دكتۆر فایه‌ق گوڵپى، سیاسه‌تمه‌دار و پێشمەرگەی دێرین و سه‌رۆكى پێشووى پارتى چاره‌سه‌رى دیموكراتى كوردستان (باڵی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کە ئیستا هەڵوەشاوەتەوە) باسی پڕۆژه‌ى ناناوەندی سلێمانی ده‌كات و پێى وایه‌ سیسته‌مى ناناوەندی بۆ هه‌موو شاره‌كانى كوردستان گرنگه‌ و كارێكى باشە، بەڵام نابێت بۆ گەڕانەوە سەر عێراق بێت. جەختیش دەکاتەوە کە ئەوانەی ئێستا حوکمی یەکێتی دەکەن، زەمینەی ئینشقاقیان لەنێو حزبەکە خۆش کردووە و خەباتگێڕانی دێرینیان پشتگوێ خستووە و دژایەتییان دەكەن.

گوڵپی دەڵێ: ناناوەندی قووڵكردنه‌وه‌ی سیستمی دیموكراسییه‌، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام لامه‌ركه‌زی ئیداری و ئابووری هه‌بێت، به‌ڵام ته‌نها له‌ سنووری سلێمانیدا نه‌بێت، به‌ڵكوو هه‌موو شار و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه. بەڵام ئێستا یه‌كێتی دێت بۆ كاتێك پێویستی به‌ سیسته‌می لامه‌ركه‌زییه‌، ئه‌وه‌ بابه‌تێكی دیكه‌یه‌. ده‌بێ یه‌كێتی لامه‌ركه‌زی بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌كان داوا بكات، له‌ په‌رله‌مان وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك پێشنیازی بكات، ئه‌و كاته‌ شتێكی باشه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر لێره‌وه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانییه‌وه‌ بڵێت ”داوای لامه‌ركه‌زی ده‌كه‌ین و ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌مه‌ قبووڵ نه‌كات ئێمه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عێراق دروست ده‌كه‌ین“، ئه‌وه‌ سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌یه‌! دواجار كێشه‌ی سه‌ره‌كیی ئێمه‌ی گه‌لی كورد كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌، ئه‌گه‌ر دوو پارێزگا له‌ هه‌رێمی كوردستان داببڕێت، ئه‌وه‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی باشووری كوردستانه‌، ئه‌گه‌ر سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕانیه‌ و گه‌رمیان بخرێنه‌وه‌ سه‌ر عێراق، ئه‌وا من له‌گه‌ڵ ئه‌و لامه‌ركه‌زیه‌دا نیم. یه‌كێتی خۆی به ‌ده‌سه‌ڵاتداری سلێمانی ده‌زانێت، بۆیه‌ داوای لامه‌ركه‌زیه‌تی بۆ ده‌كات، ده‌ڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ده‌ست پارتییه‌وە و پارتی زوڵم له‌ سلێمانی ده‌كات، له ‌ماوه‌ی رابردوودا په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی به‌راوردی بودجه‌ی شاره‌وانی زاخۆ و كه‌لاریان كرد، ده‌یانگوت بڕێكی زۆر بودجه‌ بۆ زاخۆ خه‌رج كراوه‌ و بڕێكی كه‌م بودجه‌ بۆ كه‌لار خه‌رج كراوه. بەڵام ‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ته‌نیا بۆ سلێمانی نه‌بێت، با بۆ هه‌ولێر و دهۆكیش بێت، با له‌بری ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی باسی لێوه‌بكرێت، پرۆژه‌كه‌ ببرێته‌ په‌رله‌مان و ببێت به‌ پرۆژه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌، یان با یه‌كێتی پرۆژه‌كه‌ هه‌ڵبگرێت بۆ كاتی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، بیكات به‌ پرۆژه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ی، ئه‌و كاته‌ بۆ هه‌موو شار و شارۆچكه‌كان ده‌بێت و ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پرۆژه‌كه‌ ئامانجی سیاسیی نییه‌ و بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكه‌.

گوڵپی لەدرێژەدا دەڵێت: له‌ ڕابردوودا یه‌كێتی حاكمی ئه‌م شاره‌ بوو، به‌ڵام به‌هۆی فره‌جه‌مسه‌ریی ناو یەکێتییەوە، نه‌یتوانی خزمه‌تێكی باشی بكات، چونكه‌ كاتێك سه‌رۆكی حكوومه‌ت لە ئیدارەی سلێمانی یان وه‌زیرێكی سنووره‌كه‌ بڕیارێكی ده‌رده‌كرد، چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی به‌رپرسی یه‌كێتی ڕێگرییان له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ ده‌كرد، ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌بوو، ئێستاش كه‌ ده‌ڵێن حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان خزمه‌تی سلێمانی و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕاپه‌ڕین ناكات، ده‌بێت حكوومه‌ت هه‌رێمی کوردستان حیساب بۆ ئه‌و ره‌خنانه‌ بكات، چاو به‌ كاره‌كانیدا بخشێنێتەوە، نابێت حکوومەت زه‌مینه‌ بۆ دروستبوونی جۆره‌ سیاسه‌تێك خۆش بكات كه‌ هه‌موومان به‌و سیاسه‌ته‌ نیگه‌رانین. له‌م سنووره‌دا هه‌ندێك كه‌س پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌، په‌رله‌مانتاری وا هه‌یه‌ داوای  دوو پایته‌ختی بۆ هه‌رێمی کوردستان ده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌بێت هۆی تێكدانی هه‌رێمی کوردستان.

ئەم پێشمەرگە دێرینەی یەکێتی دەڵێت: پڕۆژه‌ی لامه‌ركه‌زیه‌ت هی گۆڕان بوو، به‌ڵام ئێستا یه‌كێتی له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ قسه‌ ده‌كات، سه‌ركرده‌ تازه‌كانی یه‌كێتی ده‌ڵێن حزبه‌كه‌یان لاواز بووه‌، بۆیه‌ ده‌بێ پرۆژه‌ی خۆیان هه‌بێت، نابێت دوای پرۆژه‌ی مەرکەزیی پارتی بكه‌ون. له‌دوای ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌ركرده‌ تازانه‌ی یه‌كێتی كۆك نییه‌ و و ناكۆكییان هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا فراكسیۆنی یه‌كێتی خۆیان به‌ ته‌نها له‌ به‌غدا چوونه‌ته‌ لای كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی عێراقی له‌سه‌ر پرسی خانه‌قین و دۆخی ئه‌منیی كه‌ركووك و گه‌رمیان قسه‌یان كردووه‌، سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی دەیەوێت به‌ ئاستی پارتی و سه‌رده‌می په‌نجا به‌ په‌نجا بگاته‌وه‌. به‌ بڕوای من هۆكاری پاشه‌كشه‌ی سیاسیی یه‌كێتی بۆ ئه‌و جیابوونه‌وه‌ سیاسییانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا دووچاری بووه‌ و به‌رده‌وامه‌، كێشه‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ ناتوانێ ئیداره‌ی به‌رپرس و كادیر جه‌ماوه‌ری بدات،  له‌ كاتێكدا له‌ ساڵی ١٩٧٩ه‌وه‌ پارتی یه‌ك جیابوونه‌وه‌ی تێدا بووه‌، به‌ڵام یه‌كێتی سێ جار جیابوونه‌وه‌ی تێدا دروست بووه‌، ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ یه‌كێتی جیا نه‌بوایه‌ته‌وه‌ یه‌كێتی وا لاواز نه‌ده‌بوو. ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئێستا حوكمی یه‌كێتی ده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵێك شتیان به‌رامبه‌ر به‌ كادیره‌ كۆنه‌كانی خۆیان كردووه كه‌ زه‌مینه‌ خۆشكردنه‌ نه‌ك بۆ جیابوونه‌وه‌ی (ئینشیقاق) و بۆ كێشه‌ی گه‌وره‌، بۆ نموونه‌ بەڵێنیان به‌ به‌رهه‌م ساڵح دابوو بیكه‌ن بە سه‌رۆكی یه‌كێتی، به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو، یان ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر شێخ جه‌عفه‌ر كردیان، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ سامان گه‌رمیانی كرا، ئه‌وانه‌ هۆكاری لاوازبوونی یه‌كێتین.

ره‌فتاری ئه‌و به‌رپرسه‌ گه‌نجانه‌ به‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی نادیموكراسی و بێوه‌فایی ده‌زانم، ئه‌و جۆره‌ ره‌فتارانه‌ زه‌مینه‌ بۆ جیابوونه‌وه‌ی دیكه‌ ساز ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی سیسته‌مێكی حزبیی دیموكراسی پەیڕەو بكات، وه‌ك ستراتیژ و وه‌ك پرۆژه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر پرسی لامه‌ركه‌زیه‌ت ئیش بكات، له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌نگ به‌ده‌ست ده‌هێنێت، چونكه‌ خه‌ڵك پشتگیری بابه‌ته‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ سه‌ر حكوومه‌تی عێراق، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ و هێنده‌ی تر یه‌كێتی لاواز ده‌كات.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

√ کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
√ آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد


قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی