ئاسۆ کەمال

ئۆجەلان، نووسەری کتێبی “ژنۆلۆژی” ،دەیەوێ پێشانی بدات کە ئەو باسی ژنی تا ئاستی زانستێک بردوە کە پێشتر کەس بەلایدا نەچوە.با لەم ٢٠٠ لاپەرە نوسینەدا بزانین ئەم “زانستە تازەیەی ژنناسی”چ شتێکی دۆزیوەتەوە؟ لێرەدا چەند نمونەیەک لەو داهێنانە زانستیانەی ئۆجەلان لەسەر “دیاردەی ژن” دەهێنینەوە، تا بزانین ئایا ئەم کتێبە هیچ بەهایەکی زانستی هەیە؟

***

لەبواری ئیکۆلۆژی‌دا تێزی ژن” ناسنامەکەی ژینگە پارێزە” !! ش دیسانەوە سەرسوڕهێنەرە. ئۆجەلان دەڵێ؛”لەبەرئەوەی ئافراندنەکانی ژن لە پێناو پێداویستیە ئابورییە سەرەکیەکانە هەربۆیە نەدووچاری تەنگەژە دێت؛ نەدەوروبەر پیس دەکا و نەهەڕەشە لەکەش و هەوا دەکات”!!.

بەڕاستی ئەم تێزە زیاد لە حەد پێکەنیناویە و ئنیسان نازانێ ئەو ئابوریە سەرەکیانە چین کە ئێستا ژنان بەرهەمی دەهێنن ژینگە پیس ناکەن؟ ئەگەر ئابوری سەرەکی کۆمەڵگەی ئێستا ،کە پیشەسازیە، بەدەست ژنان بێت چۆن ئەم ڕەگەزە ژینگە دەپارێزێ؟

***

بەپێی ئەم تێزە پاراستنی ژینگە پەیوەندی بە سیستەمی سەرمایەداری و چاوچنۆکی و قازانج پەرستی سەرمایەدارانەوە نیە، بەڵکو هۆی پیس بون و وێران بونی ژینگە بەهۆی ناسنامەی دژی ژینگەیی ڕەگەزی پیاوانەوەیە! کەواتە چارەسەری کەم کردنەوەی ڕێژەی CO2 لەهەوادا بۆئەوەی ژینگە پاک بێتەوە دەبێ بریتی بێت لە دەرکردنی پیاوان لە ئابوری سەرەکی و جێگرتنەوەی پۆستەکانیانە بەژنان؟! بەڵام لە دنیای ئەمڕۆدا ئەو کەسانەی لە پلەوپۆستی دەوڵەت و کۆمپانیاکاندان بەشێکیان ژنن و وەک نوێنەری کۆمپانیا پیشەسازیەکان و چینی سەرمایەدار ململانێ دەکەن لەسەر پاراستنی هەموو بەرژەوەندیە ئابوریانەی لە کەمنەکردنەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی ئەو مادانەی دەبنە هۆی پیس بونی ژینگەدا هەیە و سورن لەسەر پابەند نەبون بە ڕێکەوتنامەی نێودەوڵەتی پاراستنی ژینگە.

***

ئەگەر ئابوری سەرەکی ژنان پیشەسازی نەبێت و کشتوکاڵ بێت ئەوا بێگومان دەبێ کۆمەڵگە واز لە پیشەسازی بێنێت، هەروەک ئۆجەلان داوای دەکا “کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی ناوین پێویستی بە دوەمین شۆڕشی گوند- کشتوکاڵ هەیە”* . بەڵام ئەمە داوایەکی یۆتۆپیایی و وێرانکردنی پێشکەوتنی شارستانیەتی ئەمڕۆیە و ئیمکانی نیە کە کۆمەڵگە واز لە پیشەسازی بێنێت و بگەڕیتەوە بۆ کشتوکاڵ. بەڵام ئەگەر ئەم یۆتۆپیایە و شۆڕشە کشتوکاڵیەش سەرکەوێ لە ئایندەیەکی نادیاردا، ئەمە وەڵامی ژینگە لە ئێستادا ناداتەوە کە چی بکەین بۆ پاراستنی؟

ئەگەر ڕێگەی گۆڕینی پۆستەکانی پیاوان و جێگرتنەوەیان بەژنان لە ئابوری ئێستا و دانیشتن بە دیار شۆڕشی گوند- کشتوکاڵ، ڕێگاچارەی عەمەلی و فەوری نەبێ بۆ پاراستنی ژینگە ئەوا ڕێگای سێهەم باشترینە.

***

ڕیگای سێهەم بریتیە لەوەی کە؛ ئەگەر ژنان توخمی ژینگە پارێز بن و پیاویش توخمی پیسکردنی ژینگە، ئەوا چارنیە جگە لەوەی ژنان لە پیاوان جیابکەینەوە تا ژینگەیەکی پاکمان دەست کەوێ. بەڵام بێگومان ئەم ژینگە پاکەی ژنان کۆمەڵگە نیە، چونکە لە کۆمەڵگەدا پیاوانی ئالودەی پیسکردنی ژینگەی لێیە، بەڵکو ئەو دێر و پەرستگا پاکانەیە کە دوور لە کۆمەڵگەی پیاوان ژنان دەتوانن ببنە ڕاهیب تیایدا و پێویستیان بە پیاوی خاوەن ناسنامەی ژینگە پیسکەر نابێت و بەمەش ژینگە دەپارێزرێت! ئەمەش لۆژیک و تێزێکی زانستی ژنۆلۆژیە بۆ پاراستنی ژینگە! لەم جۆرە بیرکردنەوە پێکەنیناویەی ناسنامەی ڕەگەزی ژینگە پارێزی تەنیا نمایشێکی کۆمیدیانە شایستەی ئەنجامگیریەکەیەتی.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی