ئاسۆ کەمال

ئۆجەلان، نووسەری کتێبی “ژنۆلۆژی” ،دەیەوێ پێشانی بدات کە ئەو باسی ژنی تا ئاستی زانستێک بردوە کە پێشتر کەس بەلایدا نەچوە.با لەم ٢٠٠ لاپەرە نوسینەدا بزانین ئەم “زانستە تازەیەی ژنناسی”چ شتێکی دۆزیوەتەوە؟ لێرەدا چەند نمونەیەک لەو داهێنانە زانستیانەی ئۆجەلان لەسەر “دیاردەی ژن” دەهێنینەوە، تا بزانین ئایا ئەم کتێبە هیچ بەهایەکی زانستی هەیە؟

***

سەبارەت بە زانستی ناسینی مرۆڤ و بایۆلۆجیا ئۆجەلان دەڵێ:”کروموسومی ژن لەهی پیاو زیاترە” * ، زانست دەڵێ ” کروموسومی ژن و پیاو یەکسانە و هەرکامەیان ٤٦ کرۆمۆسۆمیان هەیە.ژن و پیاو ٢٣ جوت کرۆمۆسۆمیان هەیە،کە ٢٢ جوتیان وەک یەک وایە وپێی دەوترێ ئاوتۆسۆم و ٢٣یەمین جوتیان جیاوازە لەیەکتر کە سێکس کرۆمۆسۆمە.ژن دوو ئێکس X کرۆمۆسۆمی هەیە و پیاو کرۆمۆسۆمێکی ئێکسX و کرۆمۆسۆمێکی وای Yهەیە”

 ***

لەبواری زانستی سێکس و عەشق و پەیوەندی ژن و پیاو و خێزاندا ،”تێزە زانستیەکان” لای ئۆجەلان بوارێکی زۆری لێکدانەوەکانی داگیردەکا و لەراستیشدا کرۆکی “ژنولۆژی”یە. لێرەدا نوسەر دەڵێ:” ڕەگەزی نێرینەی جۆری مرۆڤ ڕۆڵی سەرەکی بە سێکس داوە، تەقینەوەی ئارەزووی سێکسی و پەرەسەندنە شیوێندراوەکەی بەخۆیەوە دیوە. ماوەکانی جوتبون کە لە ئاژەڵاندا زۆر سنوردارە (زیاتر ساڵانەیە)، لای مرۆڤی نێر کەمێک ماوە ئەم ماوەیە ببێتە (ڕۆژانە) بیست و چوار کاتژمێر.” * ، ” جوتبونی سێکسی بریتیە لە ساتێکی جۆرێک لە مردن”* .”من خۆم لە ژێر ئەم ستاتۆیەی لە ئارادایە ژیان لەگەڵ ژن، شانبەشانی ئەوەی زۆر بە کێشە دەبێت، لەهەمانکاتدا زۆر قێزەون، خراپ و هەڵەی دەبینم”، ” پیاو زۆر لە خۆشەویستی دورە، دڵڕەقە و بێڕەوشتە، لەهێزی عەشق بێبەشە.”* ، “لە ئەرکە شۆڕشگێڕییەکاندا هیچ بەدوای بەدەستهێنانی سەرکەوتن ناڕۆیت، دواتر دەڵێی ئارەزوم لە پەیوەندی بەستنە!ئاشکرایە کە ئەمە هەڵوێستێکی بێ شەرمانەیە.”* ، “بەبێ خیانەتکردن لە ئەرکە شۆڕشگێڕییەکان، ئاستەمە بتوانی لەگەڵ ژنێکی سیستەمدا بژیت”* ، ژن و پیاوی گەریلا و شەڕڤان “پێویستە ئەمە وەکو ڕاوەستەیەکی ئەخلاقی پەسند بکات کە بەبێ ڕزگاری و ئازادی ناتوانن تەماشای یەکتریش بکەن.پێویستە ئارەزووی سێکسی بکاتە دیلی بلیمەتی سەردەم”.* “شوێنگەی پراکتیکی ڕاهیبە ژنەکان.. گوزارەی ڕزگاربونە لە عەیبداری و چەمکی سێکسی”* . ئەمە جەوھەری زانستی ژنۆلۆژییە، بەپیرۆزکردنی قەدەغەکردنی سێکس.

***
لێرەدا دەبینین کە زانستی سێکس و عەشق و پەیوەندی ژن و پیاو لە “ژنۆلۆژی” دا لە قاڵبی سەربازگەیەکدا ڕێکخراوە کە ژنەکانی خەسێنراون کە “ناتوانن تەماشای یەکتریش بکەن” و ئەگەر ژنێک وتی” ئارەزوم لە پەیوەندی بەستنە ” ئەوا لەسەر ئەم “خیانەتکردنە”ڕوبەڕوی سزا دەبێتەوە. ئەم داماڵینەی ژن لە سێکس و خۆشەویستی و پەیوەندی لەگەڵ پیاو لەهیچ سەردەمێکدا وێنەی نەبوە، مەگەر نمونەی ئەو پیاوە کۆیلانەی لە حەرەمی پاشا و ئیمپراتۆر و سوڵتان و خەلیفەکاندا دەخەسێنران (Mutilation) ، یاخود ژنە ڕاھیبەکان لەناو دێری مەسیحیەتداکە سێکسیان لێ حەرام دەکرا. ئەم “زانستی ژنناسی”یە داوای داماڵینی ژنانە لە سەرەتاییترین ماف و دابڕانیانە لە کۆمەڵگە، وە بینینی سێکس و عەشقی سێکسیە وەک “عەیبداری”و پاکیزەیی ژن “ڕزگاربونە لە عەیبداری و چەمکی سێکسی” و “پیرۆزی مەزن”ژیانکردنە لە دێر و پەرستگای دوور لە کۆمەڵگەدا .

لەکاتێکدا سەرەڕای فشاری ئابوری و کلتوری ، هەمیشەسێکس و جوت بونی ژن و پیاو و عەشق سەرەتایی ترین شێوازەکانی ژیانی پێکەوە بوون بوە. ئەم پەیوەندیەی نێوان ژن و پیاو و دروستکردنی خێزان چەندین شۆڕش و شێوازی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینیوە، لە زەواجی بە کۆمەڵی ژن و مێردەکان لە هۆزەکاندا لە چەرخی دڕندەیی و خێزانی جوتە ژن و مێردی لە بەربەریەتدا تا گەیشتۆتە ئاستی خێزانی تاکە ژن و مێردایەتی لە چەرخی شارستانیدا و وەلە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا پەیوەندی خۆشەویستی سێکسی کە بنەمای پێکەوە بونی ئازادانەی ژن و پیاوە.

***

ڕێنیسانس و زانستی کۆمەڵایەتی و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و بیروباوەڕی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی و لیبرالیزم، هەموو ئەمانە چەمکی سێکس و خۆشەوسیتی و پێکەوە بونی ژن و پیاوی لە دەست ئەم تێروانینە دینی یەی”ڕزگاربون لە عەیبداری و چەمکی سێکسی” ڕزگارکرد ،بەڵام ئۆجەلان کە خۆی و بزوتنەوە ناسیونالیستیەکەی بەڕەخنەگرێکی پێشکەوتوتر لەم بزوتنەوانە دەزانێ دوبارە خۆی ئاڵاکەی ئەم کۆنەپارێزە دینیەی بەرامبەر ئازادی ژنان هەڵگرتوە و مۆدێلی بەرزی بۆ ژنی کورد ئەوەیە ببێتە “ڕاهیب”تاکو “لەگەڵ چەمکەکانی ژنەخوداوەند، فریشتە وپەری بگونجێ”* .

***

ئەگینا لە ئێستادا زانستێک نیە کە لەژێر هیچ بیانویەکدا سێکس و عەشقی ئازادی نێوان ژن و پیاو ڕەت بکاتەوە. مەگەر یاسا دینی و کۆنەپارێزەکان نەبێ کە پارێزەری بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی چینی سەرمایەدار و دەوڵەتە دیکتاتۆریەکانیان لە هێشتنەوەی ئەم یاسایانەدا دەبیننەوە.

ئەوە ڕاستە کە، سێکس و عەشق و پیکەوەبونی ژن و پیاو، وەک بەشێک لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی نێو کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەژێر کاریگەری پەیوەندی و شێوازی بەرهەمهێنان و گۆڕینەوە و دابەشکردندا و دابەشبونی چینایەتیدایە، بەڵام هەر هەنگاوێک لەگەشەی ئابوری و بەرەو پێشەوە چونی شارستانی کاریگەری ئەرێنی بەسەر پەیوەندی ژن و پیاودا بوە و بەگوێرەی لاچونی کاریگەری ئەو سونەت و نەریت و یاساو فشارە ئابوریانەی لەسەر ئەم پەیوەندیانەیە و بەم پێیە ئەم پەیوەندیانە ئازادانەتر بون.

***

لە نێو چینی کرێکاردا کە موڵکایەتی تایبەتی دەورێکی سەرەکی نیە لە بنەمای خێزاندا، چونکە خۆیان خاوەنی هیچ موڵکایەتیەکی تایبەت نین، بەم پێیە لاچونی کاریگەری ئەو سونەت و نەریت و یاسایانەی کە سێکس و خۆشەویستی دەبەستێتەوە بە موڵکایەتیەوە ئاسانترە و گەشەی وشیاری چینایەتی و شۆڕشگێرانەش لە نێو ئەم چینەدا پەیوەندی ژن و پیاو ئازادانەتر دەکا و خۆشەوسیتی سێکسی جێگای عەقد و گرێبەستە مادیەکان دەگرێتەوە، کە لە نێو سەرمایەداراندا خێزان لەسەر بنەمای ئەم بەرژەوەندیە مادیانە و گواستنەوەی میراتی سەرمایە بەڕێوەدەچێ.

***

هەربۆیە هەر بزوتنەوەیەک بەو ڕادەیەی ئازادی ژن لە پەیوەندی لەگەڵ پیاودا لە مەرجە مادی و دینیەکان ڕزگاردەکا و بنەمای خۆشەویستی سێکسی بەمافێکی بێ مەرجی پێکەوە بونی مرۆڤەکان و نێوان ژن و پیاو دەزانێ ئەوە پێوەری شۆڕشگێڕبونێتی بەرامبەر بەو سیستەمەی ژن بەپێی گرێبەستی مادی و دینی کۆیلە و ژێردەستەی پیاو دەکا. پێشێلکردنی مافی خۆشەویستی سێکسی لەلایەن ئۆجەلان و بزوتنەوە ناسیونالیستیەکەیەوە نیشانی کۆنەپارێزی ئەوان و پاراستنی هەمان سیستەمی کۆنترۆڵی سێکس و عەشق و ئازادی ژنانە، جا با لەژێر پەردەی “لەگەڵ چەمکەکانی ژنەخوداوەند، فریشتە وپەری بگونجێ” شاردرابێتەوە. هەربۆیە ئۆجەلان وەک گیڤارا ئاسان پێی قبوڵ ناکرێ کە ” کاتێک ژنان بەشداری ڕیزەکانیان دەکەن تێرکردنی سێکسی ڕەت نەکردۆتەوە،وەک پێویستیەکی ناچاری پەسەندی کردوە.” لای ئاپۆ وەک خۆی دەڵێ ئەم ئازادیەی ژنان دەبێتە بەڵا و هۆکاری شکستی بزوتنەوەکەی.

هەربۆیە ئەم هەموو زانستە کۆمەڵایەتیەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە ئەنجامی گەشە و گۆڕانی بەردەوامی ڕۆشنبیری و مادیەوە بەدەستهاتوە، لە “ژنۆلۆژی” ی ئۆجەلاندا کراوە بەزانستی جیاکردنەوەی ژنان لە پیاوان و بەستنەوەی ژنان لە پەرستگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا وەک نمونەی بەرزی ڕاهیبە کریستیانەکان تا لە “عەیبداری و چەمکی سێکسی”ڕزگاریان بکا!. ئەمە بەڕاستی سەیرترین “زانست”ی سەردەمە !

