جیابوونەوەی سەركردە و ئەندامانی ئەكەپە، رۆژ بە رۆژ لەزیادبووندایە، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوو سەركردەی پێشووی ئەكەپە، (ئەحمەد داودئۆغلو و عەلی باباجان) دەستیان لە كار كێشایەوە و بەنیازن بەجیا پارتێكی تازە دابمەزرێنن. بەگوێرەی گوتەی بەرپرسێكی ئەكەپەش بێت، دەیان ئەندام و سەركردەی تری ئەكەپە خۆیان ئامادە كردووە، لە ئەكەپە جیا ببنەوە.

***

ماڵپەڕی (رۆیتەرز) گفتوگۆی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی ئەكەپەدا كردووە، بەڵام نەیانویستووە ناویان ئاشكرا بكرێت، ئەوان باس لە جیابوونەوەیەكی زۆر گەورە لەناو ئەكەپەدا دەكەن، كە رەنگە لە چەند مانگی دابێت، ئەو جیابوونەوەیە بچێتە واری جێبەجێكردنەوە. یەكێك لەو بەرپرسانە دەڵێت: پێشتر لەناو ئەكەپەدا راوێژ هەبووە و ئەردۆغان راوێژی بە بەرپرسەكان دەكرد، بەڵام ئێستا ئەو راوێژییە نەماوە و هەموو شتێك كەوتووەتە دەستی رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەداخەوە هەندێك لە دەوری كۆبوونەتەوە و ئەو هەرچی بڵێت دەڵێن: بەڵێ گەورەم. زۆر لەو بەرپرس و ئەندامانەی لە ئەكەپە جیا دەبنەوە، دەچنە ناو پارتە تازەكەی داودئۆغلو و باباجان، كە بڕیارە بەر لە كۆتایی ساڵ پارتەكەیان رابگەیەنن.

***

چەندین جار ئەردۆغان گوتوویەتی، رێژەی ئەندام لەناو ئەكەپەدا 10 ملیۆن و 750 هەزار كەس دەبێت، بەڵام بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی، لەمساڵدا رێژەی ئەندامبوون لە ئەكەپە كەمی كردووە، بە جۆرێك ئێستا ئەندامانی ئەو پارتە 9 ملیۆن و 870 هەزار ئەندامە. ئەمەش دەری دەخات، كە جیابوونەوەی داودئۆغلو و باباجان كاریگەریی زۆر لەسەر پێگەی جەماوەری ئەكەپە دروست كردووە، بەتایبەت ئەو دوو كەسایەتییە موحافیزكارن و دەتوانن لایەنگرانی ئەكەپە بۆ خۆیان رابكێشن. ئەردۆغان هەستی بەوە كردووە، كە رێژەی دەنگەكانی كەمی كردووە، بۆیە بەنیازە بڕگەیەكی دەستووری توركیا بگۆڕێت، كە گۆڕانەكە لە بەرژەوەندیی خۆی كۆتایی پێ دێت. بەگوێرەی دەستووری توركیا، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیادا، ئەوەی دەبێتە كاندید پێویستە رێژەی دەنگەكانی لە گەڕی یەكەم 50+1 بێت، بەڵام ئەردۆغان دەیەوێت ئەو بڕگەیە دەستكاری بكات.

***

 ئاشكرایە ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2023، ئەحمەد داودئۆغلو و باباجان كاندیدیان هەبێت بۆ سەرۆكایەتی، ئەگەر كاندیدی هەردووكیان 5٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، ئەردۆغان ئەو چانسەی نابێت لە گەڕی یەكەم 50+1 بەدەست بهێنێت، بۆیە هەڵبژاردن دەكەوێتە گەڕی دووەم و ئەردۆغانیش ئەوەی ناوێت. بەگوێرەی ئەو وتارەی ئەردۆغان لە كاتی كردنەوەی وەرزی تازەی پەرلەمان لەناو پەرلەماندا خوێندییەوە، دەیەوێت سەركۆمار بە رێژەی 40+1 ببێتە سەرۆك، دیارە ئەمەش لە بەرژەوەندیی خۆیەتی و دەزانێت دەنگەكانی ناگاتە 50+1. بەڵام گۆڕینی ئەو یاسایە ئەوەندە ئاسان نییە، چونكە ئەگەر بیانەوێت لە پەرلەمان تێیپەڕێنن، پێویستە لە كۆی 600 ئەندام پەرلەمان 400 ئەندام پەرلەمان بە (بەڵێ) دەنگ بدەن، ئەكەپە و مەهەپەش كە هاوپەیمانن، بە هەردووكیانەوە 340 كورسییان هەیە. بەڵام ئەوان دەتوانن لە پەرلەمان بە 50+1 یاساكە تێپەڕێنن و پاشان لە ریفراندۆمێكدا رای هاووڵاتییانی توركیای لەسەر وەربگرن. بۆیە ئەردۆغان بۆ هێنانەدی ئەو خەونەی، پێویستی بە دەنگی هەدەپە و پارتی باش هەیە، ئەگەر پارتی باشیش بە (بەڵێ) دەنگ بدات، هەدەپە دەنگی بۆ نەدات، هیچ چارەیەكی نییە دەبێت بیخاتە ریفراندۆمەوە، كە ئەمەش زەحمەتییەكی زۆری دەوێت.


***

ئەگەر بێت و جیابوونەوە لەناو ئەكەپەدا بەردەوام بێت، بەتایبەت لە سەركردەكانی ئەو پارتە، كە بەگوێرەی (رۆیتەرز) بەشێكی زۆری سەركردەكان چاوەڕێن داودئۆغلو و باباجان پارتەكەیان رابگەیەنن و دەستبەجێ دەست لە ئەكەپە دەكێشنەوە، ئەمەش سەرەتایەكی ترسناكە بۆ ئەكەپە و دەرگا بۆ لاوازبوونی پێگەی ئەو پارتە لە داهاتوودا دەكاتەوە.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی