچنه‌وه زێدی خۆیان، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ندان بازگه‌ی ئه‌وان كه سه‌رانه له دانیشتووانی گونده‌كان وه‌رده‌گرن.
***
چه‌كدارانی په‌كه‌كه له سنووری بادینان چوار هه‌رێمیان ڕاگه‌یاندووه، ئه‌وانیش هه‌رێمی زاب، هه‌رێمی ئوره‌مار، هه‌رێمی گاره و هه‌رێمی حه‌فت ته‌نین. جگه له هێزه‌كانیان كه له‌و ناوچانه‌ن، چه‌ندان قوتابخانه، نه‌خۆشخانه و گۆڕستانی تایبه‌ت به شه‌هیده‌كانیان دروست كردووه. ناوبه‌ناویش له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی گونده‌كان ده‌بێت به كێشه‌یان و ئه‌و كه‌سانه‌ش بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌گرن كه ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرن، له یه‌كێك له‌و جارانه‌شدا له سنووری باتیفێ له زاخۆ سێ هاووڵاتی دانیشتووی گونده‌كه له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه كوژراون.
***
بۆتان ته‌حسین قایمقامی زاخۆ پێی وایه، په‌كه‌كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه هه‌یه و ڕێ ناده‌ن گوندنشینه‌كان بچنه‌وه گونده‌كانی خۆیان و ئاوه‌دانیان بكه‌نه‌وه. تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٨ به‌هۆی تۆپبارانه‌كانی توركیاوه كه به‌هۆی په‌كه‌كه‌وه كردوونی بۆ سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ٢٠ هاووڵاتیی ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان شه‌هید بوون. له سنووری پارێزگای هه‌ولێر ٢٤٠ گوند به ده‌ست پهكهكهوهن، له ده‌ڤه‌ری سیده‌كان ٦٧ گوند له‌ژێر كۆنتڕۆڵی په‌كه‌كه‌دان، له شارۆكه‌ی چۆمان ١٣ گوند و له سنووری مێرگه‌سۆریش ١٦٠ گوند به ده‌ست پهكهكهوهن.
***
كرمانج عیزه‌ت قایمقامی سۆران لەمبارەوە وتی: په‌كه‌كه بووه‌ته كێشه‌یه‌كی گه‌وره بۆ هاووڵاتییان، جگه له‌و گوندانه‌ی له‌ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدان ڕێگری ده‌كات له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتر له ١٠٠ گوندی تر. سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر گیانی هاووڵاتییان و خاكی هه‌رێمی كوردستان، به ملیۆنان دۆلار زیان به دانیشتووانی گونده‌كان و حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌وتووه، چونكه ئه‌و ناوچانه ته‌واو گه‌شتیارین و ده‌كرا سوودی زۆریان لێ وه‌ربگیرایه. په‌كه‌كه له گونده‌كانی سنووری پشده‌ر و بیتوێن زیاتر له ٧٠ گوند و له سنووری پارێزگای سلێمانیش زیاتر له ٥٠ گوندی كۆنتڕۆڵ كردووه.
***
كامه‌ران حه‌سه‌ن قایمقامی ماوه‌ت لەمبارەوە وتی: په‌كه‌كه له سنووره‌كه بوونیان هه‌یه و ئه‌و پرسه‌ش له ده‌سه‌ڵاتی ئێمه گه‌وره‌تره، چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه سیاسییه و ده‌بێت له ئاستی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كاندا بكرێت. له سنووره‌كانی شارباژێڕ دانیشتووانی گونده‌كان به ته‌واوه‌تی بێزار بوون له بوونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه، مانگی پێشوو فڕۆكه‌كانی توركیا تۆپبارانی ئه‌و ناوچانه‌یان كرد و تۆپێك له دووریی ٥٠٠ مه‌تر له گوندی گه‌ڵاڵه كه‌وتووه‌ته خواره‌وه، ئه‌وه سه‌ره‌ڕای سه‌رانه وه‌رگرتن و هه‌ڕه‌شه‌كردن له خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه به‌وه‌ی كه نابێ هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وان بدركێنن.
***
تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٨ فڕۆكه جه‌نگییه‌كان ٤٠٠ جار ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمیان بۆردمان كردووه، تۆپخانهكانیشیان زیاتر له ٤٠٠ جار ئه‌و سنوورانه‌یان تۆپباران كردووه.
***
له دوای ئازادكردنی شنگالیشه‌وه له‌ژێر ده‌ستی داعش، په‌كه‌كه خۆی گه‌یاندووه‌ته ئه‌و ناوچانه و بووه‌ته مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر شنگال و دانیشتووانه‌كه‌ی، چونكه توركیا چه‌ندان جار هۆشداریی هێرشی داوه بۆ شنگال بۆ دوورخستنه‌وه‌ی په‌كه‌كه له‌و ناوچه‌یه. مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شنگال دەڵێت: په‌كه‌كه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ئێسته و ئایندهی شنگال و دانیشتووانه‌كه‌ی، ئێسته به‌هۆی په‌كه‌كه‌وه جگه له هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا، حكوومه‌تی عێراقیش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شنگال ناكات و هاوكات شاره‌كه‌ش به ته‌واوی بووه به سه‌ربازگه.
***
له نوێترین جووڵه‌دا له ترسی بۆردمانی توركیا، گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه باره‌گاكانی خۆیان جێ‌دێڵن و ده‌چنه ناوچه ئاوه‌دانه‌كان و ناو خێزانه گوندنشینه‌كان، ئه‌وه‌ش به ته‌واوی ترسی خستووه‌ته سه‌ر ژیانی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك و زه‌وی و خانوو و داهاتوویان