***

ڕاستەکە جگە لە ئۆجەلان کەسیتر بوێری ئەوەی نییە ناوی “زانستی ژنناسی” لەم خەساندنەی ژنان بنێ. نوسەر لێرەدا لەو زانایانەی فلیمی هۆلیود دەچێ کە، لە تاقیگەکانیاندا هۆرمۆنی ئینسان یان ئاژەڵەکان دەستکاری دەکەن و دەیانگۆڕن تا سوپەر و نمونەی باڵا دروست بکەن ،بەڵام لە ئەنجامدا قوربانیەکانیان شێت و هار دەبن. بزانن ئۆجەلان لەسەر تاقیکردنەوەی ئەم “ژنۆلۆژی”یە و گۆڕینی یاسای سروشتی سێکس و عەشقی سێکسی ژن و پیاو لە تاقیگە سەربازیەکانی پەکەکەدا چی دەڵێ؛” هەندێکیان هەروەکو بڵێی شێت و هاربونە.هەندێکیان کاتێک وەک ژن و پیاو دێنە لای یەکتر تێر دەبن. هەندێکیان لە خەودا…، هەندێکیشیان هاوسەرێتی وەک بابەتێکی سیاسی دەسەپێنن. هەندێکیشیان لەبەرئەوەی ڕێگری لە ئارەزوەکانیان دا کرا، ناڕەزایبونێکی بابەتیان بەرامبەر تەواوی ئەرکە شۆڕشگێڕیەکانیان نیشاندا. بەکورتی چاوەڕوانیەکانی سیستەمی زاڵیان سەپاند.”* .

***

ئەمە دۆخی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی ئەو گەریلا و شەڕڤانانەیە لە تاقیگەی قەدەغەکردنی سێکس و خۆشەویستیدا، کەئۆجەلان خۆی دان بەم کارەدا دەنێ ودەڵێ ” ژنانم خستۆتە ڕەوشێکی سەختەوە” و ” بەتەنیام هێشتونەتەوە”. “ژنۆلۆژی” دەیەوێ ئەم دۆخە سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیە نائاساییە بە زانستێک ڕاست بکاتەوە کە ژن بکاتە خواوەند ، تا پێویستی بەهیچ سێکس و عەشق و پێکەوەبونێک و هیچ شتێکی مادی و جەستەیی نەبێ. ئەمەش لوتکەی خورافە ومیثۆلۆژیایە و تەواو پێچەوانەی زانستە بەڵام ئۆجەلان بە “زانستی ژنناسی” ناوی دەبا.

ئەمانە تەنیا چەند نمونەیەک بون بۆ خستنەڕووی ئەو ڕاستیە سادەیەی کە تێزەکانی ئۆجەلان هیچ پەیوەندیەکیان بەزانستی سەردەمەوە نیە، و بە پێچەوانەی ئەو دەستکەوت و سەلمێنراوە زانستیانەوەن کە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی بەدەستی هێناوە و بونەتە سەرچاوەیەکی بەرزبونەوەی ئاستی وشیاری ژنان بە مافەکانیان و جێگەیان ،وەک مرۆڤ، لە کۆمەڵگەدا. بۆ بەرپەرچدانەوەی تێزەکانی ئۆجەلان پیویستە بچینە سەر ناوەرۆکی بەشەکانی “ژنۆلۆژی” و ئارگومێنتی زانستی سەبارەت بە سەرچاوەکانی کێشەی ژن و خێزان و سەرمایەداری و دین بخەینە ڕوو، بەپیی ئەو ڕیزبەندیەی لە پێشەکیەکەدا ئاماژەی پێدراوە. 

***
ھەربۆیە ژنۆلۆژی ئۆجەلان سەرەڕای بانگەشەی خۆی کە بەزانستی دادەنێ، لە ڕاستیدا لە بۆچونێکی شەخسی نەترازاوە و هیچ میتۆد و هیچ سەلماندنێکی زانستی تێدانیە و کێشە و ڕوداوەکانیشی لە کۆمەڵگەدا نین بەڵکو لە سەربازگەکانی پەکەکەدا یە، کە بێگومان ناتوانرێ کومەڵگە بخرێتە قاڵبی سەربازگەیەکی گەورەوە تا ئەم تێزانەی بەسەردا بسەپێنرێ. لێرەوە دەبێت وەک بۆچونی شەخسی مامەڵەی لەگەڵ بکەین و بە بەراوردکردنی لەگەڵ زانستێک کە لەم بوارەدا هەیە بزانین چەندە یەکدەگرێتەوە، یاخود دوور لە زانستە و درێژەپێدانی بۆچونە نازانستی و خورافیەکانە.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی