مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی لایەنەکەیدا دەچووە شاری هەولێر، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێگری لێکراوە گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی.

مەکتەبی سیاسی یەکێتیش پاش ناردنی نامەیەک بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی کە تیایدا داواکراوە ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو ڕووداوە بدات، کۆبوونەوەکەی خۆی نەکرد و شوێنی کۆبوونەوەکەشی گواستۆتەوە بۆ شاری سلێمانی.

لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت کەمترین مافی خەڵک لە وڵاتی خۆیدا بریتیە لە ئازادی هاتوچۆکردن و دەشڵێت ئەوەی بەرامبەر مەحمود سەنگاوی ڕوویدا بریتیە لە ڕێگەگرتن لە ئازادی کەسێک کە پۆستێکی سیاسی هەیە. هەموو جێبەجێکردنی یاسایەک و هەروەها یاسا شکێنی ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە تا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات و بگاتە ئەنجام و پێویستە حکومەتی هەرێم ڕێگری بکات لە دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە.

هەر ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە کە بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەو جۆرە ڕووداوانە دەکات.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت زانیاری نییە لەسەر وردەکاریی لێکۆڵینەوەکان و تا لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبن و تا بەدواداچونێکی تەواو بۆ ئەو ڕووداوە نەکرێت، وەک دەڵێت هێشتا شتەکان لەبەردەم حکومەتدا ڕوون نین و چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەکان دەکات.

مەحمود سەنگاوی، پێشتر ڕەخنەیەکی زۆری لە پارتی و سەرۆکی پارتیش گرتووە، ئێستاش کەم نین ئەوانەی دەڵێن بەهۆی ئەو ڕەخنانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی کردووە لەوەی بچێتە هەولێرەوە و دەشڵێن کارێکی لەوجۆرە نەدەکرا، ئەگەر گەورە بەرپرسێکی پارتی بڕیاری نەدابێت.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی